گرفته‌كانی به‌رده‌م مالكی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ‌

شفق نيوز

خۆیان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی ئاینده‌ی عیراق راگه‌یاند، دیاره‌ به‌كاندیدكردنی مالكیش كۆتایی به‌كێشه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌عیراقدا نایه‌ت، چونكه‌ مالكی ئه‌ركی قورسی له‌به‌رده‌مدایه‌ پێویسته‌ به‌جێیان بهێنێت و لایه‌نه‌كانی تری عیراق رازی بكات به‌پشتیوانیكردنی.

ئه‌گه‌ری په‌رت په‌رتبوونی هێزه‌ شیعییه‌كان

كاندیدكردنی مالكی سه‌ره‌تاكانی ئه‌گه‌ری په‌رتبوونی هێزه‌ سیاسییه‌كانی پێكهاته‌ی شیعه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌، چونكه‌ دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی له‌ناو هاوپه‌یمانی به‌ئاشكرا دژی كاندیدكردنه‌وه‌ی مالكین كه‌ئه‌وانیش (ئه‌نجومه‌نی بالاو فه‌زیله‌ن) وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌نجومه‌نی بالا (د. عادل عه‌بدولمه‌هدی) یان وه‌ك ركابه‌ر بۆ مالكی و كاندیدی خۆیان راگه‌یاندووه‌، ره‌وتی سه‌دریش پشتیوانی مه‌رجداریان له‌مالكی كردووه‌ تاوه‌كو زۆرترین ئه‌جێنداو به‌رنامه‌ی كاریان به‌سه‌ریدا بسه‌پێنن به‌وپێیه‌ی كه‌خاوه‌نی (40) كورسین له‌ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌پێشتریش له‌نێوان ئه‌م هێزانه‌دا ململانێی سیاسی هه‌بووه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ له‌پاش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌هێزتر بووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌ركی مالكی قورسه‌، له‌لایه‌ك ده‌بێت پارێزگاری له‌یه‌كڕیزی هاوپه‌یمانی نیشتمانی بكات تاوه‌كو بتوانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ لایه‌نه‌كانی تری هاوپه‌یمانی رازی بكات به‌وه‌ی پشتیوانی لێبكه‌ن، چونكه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی كاریگه‌ری و ئاسه‌واری خراپی بۆ سه‌رپێكهاته‌ی شیعه‌ ده‌بێت له‌عیراق، چونكه‌ یه‌كڕیزی هێزو قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی تێكده‌دات و هه‌ڕه‌شه‌ی جددی بۆ سه‌ر پێگه‌یان دروستده‌كات بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌لات و حكومه‌ت له‌عیراقدا.

له‌به‌رئه‌وه‌ مالكی ئه‌ركی قورسی له‌به‌رده‌مدایه‌ كه‌هاوسه‌نگی كردنه‌ له‌به‌رده‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی و لیسته‌كه‌ی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت و له‌هه‌مانكاتیشدا پاراستن و مسۆگه‌ركردنی یه‌كڕیزیی و پێگه‌یه‌كی به‌هێزه‌ بۆ پێكهاته‌ی شیعه‌ له‌عیراقدا.

هه‌ورازی لیستی عیراقییه‌

مالكی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت رووبه‌ڕووی ململانێیه‌كی توندی لیستی عیراقییه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌دوو ئاڕاسته‌ ده‌ڕوات، یه‌كه‌میان ململانێیه‌كی ده‌ستوورییه‌ به‌وه‌ی كێ خاوه‌نی مافه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی ئاینده‌؟ خۆ ئه‌گه‌ر ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بێت ئه‌وا لیستی عیراقییه‌ كورسی زیاتری هه‌یه‌، بۆیه‌ پشت ده‌به‌ستێت به‌شیكاری دادگای بالای فیدراڵی عیراق ژماره‌ی (76)ی ده‌ستوور به‌وه‌ی كوتله‌ی په‌رله‌مانی خاوه‌ن زۆرترین كورسی حكومه‌ت پێكده‌هێنێت، لێره‌شدا مالكی له‌لایه‌ك ده‌بێت ئه‌و ململانێ ده‌ستوورییه‌ به‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا بشكێنێته‌وه‌، چونكه‌ تاوه‌كو ئێستا عیراقییه‌ ئاماده‌ی وازهێنان نییه‌ له‌مافی خۆی و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پێویسته‌ مالیكی یه‌كڕیزی هاوپه‌یمانی نیشتمانی بپارێزێت، چونكه‌ تاگه‌ رێگه‌یه‌ كه‌بتوانێت لێوه‌ی بگاته‌ كورسی سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ رووبه‌ڕووی ناكۆكی و ململانێ بۆته‌وه‌ له‌هه‌مانكاتیشدا به‌رنامه‌و ئه‌جێندای خۆی وه‌ك كوتله‌یه‌كی په‌رله‌مانی رانه‌گه‌یاندووه‌، هه‌روه‌ها مالكی له‌ماوه‌ی رابردوودا نه‌یتوانیوه‌ لیستی عیراقییه‌ رازی بكات به‌وه‌ی به‌شداری له‌حكومه‌ته‌كه‌یدا بكات یاخود لانیكه‌م هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵدا پێكبهێنن، بۆیه‌ لیستی عیراقییه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هه‌ورازانه‌ی تری به‌رده‌م مالكی.

