رواڵه‌ت و گه‌وهه‌رى ته‌نگانه‌ى عیراق ‌

شفق نيوز

به‌رپرسیارێتییه‌كى نیشتمانى گه‌وره‌، له‌مه‌قته‌عێكى مێژووى هه‌ستیاردا. له‌ڕواڵه‌تدا پێله‌كردنێكى ره‌وایه‌ له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌لوتكه‌ى ده‌سه‌لاتى جێبه‌جێكردن، له‌ده‌وره‌یه‌كى پڕمه‌ترسی كه‌ده‌وره‌ى كشانه‌وه‌ى یه‌كجاره‌كى هێزه‌كانى ئه‌مریكایه‌ له‌عیراقدا. ئه‌مه‌ ته‌نیا رواڵه‌تى كێشه‌كه‌یه‌، كه‌ئێستا سه‌رى ناوه‌ته‌ ته‌نگانه‌یه‌كى سیاسى قوڵه‌وه‌. گه‌وهه‌رى كێشه‌كه‌ به‌رى ململانێیه‌كى سه‌ختى (تائیفى- مه‌زهه‌بى) لاسه‌نگه‌، له‌نێوان دوو هێزى سیاسى كۆمه‌لایه‌تى، دوو پێكهاته‌ى گرنگى مه‌زهه‌بى، كه‌پتر له‌   1000ساڵ ته‌مه‌نیه‌تى. ململانێیه‌كى لاسه‌نگه‌ له‌ژماره‌و ئیمتدادو خه‌ون و جیهانبینى و تێڕوانین بۆ شێوازى حوكمڕانى و ده‌سه‌لاتى دین و..هتد.دواى هه‌زاره‌یه‌ك له‌حوكمڕانى، سوننه‌كانى عیراق دڵشكاو و هه‌راسان له‌كه‌وتنى رژێمى پێشوو، ناڕازى له‌ده‌وره‌ى پێشووى په‌رله‌مان، له‌هه‌وڵى جدیدان بۆ سه‌ندنه‌وه‌ى لانیكه‌مى به‌شێك له‌ده‌سه‌لات به‌پشت به‌ستن به‌و كورسییه‌ زۆرو ناڕه‌وایه‌ى له‌م ده‌وره‌یه‌و به‌ته‌حایول له‌سه‌ر دیموكراسى و بیانگه‌گرتن و دروستكردنى ئه‌زمه‌و سوود وه‌رگرتن له‌كه‌شى پڕ له‌هه‌ڵچوون و داچوونى تیرۆر، به‌ده‌ستیان هێنا، لایه‌كى هاوكێشه‌ لاسه‌نگه‌كه‌ پێكدێنىَ و لاى دووه‌مى شیعه‌كانن كه‌دواى هه‌زاره‌یه‌ك له‌ئیحبات و نائومێدى و ئاپارتایدى مه‌زهه‌بى (ئه‌گه‌ر ناولێناكه‌ راست بىَ)  مژده‌ى دیموكراسى، خه‌ونه‌ دێرینه‌كه‌ى به‌دیهێنان و ئێستا نایانه‌وىَ به‌ئاسانى له‌ده‌ستى بده‌ن.  زۆرن ئه‌وانه‌ى شیكردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌و وێنه‌ ئاڵۆزه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌دیموكراسى تازه‌ پێگرتووى عیراق و ئه‌و ده‌رهاویشتانه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتیى عیراق به‌دواى خۆیدا هێنان و پرسه‌كه‌ به‌و لایه‌دا ته‌وجیهده‌كه‌ن، كه‌دیموكراسى له‌ڕه‌وتى به‌ره‌وپێشچوونى خۆى و تێپه‌ڕاندنى قۆناغى گواستنه‌وه‌ كێشه‌ى له‌و جۆره‌شى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌لام به‌سه‌رنجدان له‌واقیعى ئه‌مڕۆى عیراق و ئاڕاسته‌ى ململانێى هێزه‌ سیاسییه‌كانى، به‌ئاسانى درك به‌وه‌ ده‌كرىَ، ده‌وره‌ى پێشووى ژیانى په‌رله‌مانى عیراق له‌ده‌ستى نه‌هاتووه‌ گۆڕینێكى ئه‌رێى له‌فاكت و ره‌گه‌زه‌ ناكۆكه‌كانى كۆمه‌ڵگاى عیراقدا دروست بكات. هێزو ته‌زووه‌ فكرى سیاسییه‌كان هه‌ر له‌به‌ره‌و نه‌وه‌ كۆنه‌كه‌ن و داخوازى و ئامانجه‌كانیش هه‌روه‌تر.  