ئایا ئۆباما پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ له‌ گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی

شفق نيوز

به‌وه‌ی، كه‌ سه‌رۆك ئۆباما به‌شدارنابێت له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی مه‌درید له‌ مانگی ئایار-ی داهاتوو، كه‌ دواتر ئه‌وروپییه‌كان ناچاربوون كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، هه‌روه‌ها خۆسییه‌ لویس زاپتایرۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسپانیا نه‌یتوانی چاوپێكه‌وتنێك ئه‌نجامبدات له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئۆباما یاخود بایدن-ی جێگری، له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌ دوو رۆژییه‌كه‌ی بۆ واشنتۆن.هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسپانیا وتی -هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌- سه‌باره‌ت به‌ ره‌تكردنه‌وه‌كه‌ی كۆشكی سپی، به‌ڵام هه‌ڵویسته‌كه‌ی ئۆباما كاردانه‌وه‌ی هه‌بوو له‌ ئه‌وروپا، له‌ مانشێتی رۆژنامه‌ی ئێلپێزی ئیسپانی دا هاتبوو كه‌ (ئۆباما پشت له‌ ئه‌وروپا ده‌كات) و له‌ گۆڤاری دێرشبیگل-ی ئه‌ڵمانی دا هاتبوو كه‌ (ئاماده‌نه‌بوونی ئۆباما ئه‌وروپییه‌كانی بێئومێد كرد).هه‌روه‌ها ئیسرائیل و فه‌له‌ستینییه‌كان مافی خۆیان بوو سه‌رسوڕمان بن، سه‌باره‌ت به‌ ئاماژه‌ پێنه‌كردنی ئۆباما بۆ پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ وتاره‌ 70 خوله‌كه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی ئیتحاد، كه‌چی پێش پێشكه‌شكردنی وتاره‌كه‌ی، سه‌رۆك ئۆباما له‌ چاوپێكه‌وتنێكی رایگه‌یاند كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئیداره‌كه‌ی موباله‌غه‌ی تیابوو سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوساندنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینییه‌كان.هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركرده‌كانی عیراق، دوو هه‌فته‌ پێش ئێستا، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و تاریق هاشمی جێگری سه‌رۆك كۆمار سه‌ردانی واشنتۆنیان كرد، هه‌ردووكیان به‌منیان راگه‌یاند، كه‌ هه‌ست به‌ نێگه‌رانی ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا ئیداره‌ی ئۆباما پابه‌ند ده‌بێت به‌ سه‌قامگیری و دیموكراسی له‌ عیراق، هۆكاره‌كه‌شی تا راده‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئۆباما له‌ وتاره‌كه‌ی ته‌نیا تیشكی خسته‌سه‌ر پڕۆسه‌ی پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق و هیچ بیرۆكه‌یه‌كی ده‌رنه‌خست سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی عیراق، وه‌ك هاشمی وتی من تێگه‌شتم كه‌ ئۆباما ته‌نیا ئاماژه‌ی به‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكای كرد له‌ عیراق له‌ ساڵی 2011، به‌ڵام دواتر ئایا چی رووده‌دات.كه‌واته‌، ئایا ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ مافی خۆیان نییه‌ دڵگران بن به‌رامبه‌ر به‌ ئۆباما؟ ئایا كاردانه‌وه‌ی ئۆباما به‌هۆی كێشه‌كانی سیاسه‌تی ناوخۆ پشتگوێخستنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یه‌ ؟كۆشكی سپی تا راده‌یه‌ك ده‌توانێت بڵێ نا وانییه‌. به‌ڵام له‌ راستیدا هه‌ر له‌دوای سه‌ركه‌وتنی سكۆت براون و هه‌ڵبژاردنی وه‌ك ئه‌ندامی كۆمارییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پیران، سه‌رانی به‌رپرسی سیاسی له‌ ئیداره‌ی ئۆباما زیاتر تیشك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر كاروباری ناوخۆ نه‌ك كاروباری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌لڕ ئه‌مه‌ش دیپلۆماسییه‌تی ئۆباما تا راده‌یه‌كی زۆر ژیرانه‌ ماوه‌ته‌وه‌، نوینه‌رانی سیاسه‌تی ده‌روه‌ی ئیداره‌ی ئۆباما سه‌رقاڵی ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌نگی زیاترن له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ سه‌پاندنی گوشاری ئابووری تۆكمه‌ دژ به‌ ئێران، هه‌روه‌ها ئۆباما له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو سه‌ردانی ئوسترالیا و ئه‌نده‌نوسیا ده‌كات و به‌شدارده‌بێت له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مانگی نیسان له‌ واشنتۆن سه‌باره‌ت به‌ راماڵینی چه‌ك، هه‌روه‌ها په‌یمانی نوێ نێوان روسیا و ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ چه‌كی ستراتیژی گه‌یشتۆته‌ قۆناغی كۆتایی خۆی.هه‌روه‌ها له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، جۆرج میشێل له‌كاركردن دایه‌ بۆ قه‌ناعه‌ت پێكردنی ئیسرائیل و فه‌له‌ستینییه‌كان به‌مه‌به‌ستنی گه‌یشتن به‌ دانوساندنێك له‌ نێوانیاندا، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ عیراق بایدن سه‌ردانی عیراقی كرد بۆ دووه‌مین جار ته‌نیا له‌ماوه‌ی سێ مانگی رابردوودا، به‌ مه‌به‌ستی روونه‌دانی هیچ قه‌یرانێك كه‌ ببێته‌ هۆكاری په‌كخستنی هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌.له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو نیگه‌رانیانه‌ش، تا ئێستا كاریگه‌ری ئۆباما به‌هێزه‌ له‌ زۆرینه‌ی شوێنه‌كانی جیهاندا، به‌ڵام له‌ راستیدا، سه‌رۆك ئۆباما له‌ ساڵی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی خۆیدا، په‌یوه‌ندییه‌كانی و كاتی خۆی كه‌مكردوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا.