دیوه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئاگر به‌ست

شفق نيوز

مانگێكی‌ دیكه‌ درێژكرده‌وه‌. موراد كه‌ره‌یلان ئاماده‌یی‌ ئه‌وه‌شی‌ پیشاندا كه‌ ئاگربه‌ستی‌ درێژ دروست ببێ‌.

ئه‌گه‌ر وردبینه‌وه‌و پرسیار بكه‌ین، ئایا ئه‌و ئاگربه‌ستانه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ به‌هۆی‌ لاوازییانه‌، یان له‌ پێگه‌ی‌ هێزه‌وه‌یه‌؟ به‌بڕوای‌ من PKK ئێستا له‌ یه‌كێك له‌ قۆناغه‌ زێڕینه‌كانی مێژووی‌ خۆیدا ده‌ژی‌، چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ڕووی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ خاوه‌نی‌ باكگراوندێكی‌ مێژووییه‌و له‌ڕووی‌ جوگرافییه‌وه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی‌ زۆر سه‌ختتدا ئاماده‌یی‌ پارێزگاری‌ له‌خۆكردنیان ده‌مێكه‌ دروستكردووه‌، له‌ڕووی‌ سیاسییه‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێگه‌ی‌ به‌هێزه‌، چونكه‌ له‌ ناوخۆی‌ توركیا شه‌قامی‌ كوردی‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر هۆشیارو سازو چالاك و ئاماده‌و نه‌ترسه‌. به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا نزیكه‌ی‌ 100 سه‌رۆكایه‌تی‌ شاره‌وانی‌ به‌ده‌ست كورده‌و كورد خاوه‌نی‌ فراكسیۆنێكی‌ پارله‌مانییه‌و رۆژ دوای‌ رۆژ پێگه‌ی‌ پارته‌كه‌یان له‌ ناوخۆی‌ توركیا به‌رزده‌بێته‌وه‌. ئه‌مانه‌ هه‌موویان بۆ په‌كه‌كه‌ ئینرژین (وزه‌ن)، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان په‌یوه‌ندی‌ راسته‌وخۆشی‌ نه‌بێ‌، به‌ڵام شه‌ڕی‌ نیه‌، ورده‌ورده‌ یه‌كێتی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ نێو كوردان له‌ دروستبووندایه‌، ئه‌مه‌ش بۆ په‌كه‌كه‌ پێگه‌ی‌ هێزه‌. له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ وازهێنان له‌ شه‌ڕ و ده‌ستپێشخه‌ری‌ له‌ ده‌رفه‌تی‌ ئاشتی‌ و بێده‌نگكردنی‌ تفه‌نگه‌كان، بۆ هه‌یبه‌ت و سومعه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و ناو توركیا زۆر گرنگه‌، ئه‌مانه‌ هانی‌ پارله‌مانتارانی‌ ئه‌وروپا و میدیاكانیان و كه‌سایه‌تیه‌ لیبراله‌كانی‌ نێو توركیا ده‌دات كه‌ ئیدی‌ ورده‌ورده‌ ناوی‌ تیرۆریستی‌ له‌سه‌ر ئه‌و پارته‌ لابه‌رن.

بۆیه‌ ئاگر به‌ست به‌ر له‌ هه‌ر لایه‌نێك خزمه‌تی‌ په‌كه‌كه‌ خۆی‌ ده‌كات و گه‌وره‌تری‌ ده‌كات. له‌لایه‌كی‌ دیكه‌ش ئه‌و ئاگربه‌ستانه‌ ورده‌ورده‌ هه‌ناسه‌ له‌و گروپ و كه‌س و لایه‌نانه‌ی‌ ناو توركیا ده‌بڕن كه‌ مانه‌وه‌یان و گه‌شه‌ و گه‌وره‌بوونیان په‌یوه‌سته‌ به‌به‌رده‌وامی‌ شه‌ڕو توندوتیژی‌، له‌پاڵ ئه‌مه‌ش كه‌ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تی‌ توركیا له‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ سه‌ربازی‌ و سیاسی‌ بۆ سه‌ر كورد به‌رده‌وامن و په‌كه‌كه‌ له‌ ئاگربه‌ست درێژكردنه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ كاریگه‌ری‌ پۆزه‌تیڤی‌ له‌سه‌ر دروستكردنی‌ یه‌كڕیزی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ناو كوردانی‌ باكور ده‌بێت و به‌ باشه‌ بۆ كێرڤی‌ ده‌نگه‌كانی‌ BDP و خراپه‌ بۆ ده‌نگه‌كانی‌ AKP له‌ شاره‌ كوردییه‌كان ده‌شكێته‌وه‌. به‌تایبه‌ت كه‌ پێویسته‌ له‌م مانگه‌ پارله‌مانی‌ توركیا له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی‌ و داوای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، مۆڵه‌تی‌ رێگه‌پێدانی‌ سوپای‌ وڵاته‌كه‌یان بۆ له‌شكركێشی‌ ئه‌ودیو سنوور بۆ ماوه‌ی‌ ساڵێك درێژبكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ سومعه‌ی‌ AKP خراپه‌ كه‌ هه‌شت مانگێك بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ پارله‌مان ماوه‌، له‌ هه‌مان كات كارتێكی‌ باشه‌ به‌ده‌ست BDPه‌وه‌ بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی‌ بانگه‌شه‌كانی‌ AKP له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان. ئه‌گه‌ر AKP سوود له‌و ئاگربه‌ستانه‌ وه‌رنه‌گرێ‌ و به‌كاریان نه‌هێنێ‌، ورده‌ورده‌ كوردی‌ له‌ده‌ست ده‌چێ‌.