كوده‌تای‌ سه‌ربازی

شفق نيوز

سه‌رچاوه‌ی‌ ده‌نگۆیه‌كه‌ش لێدوانێكی‌ "جۆن جنگیزی‌" باڵیۆزی‌ به‌ریتانیا بوو. گوایه‌ پیلانێك بۆ گۆڕینی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ نوری‌ مالیكی‌ له‌ئارادایه‌. بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ حكومه‌تی‌ عیراق ڕۆژی‌ 12ی‌ مانگ هه‌ڵسا به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاتوچۆ و بڵاوه‌پێكردنی‌ هێزه‌ تایبه‌تیه‌كانی‌ خۆی‌ له‌ناو به‌غدای‌ پایته‌خت و پشكنین و چاودێریكردنی‌ جوڵه‌ی‌ هاوڵاتیان. ئه‌وه‌ی‌ جێگای‌ سه‌رنجه‌ كوده‌تای‌ سه‌ربازی‌ له‌ ساڵانی‌ په‌نجا و شه‌ست و حه‌فتا و هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ ڕابردوو له‌ وڵاتانی‌ جیهانی‌ سێ به‌تایبه‌ت زۆر باو بوو. هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ پشت كوده‌تاكانیش زیاتر دوو جه‌مسه‌ری‌ جیهان بوو. هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ی‌ كوده‌تایان ده‌كرد ناوی‌ شۆڕش و گۆڕانی دیموكراتیان لێده‌نا، یه‌كسه‌ر یان له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت یان ئه‌مریكا و به‌ریتانیاوه‌ پشتگیری‌ ده‌كراو لایه‌نه‌كانی‌ تر بێده‌نگ ده‌بوون و له‌ شوێنێكی‌ تر هه‌وڵی‌ كوده‌تایان ده‌دا له‌ قازانجی‌ خۆیان. له‌ مێژوودا نموونه‌ی‌ له‌م شێوه‌یه‌ زۆره‌ پێویست به‌ ناوهێنانیان ناكات لێره‌دا. سه‌باره‌ت به‌كوده‌تای‌ سه‌ربازی‌ له‌ ئێستای‌ وڵاتێكی‌ وه‌كو عیراقدا زۆر ئه‌سته‌مه‌، چونكه‌ عیراق ئێستا وڵاتێكی‌ سێنترال نییه‌ و سه‌رجه‌م پارێزگا و ناوچه‌كانی‌ به‌ ڕایه‌ڵه‌یه‌كی‌ توند به‌ پایته‌خته‌وه‌ گرێدرابێ‌ و یه‌ك ڕه‌نگ و یه‌ك سیاسه‌ت و یه‌ك هه‌ژموون بێت. هه‌ركاتێ‌ له‌به‌غدا گۆڕانێك ڕووبدات به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ تر جوڵه‌ی‌ هێزیان بۆ بكرێت له‌ شوێنی‌ خۆیان یه‌كسه‌ر بگۆڕێن و ملكه‌چی‌ گۆڕانی‌ تازه‌ی‌ به‌غدا بن. له‌سه‌رده‌می‌ ڕژێمی‌ پاشایه‌تی‌ (1921_1958) ماوه‌یه‌كی‌ زۆری‌ پێچوو تاكو عیراق بووه‌ وڵاتێكی‌ سێنتراڵ، بۆیه‌ كاتێ‌ له‌ 14ی‌ ته‌مموزی‌ 1958 له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ر كوده‌تا ئه‌نجامدرا، یه‌كسه‌ر هه‌ر چوارده‌ لیواكه‌ی‌ ئه‌وسا وڵات بوونه‌ وابه‌سته‌ی‌ كوده‌تاچیه‌كان له‌ پایته‌خت و جاڕی‌ حوكمی‌ كۆماری‌ درا. ئه‌وكات سوپای‌ عیراق یه‌ك ڕه‌نگ و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ خزمه‌تی‌ ئیجباری‌ بوو. نه‌وه‌ك وه‌ك ئێستا جۆرێك له‌ میلیشایه‌ و چه‌ندین جۆر بیروباوه‌ڕی‌ نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌بی‌ و حزبی‌ تێیدا زاڵه‌ و هیچ ڕایه‌ڵه‌یه‌كی‌ عه‌قائیدی‌ و فكری‌ به‌یه‌كه‌وه‌یان نابه‌ستێته‌وه‌. بۆیه‌ هه‌موو كوده‌تاكانی‌ عیراق ته‌نها له‌ماوه‌یه‌كی‌ كورت و له‌ به‌غدا ئه‌نجام ده‌درا پێویستی‌ به‌ په‌لاماری‌ شاره‌كانی‌ تر نه‌بوو. له‌ ئێستادا هیچ هێزێك ناتوانێ‌ كوده‌تا بكات گه‌ر ئه‌مریكا له‌ پشتیه‌وه‌ نه‌بێ‌، چونكه‌ ئه‌مریكا ده‌توانێ‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ له‌ عیراقدا هه‌یه‌. گه‌ر بیشیكات ته‌نها له‌ به‌غدا ده‌بێ‌ و به‌غداشی‌ وابه‌ئاسانی‌ بۆ كۆنترۆڵ ناكرێت چ جای‌ ناوچه‌كانی‌ تر كه‌وا هه‌ریه‌كه‌ی‌ جۆره‌ حكومه‌تێكی‌ تێدایه‌ و به‌ئاشكرا له‌گه‌ڵ مۆدێل و سیسته‌می‌ به‌غدا جیاوازه‌. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی‌ كرا زیاتر سیناریۆ و مانۆڕی‌ هێزێكه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ مه‌سیجێك بدات به‌ ڕكابه‌ره‌كانی‌ كه‌وا هیچ جوڵه‌یه‌كی‌ نه‌خوازراو نه‌كه‌ن، چونكه‌ هێزی‌ ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ سه‌ركوتتان بكه‌ین. تاكو عیراقیش نه‌بێته‌وه‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ سێنتراڵ هه‌رگیز كوده‌تا ڕوونادات و به‌كه‌سیش ناكرێ‌.