له‌ده‌وره‌ى پێشوودا سوننه‌كان به‌فكرو روانینى ته‌عالى و فه‌زلى عروبه‌وه‌ له‌فۆرمى نوێدا خۆیان ته‌رحكرده‌وه‌و هاتنه‌ ناو گۆڕه‌پانى ململانێوه‌. هه‌مان ئه‌و پڕۆژه‌شیان خسته‌ڕوو كه‌هێزه‌ ته‌قلیدییه‌كانى پێش خۆیان بۆ حوكمڕانى و ده‌سه‌لات و به‌ڕێوه‌بردن ماوه‌یه‌كى دوورودرێژ به‌زۆر شێوازى جیاواز به‌سه‌ر گه‌لانى عیراقیاندا سه‌پاندبوو. ئێستاش دواى تێپه‌ڕاندنى ده‌وره‌ى پێشوو دواى هه‌موو ئه‌و ئه‌زموونه‌ تاڵه‌ى رابردووى نزیك، پلاتفۆرمێكى نوێیان نییه‌ ببێته‌ شاخسى ئه‌و گۆڕینه‌ى پێویسته‌ دیموكراسى (هیچ نه‌بىَ له‌ڕووى تیۆرییه‌وه‌) له‌ڕه‌وتى به‌ره‌وپێشچوونى خۆى به‌دى بێنىَ.  ده‌وره‌ى پێشوو له‌هه‌گبه‌كه‌یدا گۆڕینێكى بنه‌ڕه‌تى له‌دنیادیتن و پڕۆژه‌و ئامانجى بۆ شیعه‌كانیش هه‌ڵنه‌گرتبوو، هه‌رچه‌نده‌ نابىَ ئه‌وه‌ نادیده‌ بگرین كه‌به‌شێك له‌ڕه‌وته‌ شیعییه‌كان توانیان تاڕاده‌یه‌ك خۆیان له‌و عوسامیه‌ت و ته‌قیه‌كردنه‌ ده‌رباز بكه‌ن، كه‌بارودۆخى ره‌شى دیكتاتۆری و چه‌پاندن به‌سه‌ریدا سه‌پاندبوون، كراوه‌تر له‌سوننه‌كان په‌یوه‌ندى سیاسى و ستراتیجیان رێكخست و دۆست و دوژمنیان پله‌به‌ندى كرد، نابىَ ئه‌وه‌ نادیده‌ بگرین به‌شێكى گه‌وره‌ له‌شیعه‌كان، به‌ڕووى دیموكراسى و چه‌مكه‌ نوێیه‌كانى هاوولاتى و مافه‌كانى مرۆڤ و فیدرالى و فره‌ییدا كرانه‌وه‌، باشتر له‌سوننه‌كان مه‌فهومى پێكه‌وه‌ ژیانیان به‌رجه‌سته‌و پیاده‌ كرد.

لێره‌وه‌ ده‌شىَ بگووترىَ، ته‌نگانه‌ى ئه‌مڕۆى عیراق زاده‌ى هه‌لومه‌رجى سیاسى و كۆمه‌لایه‌تى چه‌قبه‌ستووى دوو پێكهاته‌ ناكۆك و دژ به‌یه‌كه‌كه‌یه‌. دیموكراسى رێگه‌چاره‌ى پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن و پێكه‌وه‌ژیانه‌، له‌سه‌ر زه‌مینى واقیع  و داننان به‌پێدراوه‌كانى جا چ سیاسى بن یان كۆمه‌لایه‌تى. ململانێى مه‌زهه‌بى، واقیعى حاڵى عیراقه‌، به‌بىَ ئیعترافكردن به‌و واقیعه‌و مامه‌ڵه‌كردنێكى ژیرانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێدراوه‌، دیموكراسى له‌وه‌ى پتر لىَ چاوه‌ڕىَ ناكرىَ هیچ، مه‌ترسى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ دووچارى ره‌دده‌ى زۆر دژوار ببىَ.