په‌یامی ئه‌ردوگان له‌دیاربه‌كر ‌

شفق نيوز

ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ردانى شارى دیاربه‌كرى كرد كه‌ماوه‌یه‌كه‌ راى گشتى و چاودێرانى سیاسیى چاوه‌ڕوانى ئه‌م سه‌ردانه‌ و په‌یامه‌كانى ئه‌ردۆغانن.

چاره‌نوسى دیاربه‌كر چه‌ند گرنگه‌ بۆ كورد ئه‌وه‌نده‌ گرنگیشه‌ بۆ ناوه‌ندى بڕیارده‌ر له‌توركیا، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌ردۆغان گرنگییه‌كى تایبه‌تیدا به‌سه‌ردانه‌كه‌ى و پێش سه‌ردانه‌كه‌ى به‌دوو مانگ مه‌هدى ئه‌كه‌ر وه‌زیرى كشتوكاڵ كه‌خه‌ڵكى دیاربه‌كره‌ و یه‌كێكه‌ له‌خوێندكاره‌كانى فه‌تحولا گوله‌ن ناردى بۆ شارى دیاربه‌كر و ناوچه‌كه‌ بۆ ئاماده‌كردنى زه‌مینه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى وكۆكردنه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رێكى زۆر له‌گۆره‌پانى متنگدا ومسۆگه‌ركردنى ده‌نگه‌كانى به‌ڵى له‌ناوچه‌ كوردنشیینه‌كاندا.

متنگ-كه‌، له‌ژێر ئاماده‌كارییه‌كى ئه‌منى توندوتۆڵدا كه‌ده‌یان هه‌زار پۆلیس و ئاسایش له‌ئاماده‌باشیدا بوون، له‌گه‌ڵ سوڕانه‌وه‌ى فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى به‌ئاسمانى شاره‌كه‌دا ده‌سوڕانه‌وه‌، ئه‌م سه‌ردانه‌ به‌هاوڕێیه‌تى شاندێكى گه‌وره‌ى پارتى دادوگه‌شه‌پێدان ده‌ستى پێكردو كه‌له‌حه‌وت وه‌زیرو شه‌ست وسێ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان پێكهاتبوون ئه‌وانیش وه‌زیرى ناوخۆو به‌شیر ئه‌ته‌لایی و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌ردۆغان و به‌رپرسیارانى حزبى دادو گه‌شه‌پێدان سه‌ركه‌توو نه‌بوون له‌كۆكردنه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رێكى به‌رفراوان له‌گۆره‌پانى متنگه‌كه‌دا، به‌گوێره‌ى داتاكانى فه‌رمى وه‌زاره‌تى ناوخۆى توركیا ته‌نها 2هه‌زار كه‌س له‌گۆره‌پانه‌كه‌ ئاماده‌بوون كه‌ زۆر له‌و ژماره‌ى چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد كه‌متر بوو.

گومانى تێدا نییه‌ ده‌نگه‌كانى كورد زۆر گرنگن بۆ ئه‌ردۆغان، به‌گوێره‌ى چه‌ند ده‌زگایه‌كى راپرسى گرنگ له‌توركیا كه‌ راپرسیان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى ریفراندۆم كردووه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ رێژه‌ى ده‌نگه‌كانى به‌ڵى و نه‌خێر زۆر له‌یه‌كتر نزیكن  و تائیستا ئه‌و رێژانه‌ به‌مشێوه‌یه‌یه‌ كه‌ 45% به‌ڵى و 44% نه‌خێره‌.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنێكى په‌رله‌مانى نییه‌، به‌لام له‌هه‌ڵبژاردنێكى په‌رله‌مانى زۆر گرنگتره‌و چاره‌نوسى ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ى به‌ئه‌نجامه‌كانى ئه‌م ریفراندۆمه‌ به‌ستراوه‌ و له‌رۆژى 13/9/2010هاوكێشه‌ی سیاسیى له‌توركیا سه‌رله‌نوىَ ده‌رده‌خات و هه‌رسىَ به‌ره‌ى ركابه‌ر به‌ڵىَ، نه‌خێر، بایكۆت له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌گوێره‌ى ئه‌و ئه‌نجامانه‌ى كه‌ ده‌رده‌كه‌ون له‌م ریفراندۆمه‌دا ده‌ست به‌ئاماده‌كارییه‌كانى خۆیان ده‌كه‌ن  بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان كه‌بڕیاره‌ له‌ساڵى 2011 ئه‌نجامبدرێت.

چاودێران، ئه‌گه‌رى ئه‌م شكستهێنانه‌ی ئه‌ردۆغان، له‌كۆكردنه‌وه‌ى جه‌ماوه‌ر له‌دیاربكر ده‌گه‌رێنینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌ردۆغان ماوه‌یه‌كى درێژه‌ باس له‌كرانه‌وه‌ى دیموكراتى ده‌كات، به‌لام هیچ هه‌نگاوێكى پراكتیكى له‌و بواره‌دا نه‌بووه‌ و هه‌روه‌ها له‌هه‌ڵمه‌تى پروپاگه‌نده‌كردن بۆ ریفرادۆمه‌كه‌ هیچ باسى له‌چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كورد نه‌كردووه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زاراوه‌یه‌كى توند به‌رامبه‌ر به‌و داواكارییانه‌ى كه‌باس له‌لێبوردنى گشتى و دابه‌زینى رێژه‌ى به‌ربه‌ستى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن به‌كارهێناوه‌، له‌و بواره‌دا ئه‌ردۆغان له‌چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ى خۆیدا وتویه‌تی مه‌حاڵه‌ ئێمه‌ لێبوردن ده‌ربكه‌ین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ كه‌سه‌ربازه‌كانمانیان شه‌هیدكردووه‌  له‌كاتێكدا كه‌سه‌رۆكى حزبى گه‌لى كۆمار كلیچدار ئۆغلو له‌هه‌ڵمه‌تى پروپاگه‌نده‌ى خۆیدا داواى لێبوردنى گشتى و دابه‌زینى رێژه‌ى به‌ربه‌ستى هه‌ڵبژاردنی كردووه‌.

