دۆنكیشۆتی‌ به‌عسیزم

شفق نيوز

تاهه‌تا زه‌وییه‌ به‌یاره‌كانی‌ وڵات بكێڵن و تۆوی‌ به‌عسیزمی‌ تێدا بڕوێنن.

به‌عسییه‌كان تائێستاش به‌ عه‌قڵیه‌تی‌ دۆنكیشۆت بیرده‌كه‌نه‌وه‌ پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌وان حاكم و سه‌رداری‌ یاسایی‌ عیراقن و جگه‌ له‌خۆیان كه‌س بۆ به‌ڕێوه‌بردن و فه‌رماڕه‌وایی‌ وڵات ده‌ستنادات.

عزه‌ت ئیبراهیم ئه‌لدوردی‌ جێگری‌ سه‌دام حسێن دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ حه‌وت ساڵ‌ به‌سه‌ر ڕزگاربوونی‌ عیراق و له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ لوتكه‌ی‌ سه‌رانی‌ عه‌ره‌ب له‌ شاری‌ سرتی‌ لیبیا، نامه‌یه‌كی‌ ده‌نگی‌ ئاراسته‌ی‌ ئاماده‌بووانی‌ ئه‌و لوتكه‌یه‌ ده‌كات و تێیدا هه‌موو ئه‌و دۆڕاندن و ئابڕوچوونانه‌ی‌ كه‌ به‌عسی‌ عیراق به‌سه‌ر عه‌ره‌بیدا هێنا به‌ ده‌ستكه‌وت له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و هه‌ڵوێستی‌ شه‌رمه‌نده‌ی‌ حزبه‌كه‌شی‌ به‌ ئازایه‌تی‌ و چاونه‌ترسی‌ به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنانی‌ عه‌ره‌ب داده‌نێت.

حه‌وت ساڵه‌ عیراق له‌ده‌ستی‌ ئه‌و دۆنكیشۆته‌ خه‌ڵه‌فاوانه‌ قوتاری‌ بووه‌ و تازه‌ به‌تازه‌ ئه‌لدوری‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌بێت سه‌ركرده‌كانی‌ عه‌ره‌ب چاو له‌وان بكه‌ن و شوێن پێی‌ ئه‌وان هه‌ڵبگرن له‌ هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ و چاره‌نووسسازه‌كاندا.

جێگره‌كه‌ی‌ سه‌دام كه‌ له‌ ئێستادا سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێك له‌ باڵه‌كانی‌ حزبی‌ به‌عسی‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ ده‌كات، لاپه‌ڕه‌ كۆنه‌كانی‌ مێژوو هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و خۆی‌ و شوێنكه‌وتووه‌كانی‌ به‌ قه‌عقاع و سه‌عد و خالید ده‌شوبهێنێت.

سه‌رده‌م و زه‌مانه‌ لای‌ ئه‌لدوری‌ و به‌عسیه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ (الرای‌) و (المنصور) نه‌گۆڕاوه‌ و پێیانوایه‌ چاوسووركردنه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ بێ‌ بنه‌ماكان و چه‌قۆكێشی‌ ڕۆڵ و كاریگه‌ری‌ خۆیان ماوه‌ و ده‌توانن له‌ڕێی‌ ئه‌و په‌له‌قاژێیه‌ی‌ كه‌ ئه‌وان به‌ موقاوه‌مه‌ ناوی‌ ده‌به‌ن، ڕه‌وڕه‌وه‌ی‌ ڕۆژگار به‌ره‌و دواوه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌.

خه‌ڵكی‌ عیراق بێ‌ گوێدانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ی‌ تیرۆریستان له‌ 7/3دا گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ به‌ئه‌نجام گه‌یاندن و ئه‌وه‌ی‌ بۆ دوژمنان سه‌لماند كه‌ وڵات ڕووه‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌نێت و جارێكی‌ دی‌ بوار به‌و ده‌سته‌ چه‌په‌ڵانه‌ نادات ده‌ستبخه‌نه‌وه‌ بینه‌قاقای‌ گه‌ل و وڵات له‌نێو ڕق و كینه‌ی‌ ڕه‌شی‌ خۆیان هه‌ڵبكێشنه‌وه‌.

عیراق نابێته‌ زه‌لكاوه‌كانی‌ سایگۆن و جه‌نگه‌ڵستانه‌كانی‌ قه‌نده‌هار، عیراق ڕوو له‌ ئاشتی‌ و پێكه‌وه‌ژیان و دیموكراسی‌ ده‌كات و به‌ ده‌هۆڵی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌ڵناپه‌ڕێت كه‌ شكسته‌كان به‌سه‌ركه‌وتن له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و ته‌راویلكه‌كانیان له‌به‌رچاو ده‌بێته‌ كانی‌ و مێرگوزاری‌ ڕاسته‌قینه‌.

وه‌ك چۆن فاشیزم له‌ ئیتاڵیا و نازیزم له‌ ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ‌ كۆتایی‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ دووه‌م خۆری‌ ته‌مه‌نیان ئاوابوو، قۆناغی‌ به‌عسیزم و ده‌سه‌ڵاتی‌ تۆتالیتاریش له‌ عیراقدا به‌هه‌مان شێوه‌ فڕێدرانه‌ زبڵدانی‌ مێژووه‌ و تروسكه‌ و ڕۆشناییان له‌ وڵاتدا ڕووی‌ له‌ كزبوون و كوژانه‌وه‌ كرد.