له‌دایكبوونی‌ ناسروشتی‌ حكومه‌ت

شفق نيوز

قۆناغی‌ مه‌ترسی‌ تێپه‌ڕاندووه‌ و حكومه‌تی‌ ئاینده‌ له‌ حكومه‌ته‌كانی‌ پێشوو توندوتۆڵتر و لێكگه‌یشتن له‌نێوان لایه‌نه‌كان و ئه‌ندامانی حكومه‌ت خۆشیاندا زۆرتر بێت و باشتربوونی‌ باری‌ ئه‌منیش هۆكار ده‌بێت بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چوونی‌ كاره‌كانی‌ حكومه‌ت و درێژه‌دان به‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی‌ له‌ ڕابردوودا به‌ ده‌ستهاتوون، به‌ڵام دوای‌ پێنج مانگ له‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن لایه‌نه‌ عیراقه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ ڕێككه‌وتنێك بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت و گفتوَگۆكان هیچ ده‌ره‌نجامێكیان لێ‌ نه‌كه‌وتۆته‌وه‌ و هه‌موو سیناریۆكان ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ ئاینده‌ی‌ عیراق له‌ دایكبوونێكی‌ ناسروشتی‌ ده‌بێت و ته‌نها ئامانج لێی‌ ڕازیكردنی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ندێ‌ داموده‌زگای‌ نوێ‌ ده‌كرێته‌وه‌ بۆ ڕازیكردنی‌ خواستی‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان و حكومه‌تێكیش له‌وه‌ها بارودۆخێكدا پێكبێت كارێكی‌ به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ كه‌ لاواز بێت و بارودۆخی‌ وڵاتیش له‌ سایه‌یدا نا سه‌قامگیر ده‌بێت و به‌شبوونی‌ كوتله‌ گه‌وره‌كان له‌ناو خۆشیاندا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر سه‌قامگیری‌ حكومه‌ت و له‌ ئه‌نجامی‌ ڕازینه‌بوونیان به‌و پۆستانه‌ی‌ پێیان ده‌درێت له‌وانه‌یه‌ هه‌ڵبووه‌شێنه‌وه‌ و ببنه‌ كه‌مینه‌. گه‌رچی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عیراق تائێستا چه‌قی‌ به‌ستووه‌، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مریكا داوا له‌ هه‌ندێ‌ له‌ وڵاتانی‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌وانه‌ توركیا و سعودیه‌ و ئوردون بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ نفوزی‌ خۆیان به‌كاربێنن بۆ نزیككردنه‌وه‌ی‌ دیدوبۆچوونی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی‌ جۆرێك له‌ حكومه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پێكهاته‌كانی‌ دابه‌ش ده‌بێت كه‌ ئه‌وه‌ش حكومه‌تێكی‌ بێ‌ ده‌سه‌ڵات ده‌بێت و توانای‌ گوزارشتكردن له‌ ویستی‌ خۆی‌ نابێت و كێشه‌كانی‌ وه‌ك یاسای‌ نه‌وت و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ چاره‌نووسی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی‌ كوردستان و مه‌سه‌له‌ی‌ فیدراڵی‌ به‌بێ‌ چاره‌سه‌ر ده‌مێننه‌وه‌ و یه‌ك له‌ دوو ڕكابه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ پۆستی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌و پۆسته‌ ده‌بن به‌رامبه‌ر به‌ پێدانی‌ ژماره‌یه‌ك پۆستی‌ سیادی‌ و ده‌زگا هه‌ستیار و هه‌ندێك ئیمتیازاتی‌ حیزبی‌ و ڕیّگه‌خۆشكردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ تر له‌ لایه‌نگرانی‌ ڕژیمی‌ پێشوو.

له‌و حاڵه‌ته‌شدا حكومه‌ت وه‌ك نیوه‌ به‌ نیوه‌ی‌ لێ‌ دێت و  توانای‌ وه‌رگرتنی‌ هه‌ڵوێستی‌ سیاسی‌ نابێت به‌رامبه‌ر كێشه‌كان و مانه‌وه‌ی‌ بارودۆخیش به‌و شێوه‌یه‌ و به‌بێ‌ دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌بێته‌هۆی‌ ناڕه‌زایی‌ زیاتری‌ جه‌ماوه‌ر له‌و بارودۆخه‌ی‌ دێته‌ كایه‌وه‌ و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان و یه‌كه‌ ئیداریه‌كان له‌ ژێر گوشاری‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی‌ ده‌نگی‌ پێداون ناچارده‌بن ده‌سه‌ڵاتی‌ زیاتر به‌ خۆیان بده‌ن و چاوه‌ڕێی‌ ڕۆتینی‌ ناوه‌ند نه‌كه‌ن. بێگومان بوونی‌ حكومه‌تێكی‌ ناوه‌ندی‌ لاوازیش ڕێگه‌خۆش ده‌كات بۆ بوونی‌ هه‌رێمی‌ به‌هێز و له‌ ناوه‌ند ڕێكوپێكتر له‌ ڕووی‌ ئیداری‌ و ئه‌منی‌ و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌هۆی‌ لێكدووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ پێكهاته‌كان له‌ یه‌كتری‌ و چوار ساڵی‌ تر له‌ پاشاگه‌ردانی‌ له‌ سایه‌ی‌ حكومه‌تێكدا كه‌ ناتوانێت نه‌ك پایته‌خته‌كه‌ی‌، به‌ڵكو ناوچه‌ی‌ سه‌وزیش بپارێزێت و كۆنترۆڵی‌ بكات.