كه‌لتوری‌ ناڕازیبوون‌و به‌رپرسیارێتی‌

شفق نيوز

باشتر له‌جیاتی‌ باش‌و باشترین له‌جیاتی‌ باشتر وه‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌م هه‌وڵدانه‌ش هه‌ر له‌خۆڕا نه‌بووه‌و به‌رهه‌می‌ ده‌یان ساڵ له‌شۆڕش‌و قوربانیدان‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ تاڵ‌و تفتی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وی‌ ڕۆژگاردا. كاتێكیش خودی‌ مرۆڤ هه‌ستی كردووه‌، به‌رهه‌م گه‌لێكی‌ وه‌ده‌ست هێناوه‌، بیری‌ له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ چه‌ندێك هه‌وڵبدات بۆ زیاتركردن‌و فراوانكردنی‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌، ده‌ هێنده‌ هه‌وڵیداوه‌ بۆ پاراستنی‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ده‌ستی هێناوه‌، ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ده‌ستكه‌وت‌و به‌رهه‌مه‌كانی‌ لای‌ خۆشمان بده‌ینه‌وه‌ له‌ڕووی‌ ئه‌همییه‌ت‌و نرخ‌و كاریگه‌رییه‌وه‌، هیچ كه‌متر نییه‌ له‌وه‌ی‌ له‌رۆژئاوا، كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌كانی‌ 19 و 20 به‌ده‌ست هاتوون، ئه‌وانیش وه‌ك ئێمه‌ به‌كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو‌و قۆناغی‌ سه‌خت‌و دژوار، توانییان ببنه‌ ده‌وڵه‌ت‌و خاوه‌نی‌ سه‌روه‌ری‌ خۆیان.. به‌ڵام!! ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌نێوان ئێمه‌و ئه‌واندا ناوازه‌و جیاوازه‌ بریتییه‌ له‌به‌كه‌م سه‌یركردنی‌ ئێمه‌یه‌ بۆ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌و به‌هه‌ده‌ربردنییه‌تی‌.

ئێستاش ئێمه‌ به‌عه‌قڵییه‌تی‌ خۆبه‌خاوه‌ن نه‌زانینی‌ ته‌واوی‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ ڕه‌فتار ده‌كه‌ین. ئه‌م كه‌لتوره‌ ڕۆچۆته‌ ناو هه‌ناوی‌ ته‌واوی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت وردبۆته‌وه‌ بۆ ڕه‌فتاری‌ ڕۆژانه‌مان. هه‌ست نه‌كردن به‌به‌رپرسیارێتی‌ له‌ودیو ده‌رگا داخراوه‌كانی‌ ناو ماڵ‌و باڵه‌خانه‌كانه‌وه‌ به‌ڕوونی‌ دیاره‌.

كاتێك كه‌سێك ناتوانێت پارچه‌ كاغه‌زێك یان شوشه‌یه‌ك له‌ناو حه‌وشه‌و ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا فڕێبدات، به‌ڵام زۆر بێ‌ شه‌رمانه‌ هه‌ڵی‌ ده‌داته‌ ئه‌و دیو ده‌رگاو سیاجی‌ ماڵه‌كه‌یه‌وه‌.

كاتێك شۆفێرێك بتڵی‌ ئاو یان ساردی‌ له‌ئۆتۆمبیله‌كه‌یه‌وه‌ فڕێ‌ ئه‌داته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان.

كاتێك كه‌سێك دڵی‌ به‌هیچ شتیكی‌ ئه‌م وڵاته‌ ناسوتێت، ئه‌و كاته‌ی‌ هه‌ندێك كه‌سی‌ كاڵفام بێ‌ گوێدانه‌ هیچ یاساو ڕێسایه‌كی‌ ژیان‌و به‌مه‌رگ دۆستی‌، په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر سوتاندنی‌ خاكی‌ ئه‌م وڵاته‌، ته‌نیا بۆخۆشی‌ خۆیان سه‌دان دۆنمی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن به‌دۆزه‌خ بۆ په‌له‌وه‌رو باڵنده‌و مێرووه‌كان، ئه‌م زه‌نگی‌ مه‌ترسیداره‌، كه‌ ئه‌وانه‌ پێمان ده‌ڵێن: جا بۆ نه‌سوتێت خۆ ماڵی‌ باوكمان نییه‌. ئه‌مه‌و ده‌یان دیارده‌ی‌ قێزه‌ونی تر، خۆ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌هۆكارو به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌م دیاردانه‌ بكۆڵینه‌وه‌، ئه‌وا پێویستی‌ به‌ده‌یان لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ وتارێكی‌ وه‌ك ئه‌مه‌ی‌ ئێستا جێی‌ نه‌بێته‌وه‌.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، ته‌نها چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌مجۆره‌ دیاردانه‌ ئه‌وه‌یه‌، حكومه‌ت له‌به‌رامبه‌ر بكه‌ری‌ هه‌ریه‌ك له‌مجۆره‌ دیاردانه‌دا، غه‌رامه‌و باج‌و سزای‌ یاسایی‌ توند دابنێت، چونكه‌ وه‌ك له‌سه‌ره‌تا باسمان له‌وڵاتانی‌ پێشكه‌وتووی‌ ئه‌وروپا كرد، ئه‌وانیش تا ئێستا یه‌كێك له‌كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ رێزگرتن‌و سه‌روه‌ریی‌ یاسا بریتیه‌ له‌غه‌رامه‌و سزا، كه‌ ڕێگره‌ له‌به‌رده‌م هه‌ر سه‌رپێچی‌‌و زیاده‌ڕه‌وییه‌كدا.