ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامانی BDP له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئاشتیدا نییه‌ ‌

شفق نيوز

ئه‌م ئاگربڕه‌ كاتییه‌ بكه‌ینه‌ ئاگربڕێكی به‌رده‌وام، به‌لام ئه‌م جموجۆلانه‌ی دوایی حكومه‌تی دادو گه‌شه‌پێدان بۆ به‌غداو هه‌ولێرو به‌رلین و برۆكسل و واشنتون و شام و تاران هه‌ندێك پرسیاری له‌لای ئێمه‌ دروستكردوه‌و دوو دڵی كردین، بۆیه‌ ئه‌م ئاگربڕه‌مان بۆ ماوه‌ی مانگێك درێژكرده‌وه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی حكومه‌تی ئه‌ردۆگان، چونكه‌ تائێستاش هه‌ڵوێستیان روون نییه‌، به‌ڵكو له‌هه‌وڵدان بۆ له‌ناوبردنی په‌كه‌كه‌، ئێمه‌ بۆ هه‌ردوو ئه‌گه‌ریش ئاماده‌ین هه‌م بۆ شه‌ڕو هه‌م بۆ ئاشتیش، له‌كاتێكدا ئێمه‌ باس له‌ئاشتی ده‌كه‌ین، ده‌بینین حكومه‌تی توركیا جارێكی دیكه‌ بڕیاری به‌زاندنی سنووری هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕی تازه‌كرده‌وه‌، هه‌ڵویستمان روونه‌، ئه‌م بڕیاره‌ی ئێمه‌ بڕیارێكی تاكتیكی نییه‌، به‌ڵكو بڕیارێكی ستراتیژییه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌شێوازی ئاشتییانه‌ كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ربكرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش تائێستا ئه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت له‌هه‌ڵوێستی پارتی دادو گه‌شه‌پێدان و ده‌وڵه‌تی توركیا، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ناكۆكی بخه‌نه‌ ناو كورده‌وه‌و دژ به‌یه‌كتر به‌كاریان بهێێت، به‌لام زه‌حمه‌ته‌ ئیتر له‌و سیاسه‌ته‌دا سه‌ركه‌تووبن، چونكه‌ كورد خاوه‌نی ئه‌زمونن و كوردانی جاران نین و هیوادارم هه‌موو سیاسه‌تمه‌دارانی كورد له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ بارزانی یارمه‌تی پێشكه‌شی ئه‌م پرۆسه‌ی ئاشتییه‌ بكه‌ن، ئێمه‌ به‌نیازی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت نین، به‌ڵكو ئێمه‌ دژی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ین كه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌ك نه‌ته‌وه‌ دامه‌زراوه‌و خه‌باتمان له‌پێناوی دروستكردنی یه‌كێتییه‌كی ئاره‌زومه‌ندانه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌م پرۆژه‌ چاره‌سه‌رییه‌ ئاماده‌ نه‌بێت، ئه‌وكات ئێمه‌ ناچارین سیستمی خۆمان كه‌ له‌ئه‌تۆنۆمی دیموكراتیدا خۆی ده‌بینیته‌وه‌ رابگه‌یه‌نین.

ئه‌م بڕیاره‌ی په‌كه‌كه‌، تۆپه‌كه‌ی خسته‌ ناو گۆڕه‌پانی حكومه‌تی توركیاو هێزێكی دایه‌وه‌ به‌لایه‌نگرانی ئاشتی بۆ دروستكردنی  دیالۆگ، به‌لام سه‌ره‌رای ئه‌م كه‌شوهه‌وا نوێیه‌، تائیستا روونییه‌ك له‌هه‌ڵویستی حكومه‌تدا نییه‌، به‌ڵكو به‌رده‌وامه‌ له‌و سیاسه‌ته‌ كلاسیكییه‌ كۆنه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر به‌كێشه‌ی كوردو له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ كۆنه‌دا ده‌سوڕێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌نیازبێت رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌ی كورد بدۆزێته‌وه‌، یه‌كه‌م هه‌نگاو پێویسته‌ دان به‌بوونی گه‌لی كورددا بنێت كه‌ گه‌لێكی جیاوازه‌و به‌شێك له‌گه‌لی تورك نییه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كات، چه‌ند كه‌شوهه‌وا بڕه‌خسێت بۆ ئاشتی، بێسود ده‌بێت و جگه‌ له‌به‌فیرۆدانی كات هیچ ئه‌نجامێكی دیكه‌ی نابێت. مادام كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌واته‌ دوولایه‌نیش هه‌ن، وه‌ك مه‌رجی یه‌كه‌می دانیشتن له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆش، پێویسته‌ هه‌ردوولا دان به‌یه‌كتریدا بنێن، به‌لام ده‌وڵه‌تی توركیاو حكومه‌ته‌كه‌ی تائێستا دان به‌لایه‌نی كورددا نانێت و له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا ئه‌م راستییه‌ له‌سه‌ر زاری خودی سه‌رۆك وه‌زیران ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان دووباره‌ بۆته‌وه‌ كه‌ له‌لێدوانێكی ئه‌م دواییه‌دا به‌ئاشكرا مافی فێربوونی به‌زمانی كوردی ره‌تكرده‌وه‌، له‌و بواره‌دا رۆژنامه‌نووسێك پرسیارێكی ئاراسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كردو پێی وت: ئه‌مه‌ هاو دژی  نییه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ئێوه‌ داوا له‌حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ن مافی فێربوون به‌زمانی دایك بده‌ن به‌و توركانه‌ی كه‌ له‌ئه‌ڵمانیا ده‌ژین، به‌لام هه‌مان ماف ئێوه‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ كورده‌كانی توركیا، له‌وه‌لامه‌كه‌یدا، وتی: ئێوه‌ ناتوانن به‌راوردێك بكه‌ن له‌نێوان توركه‌كانی ئه‌ڵمانیاو كورده‌كاندا، له‌به‌رئه‌وه‌ی توركه‌كان له‌ئه‌ڵمانیا كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ن و به‌گوێره‌ی یاساكانی ئه‌وروپا هه‌ر كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك مافی فێربوون به‌زمانی دایكی هه‌یه‌، به‌لام كورده‌كان له‌توركیا به‌شێكی ره‌سه‌نن و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ نین، كه‌واته‌ به‌شێكن له‌میلله‌تی تورك، بۆیه‌ ئه‌م مافه‌یان نادرێتی و له‌هه‌مان بواردا سه‌رۆك كۆماری توركیا هه‌مان هه‌ڵوێستی ئه‌ردۆگانی نیشاندا به‌رامبه‌ر به‌كورد له‌كاتی قسه‌كانی له‌واشنتۆن، كاتێك قسه‌ی ده‌كرد له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل له‌ناو ئاماده‌بوواندا كه‌سێك پرسیاری ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد له‌توركیا لێكرد، له‌وه‌لامدا وتی: فه‌له‌ستینی و یه‌هودی دوو نه‌ته‌وه‌ی له‌یه‌كتر جیاوازن، به‌لام كورد و تورك یه‌ك میلله‌تن. ئه‌مه‌ راستییه‌كه‌ی سیاسه‌تی ره‌سمی هه‌شتاو پێنج ساڵه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیایه‌ به‌رامبه‌ر به‌كورد، كه‌ كورد وه‌ك میلله‌تێك نابینن، بۆیه‌ چه‌ند قسه‌ بكرێت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌توركیا تا ده‌وڵه‌تی توركیا دان به‌بوونی كورددا نه‌نێت، مه‌حاڵه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌ره‌وپێش بڕوات و چاره‌سه‌ر ببێت، له‌و بواره‌دا رۆژنامه‌نوس جه‌نگیز چاندار ره‌خنه‌ی توندی له‌هه‌ڵویستی ئه‌ردۆگان گرت و وتی: زمان و ناسنامه‌ له‌یه‌كتر جیانابنه‌وه‌، مافی په‌روه‌ده‌ به‌زمانی دایك وه‌ك مافی خواردن و خواردنه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌موو كه‌سێك، بۆیه‌ ئه‌مه‌ شتێكی ئه‌خلاقییه‌و مافی هیچ كه‌س نییه‌ چه‌ندوچوونی  له‌سه‌ر بكات و په‌روه‌رده‌ به‌زمانی دایك مافێكی سروشتیی كورده‌كانه‌.

له‌م قۆناغه‌دا لایه‌نی كورد چه‌ند داخوازییه‌كی دیموكراسییان خستۆته‌ڕوو وه‌ك دابه‌زینی رێژه‌ی به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن و دانپێدانان به‌مافی په‌روه‌رده‌ به‌زمانی كوردی و ئازادكردنی ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی كورد كه‌ له‌زیندانه‌كاندان، به‌لام تائێستا وه‌لامێكی ئه‌رێنیی حكومه‌ت بۆ ئه‌م خالانه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو دژی وه‌ستاون و له‌وه‌ زیاتر له‌رۆژی دوای درێژكردنه‌وه‌كه‌ی ئاگربڕه‌كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا له‌چه‌ند شارێكی كوردستانی توركیاداو به‌تایبه‌ت له‌پارێزگای ئۆرفه‌دا هه‌ڵمه‌تێكی نوێی ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامانی حزبی ئاشتی و دیموكراسی ده‌ستپێكردو له‌ئه‌نجامدا 42 ئه‌ندامی ئه‌م حزبه‌ كه‌له‌ناویاندا به‌رپرسیاری پارێزگای ئورفه‌ش هه‌بوو ده‌ستگیركران، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ناره‌زاییه‌كی گه‌وره‌ی شه‌قامی كوردی و سیاسه‌تمه‌دارانی كوردو له‌و بواره‌دا ئه‌حمه‌د تورك وتی: مه‌به‌ست له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ تێكدانی بارودۆخه‌كه‌یه‌و ئه‌م كه‌شوهه‌وایه‌ی كه‌زه‌مینه‌یه‌ك بۆ  ئاشتی دروستده‌كات و بێده‌نگبوونی حكومه‌ت به‌رامبه‌ر ئه‌م كاره‌ ئێمه‌ نیگه‌ران ده‌كات و پرسیار له‌لای ئێمه‌ دروستده‌كات.

ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له‌م هه‌ڵویسته‌ بێده‌نگ و ناڕونییه‌ی ئیستای خۆیدا به‌رامبه‌ر به‌م بارودۆخه‌ نوێیه‌ به‌رده‌وام بێت و وه‌لامی پۆزه‌تیڤانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌م هه‌نگاوه‌ی په‌كه‌كه‌و هه‌ڵویستی ئاشتخوازانه‌ی پارتی ئاشتی و دیموكراسی نه‌بێت، ئه‌گه‌ری زۆر له‌ئارادایه‌ كه‌دوای مانگێكی دیكه‌ ئه‌م كه‌شوهه‌وایه‌ كه‌ره‌خساوه‌ بۆ ئاشتی نه‌مێنێت و له‌جیاتی ئه‌وه‌ شه‌ڕو توندوتیژیی جارێكی دیكه‌ ده‌ست پێبكاته‌وه‌، بۆیه‌ حكومه‌تی توركیا و پارتی دادو گه‌شه‌پێدان له‌به‌رده‌م به‌رپرسیارێتیی و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مێژووییدایه‌.