مه‌غریب به‌نیازه‌ لامه‌ركه‌زییه‌كی به‌رفراوان جێبه‌جێبكات

شفق نيوز

راوێژكاران له‌په‌رله‌مانی مه‌غریب، داوایكرد كه‌پشت به‌لامه‌ركه‌زییه‌تی به‌رفراوان ببه‌سترێت له‌سه‌رجه‌م ولاتی مه‌غریبدا، دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لات له‌بیابان پشتی پێبه‌ست.

له‌وته‌یه‌كیدا بۆ رۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات، محه‌مه‌د شێخ له‌په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی حزب له‌ناوچه‌ی عیون له‌بیابان وتی:  كۆبوونه‌وه‌ له‌م شاره‌دا ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ دیموكراسی و ئابووریی و كۆمه‌لایه‌تی و كلتووری و ره‌نگدانه‌وه‌ی ئیراده‌ی مه‌غریبه‌ له‌دامه‌زراندنی دیموكراسیی نوێكراوه‌ كه‌به‌هاكانی مرۆڤایه‌تی بپارێزێت و پشت ئه‌ستووربێت به‌لامه‌ركه‌زی له‌گرتنه‌به‌ری به‌ڕێكردنی كاروباره‌كاندا.

شاری عیون كه‌نزیكه‌ی 200.000 كه‌س تێیدا نیشته‌جێیه‌و 1440 كیلۆمه‌تر له‌باشووری ریباته‌وه‌ دووره‌و یه‌كه‌م هه‌رێمی مه‌غریبه‌ كه‌ئه‌زموونی لامه‌ركه‌زیی فراوانی تێدا جێبه‌جێده‌كرێت، ئه‌م شاره‌ 16 كیلۆمه‌تر له‌كه‌ناره‌كانی ئۆقیانوسی ئه‌تڵه‌سییه‌وه‌ دووره‌، خاوه‌نی گه‌وره‌ترین به‌نده‌ره‌ له‌مه‌غریب بۆ هه‌نارده‌كردنی ماسی و فۆسفات، پشت به‌گه‌شتوگوزارو بازرگانی ده‌به‌ستێت و له‌دوورگه‌كانی خالیداته‌وه‌ نزیكه‌، هه‌روه‌ها ناوه‌ندێكی ناوخۆییه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان و گه‌وره‌ترین وێستگه‌ی شیرینكردنه‌وه‌ی ئاوی ده‌ریای هه‌یه‌ له‌هه‌موو ناوچه‌كه‌دا.

مه‌غریب به‌نیازه‌ به‌رنامه‌یه‌كی وزه‌ی خۆر دابمه‌زرێنێت كه‌نزیكه‌ی 9 ملیۆن دۆلاری تێده‌چێت به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی پێنج وێستگه‌ی وزه‌ی جێگره‌وه‌ كه‌دوانیان ده‌كه‌وێته‌ بیابانه‌وه‌.

گه‌شه‌پێدانی جۆراوجۆر

فوئاد عالی دامه‌زرێنه‌ری پارتی ره‌سه‌نایه‌تی و هاوچه‌رخی كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی شاره‌وانیدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌، رایگه‌یاند: مه‌غریب یه‌كه‌م ولاتی عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌ كه‌ئۆتۆنۆمی و لامه‌ركه‌زی به‌رفراوان جێبه‌جێده‌كات بۆ به‌شداریپێكردنی دانیشتوان له‌داڕشتنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ جۆراوجۆره‌كانی گه‌شه‌پێداندا كه‌شانبه‌شانی ولاتانی تر گۆڕانكاری بكات و یاساو چاكسازیی و نوێبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بدات، هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له‌بیرۆكه‌ی بڕیاردانی ناوه‌ندیی پایته‌خت دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌روه‌ها وتی: مه‌غریب ئه‌زموونێكی دیموكراسی و گه‌شه‌پێدان له‌ناوچه‌ی باكووری ئه‌فریقا به‌ڕێوه‌ده‌بات، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وایلێكردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك هێزو ولاته‌وه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ندێك گرفت ببێته‌وه‌.

چاكسازی و دیموكراسی

به‌رنامه‌كانی مه‌غریب له‌چاكسازی و دیموكراسی له‌ڕێی مه‌سه‌له‌ په‌راوێزكراوه‌كانه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات و خۆی ده‌سه‌پێنێت، عالی وتیشی: پارته‌كه‌ی له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ نه‌خشه‌ی لامه‌ركه‌زی به‌رفراوان له‌بیابان به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی خه‌ڵكی هه‌رێمه‌كه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌  ناوخۆییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ژیانیان و سوودوه‌رگرتن له‌سه‌رچاوه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمه‌كانیان.

كه‌مبوونه‌وه‌ی داهات

مه‌غریب ئێستا 16 ناوچه‌ی ئابووریی له‌سه‌ر رووبه‌ری نزیكه‌ی 741 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ هه‌یه‌و هه‌ندێكیان سه‌رچاوه‌ی سروشتی و ئابووریی باشیان تێدایه‌و هه‌ندێكی دیكه‌شیان به‌ده‌ست كه‌میی سه‌رچاوه‌و ئاڵۆزیی كۆمه‌لایه‌تییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، كه‌بوونه‌ته‌ هۆی جیاوازی داهات و پشتیوانیی بودجه‌ی مه‌ركه‌زیی حكومه‌ت له‌ڕیبات.

شایانی باسه‌ واچاوه‌ڕوانده‌كرێت ئه‌م به‌رنامه‌ نوێیه‌ی مه‌غریب له‌دوو ساڵی ئاینده‌دا ده‌ستپێبكات، كه‌ده‌كاته‌ رۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆ گۆڕینی حكومه‌تی ئێستاو ده‌توانرێت له‌ئێستاوه‌ باس له‌سه‌ركه‌وتنی پارتی پارتی ره‌سه‌نایه‌تی و هاوچه‌رخیی تازه‌ سه‌رهه‌ڵداو بكات.