هه‌ڵبژاردنی عیراق ته‌وافوق یان ئیستیحقاق؟

شفق نيوز

دامه‌زراندنی پارتێكی نوێ به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانی عیراق (عه‌لاوی-موتڵه‌گ) له‌لایه‌ك و ئه‌گه‌ره‌كانی یه‌كگرتنی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌سه‌ركردایه‌تی مالكی و ئیئیتیلافی نیشتمانیی شیعه‌كان به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌نجومه‌نی بالا له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌.ده‌ركه‌وتنی ئه‌م لیست و هاوپه‌یمانییه‌ نوێیانه‌ی عیراق و په‌رته‌وازه‌بوونی رێژه‌یی نێوان لیستی هاوپه‌یمانیی كوردستان و فراوانبوونی درزه‌كانی نێوان لیستی كوردستانی و گۆڕان و یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، ئه‌دگاره‌كانی نه‌خشه‌ی سیاسی به‌جۆرێكی دیكه‌ داده‌ڕێژێته‌وه‌ كه‌ ره‌نگبێت پێشوه‌ختانه‌ بزانرێ ئه‌م ده‌ركه‌وته‌ سیاسییه‌ نوێیانه‌ به‌قازانجی ره‌وته‌كانی كورد له‌به‌غدا ناشكێنه‌وه‌.كورد له‌به‌رامبه‌ر هه‌ژموون و رووبه‌ری دیمۆگرافیای عه‌ره‌ب له‌عیراق و زاڵبوونی رێژه‌ی دانیشتوانه‌ عه‌ره‌بزمانه‌كان، هه‌میشه‌ پێویستی به‌چه‌سپاندن و پاراستنی ئه‌و ته‌وافوقه‌ سیاسیه‌یه‌ كه‌ دوای 2003 له‌به‌غدا له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب له‌سه‌ری رێككه‌وتوون، چونكه‌ رێژه‌ی دانیشتوان و ده‌نگده‌رانی كورد هه‌رگیز ناگاته‌ ئه‌و رێژه‌و كشانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی له‌رووبه‌ره‌كانی عه‌ره‌بی عیراقیدا هه‌یه‌، واته‌ كورد له‌به‌رده‌م كشانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوو ترسناكدایه‌، ئه‌گه‌ر پرۆسێسی ته‌وافوقی سیاسی له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت!پێكهاتن و رێككه‌وتن له‌سه‌ر دروستكردنی ئیئیتیلافی سیاسی له‌هه‌ر ولاتێك كارێكی ئاسایی و یاساییه‌، ته‌نانه‌ت له‌پێناو گه‌یشتن به‌كورسی فه‌رمانڕه‌وایی و وه‌رگرتنی پۆست و كابینه‌ نوێكاندا؛ ده‌شێ ئه‌وپه‌ڕی راستی سیاسی له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی چه‌پی سیاسی له‌سه‌ر یه‌كهه‌ڵوێستی رێككه‌ون و لیستێكی هاوبه‌ش پێكبێنن، به‌لام ئه‌وه‌ی مه‌ترسی ده‌خاته‌ڕوو ئه‌و ئاكارو مێنتاڵه‌یه‌ كه‌ تاكی عیراقی له‌سه‌ری هه‌ڵخراوه‌، واته‌ تائێستا ده‌نگده‌ری عه‌ره‌ب پانتاییه‌كی دیكه‌ی جوگرافی نابینێ به‌ناوی كوردستانه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی عیراقدا، بگره‌ هاوولاتیبوونی كوردیش له‌عیراقدا ده‌خاته‌وه‌ بۆته‌ی تێڕوانینه‌ ده‌مارگیرییه‌كانی ناسیۆنالیستی و چاوی هاوولاتی عه‌ره‌ب جگه‌ له‌باكووری عیراق شتێكی دیكه‌ نابینێ. بۆیه‌ ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ تائێستا نه‌گه‌یشتۆته‌ ئاستی تێكه‌ڵبوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ چاره‌نووسسازه‌كانی عیراق به‌گشتی.