له‌دوای‌ مونته‌زه‌ری‌

شفق نيوز

به‌ڵام ژیانی‌ ڕابردووی‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانی‌، دیسانه‌وه‌ ده‌كرێنه‌ دارده‌ست و له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ بۆ وێزه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئێران به‌كارده‌هێنرێن.

ئێران هه‌ر ته‌نها له‌لایه‌كه‌وه‌ دووچاری‌ كێشه‌ و گیروگرفت نه‌بووه‌، بگره‌ له‌ چه‌ندین لاوه‌، قه‌یران و هه‌ڕه‌شه‌ مه‌ترسیداره‌كان ڕووبه‌ڕووی‌ ده‌بنه‌وه‌ و بینه‌قاقای‌ ده‌گرن.

ئۆپۆزسیۆن تائێستاش سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد به‌ سه‌رۆكی‌ وڵات، شه‌رعی‌ نییه‌ و زوو یا دره‌نگ، ده‌بێت له‌به‌رده‌م داواكاری‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ به‌رفراواندا چۆك دابدات، هه‌قی زه‌وتكراو بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ بگێڕێته‌وه‌.

موسه‌وی‌ و كه‌ڕوبی‌ و خاته‌می‌ كه‌ سێ‌ جه‌مسه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ ئۆپۆزسیۆن و ڕه‌وتی‌ ریفۆرمخوازن، به‌رده‌وام به‌شوێن كات و ده‌رفه‌تێكی‌ گونجاودا ده‌گه‌ڕێن تا جه‌ماوه‌ر به‌جۆش و لایه‌نگرانیان هانبده‌ن له‌ دژی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌نگ به‌رزبكه‌نه‌وه‌ و به‌گژ هێزه‌كانی‌ ئاسایشدا بچن.

ئه‌وان مردنی‌ مونته‌زه‌ری‌ ده‌قۆزنه‌وه‌ و سه‌ر له‌نوێ‌ گوته‌ی‌ "ئێران نه‌ كۆماری و نه‌ ئیسلامی‌" ده‌هێننه‌وه‌ و په‌سیچ به‌ هه‌مان شێوازی‌ مونته‌زه‌ری‌ وه‌سف ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئایه‌توڵڵا عه‌لی‌ خامنه‌ئی‌ ڕێبه‌ری‌ باڵای‌ ئێران، ئۆپۆزسیۆن به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ ناشتنی‌ ته‌رمی‌ ئایه‌توڵڵا حسێن عه‌لی‌ مونته‌زه‌رییان بۆ مه‌به‌ستی‌ نه‌شیاو به‌كارهێناوه‌ و ئه‌و بۆنه‌یه‌شیان كردۆته‌ هه‌لێك بۆ دروستكردنی‌ پشێوی‌ و  پاشاگه‌ردانی‌ له‌ وڵات.

ئایه‌توڵڵا مونته‌زه‌ری‌ له‌ دوای‌ مردنیشی‌ یه‌خه‌ی‌ به‌رنادرێت و له‌ملاولاوه‌ په‌لامار ده‌درێت، ئۆپۆزسیۆن بۆ ئامانجی‌ خۆی‌ و هاوڕێ‌ دێرینه‌كانیشی‌ بۆ ڕشتنی‌ ڕقی‌ كۆنیان.

ئه‌و پیاوه‌ كه‌ به‌یه‌كێك له‌ ئه‌ندازیارانی‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ ساڵی‌ 1979 داده‌نرێت و پێش مردنی‌، خومه‌ینیش وه‌ك جێنشینێك بۆ ئیمام ده‌سنیشانكرابوو، له‌به‌ر هه‌ندێك ناكۆكی‌ سیاسی‌ و جیاوازی‌ له‌ ڕاوبۆچووندا وه‌لاخرا و له‌ دوایین ساڵانی‌ ته‌مه‌نیدا، هه‌ر له‌به‌ر بۆچوونه‌ ئایدۆلۆژییه‌ جیاوازه‌كانی‌، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرا.

ئه‌و چووه‌ شوێنی‌ هه‌قی‌ خۆی‌ و ئه‌مان یه‌خه‌ی‌ به‌رناده‌ن، مونته‌زه‌ری‌ له‌دوای‌ مردنیه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن موجته‌با زو لنوره‌وه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ یاریده‌ده‌رانی‌ خامنه‌ئی‌ ڕه‌خنه‌ی‌ لێده‌گیرێت و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئایه‌توڵڵای‌ كۆچكردوو جێگری‌ ئیمام خومه‌ینی‌ بووه‌، به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ خۆی‌ خراپ به‌كارهێنا و ده‌ستی‌ خسته‌ كاروباری‌ وڵاته‌وه‌ كه‌ به‌ گوته‌ی‌ زولنور ئه‌وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ هۆكاره‌كانی‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌.

ئۆپۆزسیۆن له‌ ڕقی‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتیش له‌ ڕقی‌ ئۆپۆزسیۆن مونته‌زه‌ری‌ له‌ گۆڕی‌ تاریكدا به‌خه‌به‌ر دێننه‌وه‌، ڕاسته‌ ئه‌و لایه‌نگیری‌ خۆی‌ بۆ داواكانی‌ پۆزسیۆن ده‌رده‌بڕی‌ و پێشێلكاری‌ و سه‌ركوتكارییه‌كانی‌ مه‌حكوم ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و كات له‌ ژیاندا بوو نه‌ك له‌نێو گۆڕ.

مونته‌زه‌ری‌ نه‌ده‌بوو له‌دوای‌ مردنیه‌وه‌ به‌وشێوه‌یه‌ی‌ پێكرابا و نه‌ده‌بوو ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات له‌و ئارامییه‌ی‌ بكه‌ن كه‌ ئێستا تێیدایه‌.