ئاگادار به به‌خته‌وه‌رى دزرا

شه‌فه‌ق   نيــوز

شه‌فه‌ق نيوز/ خاڵى سرنج راكێش ئه‌وه‌يه‌ كه‌ به‌ گوێره‌ى راپۆرته‌كان ته‌نانه‌ت وڵاتانى سامانداريش له‌ ريزى پێشه‌وه‌ى وڵاتانى به‌خته‌وه‌ر نين  و ئه‌م راستيه‌ بۆ عيراق ناهومێدمان ده‌كات كه‌ بزانين زۆر له‌ مێژه‌ گه‌لى عيراق نامۆيه‌ له‌ ته‌ك به‌خته‌وه‌رى و ئه‌م ده‌سته‌واژه‌يه‌ ماناى خۆى له‌ده‌ست داوه‌. ده‌كرێ پاساوى ئه‌وه‌ بهێنرێته‌وه‌ له‌ ساى جه‌نگ و بارودۆخى ئابوورى مه‌وداى به‌خته‌وه‌رى دوور و نزيك ده‌بێته‌وه‌ ، به‌ڵام ئاساييه‌ كه‌ عيراق له‌ هه‌ژارترين وڵاتانى به‌خته‌وه‌رى دنيايه‌.

 

رێزدار عه‌بادى له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا گوتى: ساڵى 2017 ساڵى كۆتايى داعشه‌ به‌ڵام ئه‌ويش نه‌يتوانى و ناتوانێ ده‌ستنيشانى ئه‌و به‌رواره‌ بكات كه‌ بێبه‌ختيه‌كانى ئه‌م ميلله‌ته‌ كه‌ى كۆتايى دێ!!

 

حكومه‌تى به‌غدا هيچ به‌رنامه‌يه‌كى بۆ دابين كردنى كه‌مترين ئاستى به‌خته‌وه‌رى عيراقيه‌كان نيه‌ و ئه‌مه‌ ته‌نيا روانگه‌ى ئێمه‌ نيه‌ به‌ڵكو كارنامه‌ى حكومه‌ت ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ كه‌ له‌ دابينى ئاشتى و ئاسايش و خوشگوزه‌رانى و خزمه‌تگوزارى و سه‌ره‌ورى ياسا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوه‌. به‌ لێخوشبوون و چاوپۆشى له‌و راستيانه‌ش ناتوانين بڵيين كه‌ له‌ داهاتوودا دۆخمان باشتر يان خراپتر ده‌بێ له‌وه‌ى كه‌ ئيستا هه‌ين.

 

ئه‌وه‌ روونه‌ و ده‌بينين به‌ ده‌گمه‌ن عيراقيه‌كان پێكه‌وه‌ ئاهه‌نگى خۆشى ده‌گێڕن ، بۆ وێنه‌ ره‌نگه‌ ته‌نيا له‌ بۆنه‌يه‌كى‌ وه‌رزشى كه‌ تيپێك  سه‌رده‌كه‌وێ هه‌موو ده‌ڕژێنه‌ سه‌رشه‌قام و ئاڵا به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌و هوتافى خۆشى لێ ده‌ده‌ن و بۆ تاويك به‌ بزه‌خه‌نه‌وه‌ وێنه‌ى شاديه‌كانيان ده‌گرن، به‌ڵام ئاخۆ ساڵى چه‌ند جار له‌ ژيانى عيراقيه‌كاند ئه‌م چه‌شنه‌ رووداوه‌ ده‌بينرێ؟!!

 

هه‌وڵدان بۆ مانه‌وه‌ له‌ ژيان هه‌رچه‌ند به‌ كوله‌ مه‌رگى ، نيازێكه‌ له‌ پێشه‌وه‌ى هه‌ر نيازو خواستيكى عيراقيه‌كانه‌ نه‌ مه‌سه‌له‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ به‌خته‌وه‌رن يان نا، ئه‌وه‌ش به‌و واتايه‌ كه‌ ئه‌م ميلله‌ته‌ له‌ شه‌ڕى مان و نه‌ماندايه‌ و ناهومێدى بينه‌ قاقاى گرتووه‌ و هه‌ر ميلله‌تێكيش به‌و ده‌رده‌ بچێ، ته‌نانه‌ت دواى سه‌ركه‌وتنيش بۆ ماوه‌يه‌كى زۆر ناتوانێ بڵێ من به‌خته‌وه‌رم!

 

به‌خته‌وه‌رى عيراقيه‌كان كات و مه‌ودايه‌كى درێژ ده‌خوازێ و هه‌وڵێكى ده‌وێ كه‌ حكومه‌ت به‌ ته‌نيا له‌ توانايدا نيه‌، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێين له‌ به‌رنامه‌شيدا نيه‌!!

 

له‌ راستيدا زۆر ديارده‌ هه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێن رۆژ به‌ دواى رۆژ ئه‌م ميلله‌ته‌ له‌ به‌خته‌وه‌رى دورتر ده‌كه‌وێ، به‌و راده‌يه‌ى هێنده‌ى له‌ شه‌ڕو شۆڕو ده‌مارگرى رۆ ده‌چى،  ئاسوى خۆشيه‌كانى خێراتر ئاوا ده‌بێ.  ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گومانێك له‌سه‌ر ئه‌م ره‌شبينيه‌  هه‌بێ ، راستيه‌ تاڵه‌كانى رۆژانه‌ى ژيانى هاوڵاتيان ئه‌وه‌مان بير دێنێته‌وه‌ كه‌ ئاخنينى هه‌ستێكى درۆيانه‌ له‌ مێشكى هاوڵاتيان كه‌ گوايا ميلله‌ت به‌خته‌وه‌ره‌، چاره‌سه‌ر نيه‌، ‌ به‌ڵام ده‌كرێ باسى ئه‌وه‌ بكه‌ين كه‌ چۆن به‌خته‌وه‌ر ده‌بێ!! به‌ سرنج دان به‌وه‌ى  كاتێك  سینان شه‌بيبی پارێزگاری پێشووی بانكی ناوەندی عێراق رايگەیاند كە نووری مالیكی بە قەبارەی هەموو سەرۆكەكانی عێراق بەیەكەوە سامانی دەست كەوتووە و ئەو پارەشی كە بە هەدەری داوە دەتوانرا وڵاتێكی پێ بنیات بنرێت كە 30 ملیۆن كەس واته‌ ميلله‌تيك وه‌ك ميلله‌تى عيراق بە ژیانێكی خۆش تیایدا بژی!! ده‌كرێ بگوترێ به‌خته‌وه‌رى دزراوه‌.