رازیكردنی كورد

رازیكردنی كورد له‌عیراقدا ئه‌ركێكی قورسی تری مالكیه‌ كه‌ده‌بێت ئه‌نجامی بدات، به‌تایبه‌تی كه‌نه‌خشه‌ی سیاسی ئه‌مڕۆ له‌عیراقدا ئه‌و ململانێ به‌هێزه‌ی له‌نێوان پێكهاته‌و هێزه‌كانی و به‌هۆی پێگه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان خاڵ و جه‌مسه‌رێكی به‌هێزی نه‌خشه‌ی سیاسییه‌ له‌عیراق، به‌جۆرێك كه‌سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌كان ناتوانن فه‌رامۆش یان په‌راوێزی بخه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ مالكی بۆ گه‌یشتن به‌كورسی سه‌رۆكی حكومه‌ت ره‌زامه‌ندی هه‌رێمی كوردستانی پێویسته‌، ئه‌مه‌ش واده‌خوازێت كه‌ كارنامه‌و نه‌خشه‌یه‌كی رێگا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێم له‌عیراقدا ئاماده‌ بكات و له‌هه‌مانكاتیشدا رازی بێت، به‌داواكارییه‌كانی كورد له‌عیراقدا تاوه‌كو پشتیوانی پێكهاته‌یه‌كی به‌هێز بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و راستیه‌ی كه‌پێشتر كورد له‌عیراقدا ئه‌زموونی حوكمڕانی له‌گه‌ڵ مالكیدا هه‌بوو له‌سایه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یدا ناوبه‌ناو گرفت بۆ هه‌رێمی كوردستان دروستكراوه‌و دۆسێی هه‌ڵواسراوی بێ چاره‌سه‌ركردنی له‌نێواندا هه‌یه‌و ماده‌ی (140) جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ سه‌ره‌ڕای چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌كی مالكی بۆ ده‌ستكاریكردنی ده‌ستوورو به‌هێزكردنه‌وه‌ی ناوه‌ندیه‌تی و زیادكردنی ده‌سه‌لاته‌كانی ناوه‌ندو چه‌ند بوارێكی تر كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر هه‌رێم هه‌یه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌ركی مالكییه‌ كه‌شێوازو ئالیه‌ت و بنه‌ماو به‌رنامه‌و كارنامه‌ی حوكمی نوێ پێشكه‌ش به‌كورد بكات به‌جۆرێك كه‌ببێته‌ هۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) له‌گه‌ڵ پێدانی گره‌نتی بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی پێشتر، هه‌روه‌ها پێویسته‌ مالكی رۆڵی هه‌بێت له‌مسۆگه‌ركردنی ده‌نگی (2\3)ی ده‌نگی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار كه‌داواكراوه‌ بدرێته‌وه‌ به‌كورد له‌عیراقدا له‌گه‌ڵ پشتیوانیكردنی داواكاریی و پڕۆژه‌ یاساكان له‌ناو په‌رله‌مانی عیراقی، چونكه‌ كورد ده‌بێت به‌شێك له‌رێككه‌وتنه‌كانی ببه‌ستێته‌وه‌ به‌هاوپه‌یمانی ناو خودی په‌رله‌مان له‌به‌رئه‌وه‌ی گرفت و كێشه‌كانمان له‌ڕێگه‌ی یاساوه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و پێگه‌ی كورد له‌په‌رله‌مانی عیراقیدا له‌م رووه‌وه‌ لاوازه‌ پێویستی به‌هاوپه‌یمانی هه‌یه‌ بۆ مسۆگه‌ركردنی ده‌رچوونی یاساكان یان رێگریكردن له‌و یاسایانه‌ی كه‌دژ به‌به‌رژه‌وه‌ندیی هاوولاتیانی كوردستانه‌.