هاوولاتی كوردو عه‌ره‌ب به‌دوو ئاراسته‌و روانینی جیا ته‌ماشای به‌غداو ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌لات ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌عیراق هێشتا له‌زه‌روره‌تی مانه‌وه‌ی ته‌وافوقی سیاسی نێوان نه‌ته‌وه‌كان نه‌چۆته‌ ده‌ره‌وه‌و ناكرێ ئێمه‌ ئه‌زموونێكی دیموكراسی ئه‌وروپایی به‌كۆپیه‌كی (گبق الاێل) به‌سه‌ر عیراقدا بسه‌پێنن به‌تایبیه‌تیش كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌دا به‌رنامه‌ سیاسییه‌ خزمه‌تگوزاره‌ییه‌كان ده‌بنه‌ مایه‌ ماگنێتی كێشانیهاوولاتییه‌ ده‌نگده‌ره‌كان.ده‌ركه‌وتنی ئه‌و لیست و هاوپه‌یمانییه‌ نوێیانه‌ی عیراق و خاوبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ناوخۆییه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و فراوانبوونی درزه‌كانی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌لاتی ره‌سمیی هه‌رێمی كوردستان و ونبوونی گوتارێكی هاوبه‌ش و یه‌كگرتوو، كورد ده‌خاته‌ به‌رده‌م زاڵبوونی ئیستیحقاقی ئینتیخابی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی كانوونی دووه‌م، واته‌ ئه‌مجاره‌یان كورد له‌بری ئه‌وه‌ی دوومین ده‌نگ بێت له‌سه‌ر ئاستی جوگرافیای گشتیی عیراق، ده‌بێته‌ سێیه‌مین یاخود دوور نییه‌ چواره‌مین پێكهاته‌و ئێئتیلافی سیاسی بێت!خۆ بێگومان ئاسته‌كانی به‌شداربوونی ده‌نگده‌رانیش دواجار یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانن له‌ریزبه‌ندكردنی لیسته‌كاندا، به‌لام ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌یان پانتاییه‌كانی عه‌ره‌بی سوننه‌ به‌تایبه‌تیش پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌رێژه‌ی زۆره‌وه‌ چوونه‌ سه‌ر سندووقه‌كان و پارێزگاكانی دیكه‌ی وه‌ك رومادی، دیاله‌و تكریتیش پاڵپشتی سه‌رخستنی ئیراده‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ بوون، ئه‌وسا كورد دووچاری پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌و ترسناك ده‌بێته‌وه‌و ناتوانێت به‌و ئاسانییه‌ش یاساو بڕیاره‌كان له‌په‌رله‌مانی داهاتووی عیراقدا تێپه‌ڕێنێت. جگه‌ له‌مه‌ش پۆسته‌ سه‌روه‌رییه‌كان (سیادییه‌كان)ی به‌غدا له‌نێوان كوردو سوننه‌ له‌لایه‌ك و كوردو شیعه‌ له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌و نه‌خشه‌یه‌ی ئێستا دابه‌ش نابنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ سوننه‌كان به‌كارتی ئیستیحقاقی ئینتخابی بێنه‌وه‌ به‌غداو سه‌ر سه‌كۆی سیاسی.بۆیه‌ كورد له‌ئێستاوه‌ پێویستی به‌راهێشتنی رایه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی نوێ هه‌یه‌، پێوستی به‌یه‌كڕیزبوونی پارته‌ سیاسییه‌كانی هه‌یه‌، وێرای پێویستبوونی به‌پێداگری زیاتر له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان و په‌له‌كردن له‌تێپه‌ڕاندنی زۆرترین كێشه‌ی هه‌ڵواسراوه‌ له‌م چه‌ند مانگه‌ی داهاتوو.