پارتی هه‌موو سكاڵاكانی له‌سه‌ر رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ران ده‌كێشێته‌وه‌

شفق نيوز

كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان پابه‌نه‌نده‌ به‌ ئازادی راده‌ربڕین و وه‌ك نیشاندانی نیازپاكی بڕیاریداوه‌ هه‌موو سكاڵاكانی له‌سه‌ر هه‌موو رۆژنامه‌ و نووسه‌ران بكێشێته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی، له‌ یه‌كه‌مین هه‌ڤپه‌یڤینی رۆژنامه‌وانیدا دوای هه‌ڵبژاردنی له‌ كۆنگره‌ی 13ی پارتیدا به‌ جێگری سه‌رۆكی پارتی، باسی ئه‌نجامه‌كانی كۆنگره‌، ره‌وشی سیاسی، پابه‌ندی پارتی به‌ پێشخستن و گره‌نتیكردنی ئازادییه‌كان و حوكمی موئه‌سه‌ساتی له‌ كوردستاندا ده‌كات. نێچیرڤان بارزانی سه‌باره‌ت به‌و خۆپیشاندانانه‌ی له‌دژی ئیمزاكردنی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ سلێمانی ده‌ستپێكران رایگه‌یاند " سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ هه‌موو فراكسیۆنه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌شداریی گفتوگۆكانیان كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ یاساكه‌، نێوه‌ڕۆكی یاساكه‌ش له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌ركی حكومه‌ت به‌رامبه‌ر هاووڵاتیان داڕێژراوه‌، نه‌ك له‌سه‌ر بنچینه‌ی زه‌وتكردنی مافی خۆنیشاندان، له‌به‌رئه‌وه‌ یاساكه‌ی ئیمزاكرد. ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و بناغه‌ی حوكمڕانی له‌ كوردستان له‌ساڵی 1992 وه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی دیموكراتی و دابینكردنی ئازادییه‌كان دامه‌زراوه‌و یه‌كه‌م كه‌سیش كه‌ له‌كاتی راپه‌ڕین دا بانگه‌وازی بۆ ئه‌وه‌كرد سه‌رۆك بارزانی بوو و ئێستاش له‌ هه‌موو كات زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌و بنه‌مایانه‌وه‌. به‌ڵام پێموایه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌مته‌رخه‌م بوو و نه‌یتوانی ئه‌و یاسایه‌ بۆ هاووڵاتیان روونبكاته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هاووڵاتیان نه‌كرێنه‌ كه‌ره‌سته‌ی كار و ململانێیه‌كی سیاسی له‌وجۆره‌ كه‌ تێیدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌ نیشانه‌".

سه‌باره‌ت به‌ كرانه‌وه‌ی زیاتری پارتی كه‌ پێش كۆنگره‌ باسی لێوه‌ ده‌كرا له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی پارتییه‌وه‌، هه‌روه‌ها مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ میدیادا به‌شێوه‌یه‌كی كراوه‌تر رایگه‌یاند" پارتی دیموكراتی كوردستان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دژی ئازادی راده‌ربڕین نییه‌، ئێمه‌ هه‌میشه‌ گوتوومانه‌ ده‌بێ دیالۆگ هه‌بێ له‌نێوان رۆژنامه‌نووسان و ده‌سه‌ڵاتدا نه‌ك رق و دووژمنایه‌تی، ده‌بێ ده‌رگای زانیاری گواستنه‌وه‌ بكرێنه‌وه‌و، له‌به‌رامبه‌ریشدا رۆژنامه‌نووسان به‌ به‌رپرسیارێتی و پیشه‌ییانه‌ كاری پیرۆزی رۆنامه‌نووسی بكه‌ن و یاسا په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا رێكبخات. یاسای رێكخستنی كاری رۆژنامه‌نووسی له‌ كوردستانیش كه‌ له‌سه‌رده‌می كابینه‌ی پێنجه‌م دا دانرا، دوای هه‌ندێ گۆڕانكاری له‌لایه‌ن په‌رله‌مان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ره‌تكرایه‌وه‌، ئه‌و یاسایه‌ بۆ زامنكردنی یاساییانه‌ی ئازادی كاری رۆژنامه‌گه‌ری بوو له‌ كوردستان". هه‌ر له‌وباره‌شه‌وه‌ رایگه‌یاند " وه‌ك نیشاندانی نیازپاكی  پارتی ، رایده‌گه‌یێنین كه‌ وه‌ك پارتی بڕیارمانداوه‌ هه‌موو سكاڵا و داواكانمان له‌سه‌ر رۆژنامه‌كان  و نووسه‌ران بكێشینه‌وه‌، هیوادارین ئه‌وه‌ش وه‌ك نیازپاكی ببینرێ و مامه‌ڵه‌كردنێكی به‌رپرسیارانه‌تر له‌ كاری رۆژنامه‌گه‌ریدا له‌ كوردستان ببینین، هیچ رۆژنامه‌نووس و رۆژنامه‌یه‌ك به‌ رقه‌وه‌ كار نه‌كات ، چونكه‌ ئه‌وه‌ دووره‌ له‌ ئازادی ده‌ربڕین و كاری رۆژنامه‌نووسی". هه‌روه‌ها گوتیشی " من له‌كاتی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و كاری ئێستاشمدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابووم و ده‌بم كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست كار له‌گه‌ڵ باری رۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستاندا بكرێ، یه‌كتردیتن له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و رۆژنامه‌نووسان هه‌بێ، به‌وشێوه‌یه‌ش ده‌توانین له‌ لێكتێنه‌گه‌یشتن و رۆژنامه‌گه‌رییه‌كی ناوزڕێنه‌ر رزگار ببین، كه‌ ئه‌وه‌ ئامانجی هیچ رۆژنامه‌نووسێكی پیشه‌یی نییه‌".

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ كه‌ مێژووی سیاسی پارتی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ رۆژنامه‌نووسی ئازاد له‌سه‌ره‌تای شه‌سته‌كان و حه‌فتاكاندا كه‌ پارتی مۆڵه‌تی كاركردنی سیاسی ئازادی هه‌بووه‌ یان ده‌سه‌ڵاتداربووه‌، ئێستاش بڕیاری ئه‌وه‌یه‌ ئازادی بپارێزێ و گوتی "ئێمه‌ كه‌ له‌ رابردووشدا په‌نامان بۆ یاسا بردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ یاسا سه‌روه‌ربێ، چونكه‌ رۆژنامه‌نووسانیش ده‌زانن كه‌ په‌نابردنه‌ به‌ر یاسا سه‌روه‌ركردنی یاسایه‌ نه‌ك یاسا شكێنی"، هه‌ر له‌باره‌ی باوه‌ڕبوون به‌ ئازادی راده‌ربڕین گوتی "زانیاری گواستنه‌وه‌، ره‌خنه‌گرتن و گفتوگۆ دروستكردن كاری رۆژنامه‌نووس و نووسه‌رانه‌ و ئێمه‌ش دژی نین به‌ڵكو خۆمان به‌ دابینكه‌ری ئه‌و ئازادییانه‌ داده‌نێین. هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ پێمانوایه‌ ره‌خنه‌ گرتن له‌ كار و ئه‌دای سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ت كارێكی ئاسایی و باشه‌، ئه‌وه‌ مافی خه‌ڵكه‌ چونكه‌ سه‌رۆك بارزانی سه‌رۆكی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه‌ و حكومه‌تیش حكومه‌تی ئه‌و خه‌ڵكه‌یه‌".