ئه‌ردۆغان له‌وته‌كه‌ى خۆیدا له‌به‌رده‌م ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ى كه‌كۆببونه‌وه‌ له‌گۆره‌پانه‌كه‌دا هیچ شتێكى نوێى پێیانى رانه‌گه‌یاند، جگه‌ له‌به‌كارهێنانى چه‌ند وشه‌یه‌كى عاتیفیی و بیرهێنانه‌وه‌ى ناوى چه‌ند كه‌سێكى كه‌خاوه‌ن جێگه‌ى تایبه‌تن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا و جێگه‌ى سه‌رسورمانى خه‌ڵك بوو كه‌ له‌وته‌كه‌ى خۆیدا وشه‌ى كێشه‌ى كورد وكرانه‌وه‌ى دیموكراتى هیچ به‌كار نه‌هێنا، له‌جیاتى ئه‌وه‌ باس له‌دروستكردنى زیندانێكى نوێ و روخاندنى زیندانى كۆنى دیاربه‌كر كرد، كه‌ له‌سه‌ره‌تایی هه‌شتاندا به‌سه‌دان كورد له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا شه‌هید وكه‌مئه‌ندام بوون و تائێستا چه‌ندین رۆمان له‌سه‌ر ئه‌فسانه‌كانى به‌رخودانى ئه‌و زیندانه‌ نووسراون، بۆیه‌ كورد داواى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و زیندانه‌ ببێته‌ مۆزه‌خانه‌، به‌لام ئه‌ردۆغان به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و داخوازییه‌ى كورده‌كان له‌وته‌كه‌ى خۆیدا وتی: ئێمه‌ ئه‌و زیندانه‌ ده‌روخێنین بۆ له‌بیر بردنه‌وه‌ى بیره‌وه‌رییه‌ كۆنه‌كان، ئه‌م وتانه‌ ناڕه‌زاییه‌كی له‌لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌وه‌ دروستكرد.

ده‌رباره‌ى وته‌كه‌ى ئه‌ردۆغان، غالیب ئه‌نسار ئۆغلو سه‌رۆكى سه‌ندیكاى بازرگانى و پیشه‌سازى دیاربه‌كر كه‌ یه‌كێكه‌ له‌كه‌سانى كه‌ده‌نگى به‌ڵى ده‌دات له‌سه‌ر هه‌مواركردنى ده‌ستور، ده‌ڵێت: ئێمه‌ چاوه‌ڕێی زۆر شت بووین له‌سه‌رۆك وه‌زیران، به‌لام هیچ شتێكى تازه‌مان له‌وته‌كه‌یدا نه‌بینى، ئاماژه‌ى به‌ده‌ستورێكى نوێى كرد، به‌لام دواى هه‌ڵبژاردنى ساڵی2011 له‌كاتێكدا كه‌ پێشكه‌وتنه‌كان به‌په‌له‌ رووده‌ده‌ن و پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌ردۆغان زۆر شت جێبه‌جىَ بكات له‌ماوه‌ى 13-20/9/2010 ئه‌گه‌رنا قۆناغى ئاگربڕه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو مه‌ترسییه‌وه‌ و ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئاكارێكی دیكه‌ ده‌روات.

زه‌حمه‌ته‌ جارێكی دیكه‌ ئه‌ردوغان بتوانی مسداقیه‌تی خۆی له‌ناو كورددا تازه‌ بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر دواى ریفراندۆمه‌كه‌ و به‌په‌له‌ هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر به‌داخوازییه‌كانى كورد نه‌گۆرێت ئه‌گه‌رنا چاره‌نووسى حزبى دادو گه‌شه‌پێدانیش ده‌بێته‌ چاره‌نووسى هه‌مان حزبه‌كانى دیكه‌ى توركیا كه‌ ئه‌مرۆ هیچ بوونیان له‌ناوچه‌ كوردنشینه‌كاندا نییه‌ و هه‌ر پێشكه‌وتنێكی وه‌ها ته‌نانه‌ت كاریگه‌رییه‌كه‌ى نابێت له‌سه‌ر چاره‌نوسى حزبی دادوگه‌شه‌پێدان له‌ناوچه‌ كوردنشینه‌كاندا، به‌ڵكو كاریگه‌رییه‌كه‌ى ده‌بێته‌ سه‌ر داهاتووی ته‌واوى ئه‌م حزبه‌ له‌سه‌ر ئاستى توركیا وده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى ئه‌ردوغانیش به‌ره‌و نه‌مان ده‌بات.