ساڵیادی‌ 11 سێپته‌مبه‌ر كێشه‌ دروست ده‌كات

شفق نيوز

وڵاتانی‌ ئیسلامیش به‌توندوی‌ ئیدانه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكا ئێستا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ڕابگرێت، چونكه‌ مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت، ببێته‌ هۆی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ قه‌یرانێكی‌ گه‌وره‌.

 

دامه‌زراوه‌ی‌ ئازادی‌ ئاینه‌كان بۆ سه‌ربازه‌كانی‌ سوپای‌ ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند، له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر قورئانێكی‌ سوتێندراو، قورئانێك ده‌كڕن‌و ده‌یكه‌نه‌ دیاری‌ به‌سوپای‌ ئه‌فغانستان.

 

(میگی‌ وینستین) نوێنه‌ری‌ دامه‌زراوه‌ی‌ ئازادی‌ ئاینه‌كان له‌دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ‌ تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ (سی‌ ئێن ئێن) جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر قه‌شه‌ (تێری‌ جۆنز) قه‌شه‌ی‌ كه‌نیسه‌ی‌ فلۆریدا به‌رده‌وام بێت له‌هه‌ڵمه‌تی‌ دژایه‌تیكردنی‌ ئیسلام‌و سوتاندنی‌ قورئان له‌ڕۆژی‌ (11)ی‌ سێپته‌مبه‌ردا، كه‌ ساڵیادی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر دوو تاوه‌ری‌ بازرگانیی‌ ئه‌مریكایه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوی‌ قاعیده‌وه‌‌و بووه‌ هۆی‌ كوژرانی‌ زیاتر له‌ (3.000) سێ‌ هه‌زار كه‌س‌و برینداربوونی‌ هه‌زارانی‌ تر، ئه‌وا كۆمه‌ڵه‌كه‌یان له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر قورئانێكی‌ سوتێندراو له‌و ڕۆژه‌دا، قورئانێك ده‌كڕن‌و ڕه‌وانه‌ی‌ ئه‌فغانستانی‌ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژه‌نراڵ‌ (ده‌یڤد پترایۆس) فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌و وڵاته‌دا، به‌سه‌ر سوپای‌ ئه‌فغاندا دابه‌شی‌ بكات.

 

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ كه‌نیسه‌ی‌ ئه‌مریكا وه‌كو په‌رچه‌كردارێك وایه‌، بۆ په‌لاماردانی‌ دوو تاوه‌ری‌ بازرگانیی‌ ئه‌مریكا، كه‌ ڕۆژی‌ 11 ی‌ سێپته‌مبه‌ری‌ ساڵی‌ 2001 له‌لایه‌ن ڕێكخراوی‌ قاعیده‌وه‌ ئه‌نجامدرا، بڕیاریشه‌ ڕۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر قورئان بسوتێنن، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش ناڕه‌زایه‌تی‌ زۆری‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

 

هاوكات (هیلاری‌ كلینتۆن) وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا به‌توندی‌ ئیدانه‌ی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ سوتاندنی‌ قورئانی‌ كرد، كه‌ له‌لایه‌ن (تێری‌ جۆنز) قه‌شه‌ی‌ كه‌نیسه‌ی‌ فلۆریداوه‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كرێت، باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكاش له‌پاكستان دژی‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ وه‌ستایه‌وه‌‌و له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ دژایه‌تیكردنی‌ ڕاسته‌وخۆی‌ ئیسلامه‌‌و له‌گه‌ڵ‌ بیروباوه‌ڕی‌ بیرۆكه‌ی‌ لێبوردن‌و ئازادیی‌ ئاینیدا ناگونجێت، ژه‌نراڵ‌ (ده‌یڤد پترایۆس) فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكاش له‌ئه‌فغانستان ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌، مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر سه‌ربازانی‌ ئه‌مریكا له‌ده‌روه‌‌و ناوه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا.

 

هه‌ڵمه‌تی‌ سوتاندنی‌ قورئان له‌ڕۆژی‌ (11)ی‌ سێپته‌مبه‌ردا، كه‌ له‌لایه‌ن (تێری‌ جۆنز) قه‌شه‌ی‌ كه‌نیسه‌ی‌ (دۆڤ ۆڵد ئۆتریچ)ی‌ شاری‌ گاینسڤێڵ‌ له‌ویلایه‌تی‌ فلۆریدا بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كرێت، ناڕه‌زاییه‌كی‌ زۆری‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، (تێری‌ جۆنز) له‌دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ‌ (سی‌ ئێن ئێن) وتی‌:"دوای‌ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی‌ له‌لایه‌ن زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ ئیسلامی‌‌و جیهانه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌مه‌تی‌ سوتاندنی‌ قورئان، ئێستا خوێندنه‌وه‌ بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان ده‌كه‌ن، كه‌نیسه‌كه‌شیان به‌جدی‌ ده‌ڕوانێته‌ هۆشدارییه‌كه‌ی‌ (ده‌یڤد پترایۆس)، كه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ژیانی‌ سه‌ربازانی‌ ئه‌مریكا دروست ده‌كات".

