هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو

شفق نيوز

ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ مانگی‌ دادێ‌ ده‌نگ به‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ بدات كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ پتوكردنی‌ لایه‌نی‌ ئه‌منی‌ و گێڕانه‌وه‌ی‌ سه‌قامگیری‌ بۆ عیراق ده‌كه‌ن.

هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو پێده‌چێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشووتر جیاوازتر بێت و سیما و خه‌سڵه‌تی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ هه‌بێت.

به‌شداربوانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ عیراق ناتوانن زۆرینه‌ به‌ده‌ست بهێنن و نه‌خشه‌ی‌ ده‌ره‌نجام و ئاكامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنیش له‌ئێستاوه‌ واده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پێویست ده‌كات له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ زیاتر له‌چه‌ند ته‌كه‌تولێكی‌ په‌رله‌مانی‌ یه‌كبگرن بۆ مه‌به‌ستی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت.

هه‌ڵبژاردنی‌ 2010 دوابه‌دوای‌ ئه‌زمونێكی‌ دیموكراتی‌ گه‌وره‌ی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت دێته‌ئارا و عیراقییه‌كانیش هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ به‌شێوازێكی‌ دی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌مجاره‌دا بكه‌ن.

سیناریۆی‌ تایه‌فه‌گه‌ری‌ و دابه‌شكردنی‌ ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌، پێناچێت له‌ له‌مجاره‌دا دووباره‌ببێته‌وه‌ و پێشهاته‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو كه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن ناچاوه‌ڕوانكرابن.

عیراق خۆی‌ بۆ قۆناغێكی‌ نوێ‌ ئاماده‌ ده‌كات و ئه‌و قۆناغه‌ نوێیه‌ش پشت به‌ ده‌نگی‌ ئه‌و هاوڵاتییه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ چاوی‌ له‌ ئاسۆیه‌كی‌ گه‌شتر بڕیوه‌ بۆ ئاینده‌ی‌ وڵات و نایه‌وێت چی‌ دی‌ عیراق له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و ڕێڕه‌وه‌ ڕی‌ بكات كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ ده‌سته‌وستان بێت له‌ پاراستنی‌ سه‌رو ماڵی‌ هاوڵاتیانی‌.

وێڕای‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ بوێر و ئازایانه‌ی‌ كه‌ ده‌سته‌ی‌ "لێپرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری‌" بۆ بنه‌بڕكردنی‌ به‌عسییه‌كان هه‌ڵیناو چه‌ند ناوێكی‌ گرنگی‌ له‌و نێوه‌نده‌دا له‌ هه‌ڵبژاردن دوورخسته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا مه‌ترسی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌عسییه‌كان وه‌ك خێوێك، خۆی‌ بۆ داهاتووی‌ عیراق مه‌ڵاسداوه‌.

ده‌گوترێت له‌مجاره‌دا به‌عس له‌سه‌ر تانكه‌كانی‌ ئه‌مریكاوه‌ ناگڕێته‌وه‌ نێو ژیانی‌ سیاسی‌ عیراق، به‌ڵام له‌ڕێی‌ شه‌مه‌ندۆفێری‌ دیموكراسییه‌وه‌ خۆی‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌ وڵاتدا.

ئه‌وان به‌وپێیه‌ی‌ له‌ شوباتی‌ 1968وه‌ تا مانگی‌ نیسانی‌ 2003 جڵه‌وی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ عیراقیان له‌ده‌ستدابوو، له‌ كه‌رته‌كانی‌ فێركاری‌ و سوپا و پۆلیس و كه‌رته‌ ژیارییه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ژیانی‌ عیراقییه‌كاندا  سیاسه‌تی‌ به‌ "به‌به‌عسیكردن"یان به‌كارهێنا و ئه‌و سیاسه‌ته‌ش به‌ ڕوخانی‌ فاشیزم كاریگه‌رییه‌كانی‌ ڕویان له‌ پوكانه‌وه‌ نه‌كرد و بگره‌ به‌ دروستبوونی‌ هه‌ندێك كه‌لێن و كه‌مته‌رخه‌می‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ نوێی‌ عیراق، سه‌رله‌نوێ‌ بوژانه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنییان به‌خۆوه‌بینی‌.

به‌عسییه‌كان له‌ژێر هه‌ر ناوێكدا بێت جارێكی‌ دی‌ له‌ ژیانی‌ سیاسیدا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوش داروازه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو.

بیانوی‌ به‌سیاسه‌تكردنی‌ بڕیاره‌كانی‌ "لێپرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری‌" ، كاریگه‌ری‌ نێگه‌تیڤی‌ له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌بێت پێده‌چێت هێنده‌ی‌ تر ببێته‌ هانده‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ دی‌ له‌نێو په‌رله‌مانی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ داهاتووی‌ عیراقدا گوێمان له‌ "ده‌نگ ده‌ده‌م به‌ به‌عس" ببێته‌وه‌!