شه‌ببووت: سیاسه‌تمه‌دارانى عێراق له‌ هیچ قۆناغێك باوه‌ڕیان به‌ دیموكراسى نه‌بووه‌

شفق نيوز

ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌كان ڕایگه‌یاند كه‌ دیموكراسى له‌ عێراق به‌شێوه‌یه‌كى سروشتى په‌یدا نه‌بووه‌، چونكه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ى هه‌ره‌مى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌ستى پێكردووه‌ وپێگه‌كه‌ى له‌بیربراوه‌ته‌وه‌، به‌و واتایه‌ كه‌ به‌هیچ شیوه‌یه‌ك هاوڵاتى جه‌وهه‌رى ئۆپه‌راسیۆنى سیاسى نه‌بووه‌، چونكه‌ هاوڵاتى هه‌میشه‌ داواكارى خزمه‌تگوزارى و دامه‌زراندن و به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سك بووه‌ ، نه‌وه‌ك داواكارى به‌شدارى ڕاسته‌قینه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنى سیاسى. چونكه‌ زۆربه‌ی سياسه‌تمه‌دارانی عێراق له‌ هيچ قۆناغێك باوه‌ڕيان به‌ ديموكراسی نه‌بووه‌ چ له‌ سه‌رده‌می ئۆپۆزسيۆن و چ له‌ كاتی وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات.

له‌ میانى كۆڕێكى ڕێكخراوى ماڵى كورد له‌ به‌غدا كه‌ به‌ هاوكارى له‌ گه‌ڵ ده‌زگاى ڕۆشنبیرى و ڕاگه‌یاندنى كوردى فه‌یلى شه‌فه‌ق له‌ ژێر ناونیشانى (دیموكراسى له‌ عێراق و ڕه‌فتارى توێژى سیاسى) كه‌ سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مرۆ شه‌ممه‌، 25ى كانوونى یه‌كه‌م، له‌ هۆڵى ده‌زگاى شه‌فه‌ق گرێدرا، شه‌ببووت ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ شێوایشێوى په‌یدابوونى دیموكراسى له‌ عێراق قه‌یرانێكى زۆرى لێ كه‌وته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر به‌بێ چاره‌سه‌ریش بڕوات قه‌یرانى زۆرتریشى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ شه‌ببووت ئه‌و كه‌موكورتیانه‌ى خسته‌ڕوو كه‌ له‌ڕه‌وتى ئۆپه‌راسیۆنى دیموكراسى ڕوویاندا و له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ توێژه‌ سیاسیه‌كان كاتێ ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست هیچ تێگه‌یشتنێكیان بۆ دیموكراسى له‌ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تدا نه‌بووه‌، چونكه‌ كاتێك بۆ نووسینى ده‌ستوور ڕێككه‌وتن هیچ بیرۆكه‌یه‌كیان نه‌بووه‌ بۆ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێكى دیموكراتى و ته‌نیا پلانێك كه‌دایاننابوو بۆ دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵات بوو نه‌وه‌ك بۆ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێك ، به‌م شێوه‌یه‌ش چه‌مكى ده‌وڵه‌ت نادیار بوو و كاتێك چه‌مكى ده‌وڵه‌ت نادیار بێت؛ چه‌مكى هاوڵاتییش نادیارده‌بێت ( لێره‌شدا هاوڵاتیمان نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێته‌، تاكه‌كه‌س، یان تابیع).

شه‌ببووت ئه‌وه‌شى ڕوونكرده‌وه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنى دیموكراتى له‌ عێراقدا له‌ سه‌ر بنه‌ماى پێكهاته‌كان دروست كراوه‌ نه‌وه‌ك هاوڵاتیبوون و ئه‌مه‌ش كه‌موكورتیه‌كه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌ردوو ڕه‌وتى سیاسى و جێبه‌جێكردن تێكه‌ڵاكراون وئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كى دیكه‌یه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌كارهێنانى ئستیحقاقى هه‌ڵبژاردنى و به‌م شێوه‌یه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانى براوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌ ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن یان حكومه‌ت به‌شداربن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌ هۆڵى په‌رله‌ماندا ئۆپۆزیسۆن نه‌بێت وبه‌م شێوه‌یه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانى په‌رله‌مان پێشێلده‌كرێت كه‌ ئه‌ویش لایه‌نى چاودێریه‌.

محمد عبدالجبار شه‌ببووت بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م كێشانه‌ و بره‌ودان به‌ ئۆپه‌راسیۆنى سیاسى ئه‌وه‌ى پێشنیاركرد كه‌ ده‌سپێشخه‌رێیكى نیشتمانى هه‌مه‌لایه‌ن به‌رپابكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئۆپه‌راسیۆنى سیاسى و لابردنى كه‌موكورتیه‌كانى دامه‌زراندنى، و له‌هه‌مان كاتیشدا كاركردن بۆ په‌یداكردنى هۆشیارى دیموكراتى له‌ لاى هاوڵاتیان بۆ ئه‌وه‌ى بزانن چ ڕۆڵێكیان هه‌یه‌ له‌ كاتى ده‌نگدان، هه‌روه‌ها ده‌بێت ته‌سه‌ورێكى ئاشكراو ڕوون بۆ چه‌مكى ده‌وڵه‌تى نوێ په‌خشبكرێت.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ شه‌ببووت داواى ئه‌وه‌شى كرد كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ له‌ نێوان دیموكراسى ژماره‌یى و دیموكراسى ته‌وافقى لێك بپچڕێت, ئه‌وه‌شى پێشنیار كرد كه‌ ده‌بێت یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان بگۆڕدرێت و یاساى لیستى كراوه‌ نه‌مێنێت و ده‌نگدان بۆ تاكه‌كه‌س بێت نه‌وه‌ك بۆ لیست.

پێشنیارێكى دیكه‌ى شه‌ببووت ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌ردوو ڕه‌وتى په‌رله‌مانى و ته‌نفیزى لێك جیا بكرێنه‌وه‌ و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتێكى زیاتر بدرێته‌ هاوڵاتى (بۆ نموونه‌ مافى لابردنى متمانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و نوێنه‌ره‌ كه‌ پێشتر ده‌نگى پێدراوه‌ و له‌ ئاستى ئه‌ركه‌كانى نه‌بووه‌) ، هه‌روه‌ها كاراتركردنى دیمۆكراسى چاودێرى و به‌خشینى ڕۆڵێكى زیاتر به‌ ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندن كه‌ ڕۆڵێكى كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌ چاودێرى كردنى ئیشه‌كانى په‌رله‌مان.

له‌ كۆتایى كۆڕه‌كه‌دا هه‌ندێك له‌ ئاماده‌بوان بیروبوچوون و ڕوونكردنه‌وه‌و پرسیاره‌كانیان ئاراسته‌ى كۆڕگێڕه‌كه‌ كرد وئه‌ویش هه‌ندێ ڕوونكردنه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ى بۆ كردن.

 

ماجد سويره‌مێری