رۆژه‌ خوێناوییه‌كانی ناو عیراق

شفق نيوز

خۆیدا ده‌هێنێت، ته‌قینه‌وه‌كانی سێشه‌ممه‌ی خوێناوی دوای رۆژه‌ خوێناوییه‌كانی چوارشه‌ممه‌و یه‌ك شه‌ممه‌ دێت كه‌ له‌مانگی ئابی رابردووه‌وه‌ تائێستا ئه‌مانه‌ی سێشه‌ممه‌ توندوتیژترین په‌لاماری تیرۆریستین رووبه‌ڕووی پایته‌ختی عیراق ده‌بێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ رۆژو مانگه‌كانی تریش خاڵی نه‌بوون له‌توندوتیژی و كاری مرۆڤكوژی، به‌لام به‌ به‌راورد به‌و رێژه‌ داكشانه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی پێشووی نائارامییه‌كان، ره‌شه‌كوژییه‌كانی ئه‌و رۆژانه‌ رووداوه‌ خوێناوییه‌كانی دوای رووخاندنی رژێم ده‌هێنێته‌وه‌ یاد.

ئاڵۆزییه‌كانی حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان

بارودۆخی ناسه‌قامگیری ئه‌منی له‌عیراقدا له‌ئاستێكدا نه‌گیرساوه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام هه‌ڵكشان و داكشان به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، ئه‌مه‌ش گوزارشتێكی ئاشكرایه‌ له‌و ته‌نگه‌ژه‌و كێشه‌ ئاڵۆزانه‌ی حكومه‌ت و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كه‌ تائێستاش ناتوانێت ئاسایشی پایته‌خت و ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌ت و شوێنه‌ هه‌ستیاره‌كانی خۆیشی بپارێزێت، په‌لاماره‌كانی چوارشه‌ممه‌ی خوێناوی له‌مانگی ئابدا به‌دوو بارهه‌ڵگری مینڕێژكراو ئه‌نجامدراو كرانه‌ سه‌ر هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌و دارایی و زیاتر له‌100 قوربانیی لێكه‌وته‌وه‌، په‌لاماره‌كانی رۆژی سێشه‌ممه‌ش به‌هه‌مانشێوه‌ بۆ سه‌ر ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ ره‌سمییه‌كانی حكومه‌ت بوو كه‌ له‌ژێر چاودێری ئه‌منی نه‌خشه‌ بۆ كێشراودان و زیاتر له‌هه‌موو جێگاكانیتر پاسه‌وان و هێزه‌كانی سوپا ده‌یانپارێزن، بۆیه‌ جێگای خۆیه‌تی ئه‌و پرسیاره‌ بۆ چاودێرانی بارودۆخه‌كه‌و ته‌نانه‌ت شه‌قامی عیراقیش دروستببێت كه‌چۆن ئه‌و گروپانه‌ دزه‌ ده‌كه‌نه‌ ناو ئه‌و ناوچه‌ پارێزراوانه‌و هێرشه‌كانیان ئه‌نجامده‌ده‌ن؟

ئه‌م رووداوانه‌ له‌وه‌ش مه‌ترسیدارترن كه‌ته‌نها دزه‌كردنێكی كاتی و له‌ناكاوبێت و بریتی بێت له‌قۆستنه‌وه‌ی فرسه‌ت له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌ نه‌یاره‌كانی پرۆسه‌ی سیاسییه‌وه‌، به‌ڵكو جۆری په‌لاماره‌كان و وردی نه‌خشه‌وپلانی هێرشبه‌ران و ئاسانی گه‌یشتن به‌و شوێنانه‌ی كه‌به‌پۆلیس و پاسه‌وانی تایبه‌تی گه‌مارۆدراون داڕووخانێكی تری ئه‌منی لێده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌دووچاری سوپاو پۆلیس و هێزه‌كانی ئاسایشی عیراق هاتبێته‌وه‌.

یارمه‌تیدانی تیرۆریستان له‌ناوخۆ

ئه‌وه‌ی زیاتر جێگای سه‌رنجه‌ شێوازی وه‌ك یه‌كی هێرشه‌كانه‌ كه‌بۆ سه‌ر داموده‌زگاكا فه‌رمی و سیادییه‌كانی حكومه‌ته‌و ده‌بوو له‌یه‌كه‌م په‌لاماردا كه‌موكورتی و ناته‌واوییه‌كان له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و گروپانه‌دا چاره‌سه‌ر بكرانایه‌و له‌و ماوه‌ زه‌مه‌نییه‌ جیاوازانه‌دا به‌هه‌مان چه‌ك و نه‌خشه‌ی پێشووه‌وه‌ ئه‌و شوێنانه‌ نه‌كرایه‌ته‌وه‌ به‌ئامانج، بۆیه‌ له‌م رووه‌وه‌ حكومه‌ت به‌رپرسیاریه‌تی یه‌كه‌می چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌لاماره‌ خوێناویانه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.

هێرشه‌كانی سێشه‌ممه‌ی خوێناوی دوای رێككه‌وتنی ته‌وافوقیی نێوان قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی ناو په‌رله‌مانی عیراقی دێت له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی سیاسی له‌ولاتدا خوڵقاندبوو، پێناچێت ئه‌و په‌لامارانه‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌و رووداوه‌ سیاسییانه‌بێت وه‌ك هه‌ندێك ناوه‌ندو لایه‌نی فه‌رمیی عیراقی باسی ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌م رووداوانه‌ له‌ڕابردوودا هاوشێوه‌یان هه‌بووه‌و به‌رنامه‌ی هێرشه‌كانیش پێش پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی ئه‌م رۆژانه‌ نه‌خشه‌یان بۆ كێشراوه‌.

رووداوه‌كانی چوارشه‌ممه‌و یه‌كشه‌ممه‌و ئه‌م سێشه‌ممه‌یه‌ی رابردوو ده‌ری ده‌خات كه‌ ئه‌و گروپانه‌ به‌ئاسانی ناتوانن دزه‌ بكه‌نه‌ ناو ئه‌و شوێنه‌ گه‌مارۆدراوانه‌ ئه‌گه‌ر له‌ناو ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا یارمه‌تیده‌رو تابووری خۆیان نه‌بێت، كه‌ئه‌مه‌ بۆچوونی به‌شێكی زۆری چاودێران و هێزه‌ سیاسییه‌كانی عیراقه‌و حكومه‌ته‌كه‌ی نوری مالیكیش ئه‌وه‌ ره‌ت ناكاته‌وه‌، به‌لام هۆكاری دزه‌كردنی ئه‌و ره‌گه‌زه‌ گومانلێكراوانه‌ بۆ ناو ده‌مه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ ئه‌و ته‌وافوقه‌ سیاسییه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌ له‌پێكهێنانی ئه‌و ده‌زگا ره‌سمییانه‌دا، تا ئێستاش به‌سه‌دان كارمه‌ندو به‌رپرسی گومانلێكراوی ناو پۆلیس و سوپاو ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌كاره‌كانیان دوور خراونه‌ته‌وه‌، به‌لام قه‌واره‌و چۆنیه‌تی په‌لاماره‌كانی ئه‌م دواییه‌ ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ هێشتا پرۆسه‌كه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی له‌و ره‌گه‌زانه‌ پاك نه‌كردووه‌ته‌وه‌.