 

دوای‌ هێرشه‌كه‌ی‌ 11 ی‌ سێپته‌مبه‌ر، چه‌ندین نوسه‌ر‌و كاریكاتێرست‌و ڕێكخراوی‌ توندڕه‌وی‌ خۆرئاوا، هه‌ڵوێستی‌ توندیان به‌رامبه‌ر ئاینی‌ ئیسلام پیشانداوه‌‌و چه‌ندین وتار‌و وێنه‌ی‌ كاریكاتێرییان له‌دژی‌ ئیسلام بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، وڵاتانی‌ خۆرئاوا‌و ئه‌وروپاش سنوری‌ پێدانی‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتییان به‌كۆچبه‌رانی‌ وڵاتانی‌ ئیسلامی‌ به‌رته‌سك كردووه‌ته‌وه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، (جۆرج بوش)ی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ ئه‌مریكا، جه‌نگی‌ دژه‌تیرۆری‌ ڕاگه‌یاند، به‌ڵام ئیداره‌ی‌ وڵاتانی‌ خۆرئاوا ئه‌و بابه‌ته‌یان به‌هه‌ند وه‌رگرتووه‌‌و نایانه‌وێت دژایه‌تی‌ ئاینی‌ ئیسلام بكرێت، چونكه‌ بۆچوونیان وایه‌، كه‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی‌ ڕێكخراوی‌ قاعیده‌ به‌سوكایه‌تیكردن به‌ئاینی‌ ئیسلام، كێشه‌یه‌كی‌ ترسناك له‌نێوان وڵاتانی‌ ئیسلامی‌‌و خۆرئاوادا ده‌نێته‌وه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ن، پێویسته‌ جیاوازی‌ له‌نێوان ئاینی‌ ئیسلام‌و توندڕه‌ویدا بكرێت.

 

بڕیاریشه‌ له‌شوێنی‌ دوو تاوه‌ره‌ بازرگانییه‌كه‌، كه‌ له‌ناوه‌ندی‌ شاری‌ نییویۆرك بوون، مزگه‌وتێك دروست بكرێت، بۆیه‌ له‌دوو ڕۆژی‌ داهاتوودا، بڕیاره‌ له‌ساڵیادی‌ یادكردنه‌وه‌ی‌ ڕووداوه‌كه‌دا، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌خێزانی‌ قوربانییه‌كان‌و هاوڵاتیانی‌ شاری‌ نییویۆرك‌و ئه‌مریكا‌و ڕێكخراوه‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ فراوان له‌شوێنی‌ دوو تاوه‌ره‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن، بڕیاریشه‌ (جۆ بایدن) جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا ئاماده‌بێت.

 

به‌پیلانێكی‌ ڕێكخراوی‌ قاعیده‌، ڕۆژی‌ 11 ی‌ سێپته‌مبه‌ری‌ 2001 چوار هێرشی‌ خۆكوژی‌ كرایه‌ سه‌ر ئه‌مریكا، دوو فڕۆكه‌ی‌ جۆری‌ (بۆینگ) خۆیان به‌هه‌ردوو تاوه‌ری‌ بازرگانیی‌ شاری‌ نییویۆركدا كێشا، فڕۆكه‌یه‌كی‌ دیكه‌ش باره‌گای‌ وه‌زاره‌ی‌ به‌رگریی‌ ئه‌مریكا واته‌ (پنتاگۆن)ی‌ كرده‌ ئامانج، به‌ڵام فڕۆكه‌ی‌ چواره‌م كه‌ به‌نیازبوو خۆی‌ به‌كۆشكی‌ سپیدا بكێشێت، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی‌ ئه‌مریكاوه‌ له‌شاری‌ (په‌نسلڤانیا) خرایه‌ خواره‌وه‌، به‌هۆی‌ ئه‌و په‌لامارانه‌شه‌وه‌، زیاتر له‌ (3.000) سێ‌ هه‌زار هاوڵاتیی‌ ئه‌مریكا‌و بیانی‌ كوژران، كه‌ له‌نێوانیاندا (2.750) كه‌سیان خه‌ڵكی‌ نییویۆرك بوون.