ئه‌و هۆكارانه‌ى پێوه‌رن بۆ زۆرى رێژه‌ى ته‌ڵاق

شفق نيوز

به‌پێی ئامارێك كه‌ له‌هۆبه‌ى ئامارى دادگاى بارى كه‌سێتی له‌شارى هه‌ولێر تۆمار كراوه‌، له‌ساڵى(2008)دا رێژه‌ى جیابوونه‌وه‌ له‌(30%) بووه‌، بۆیه‌ توێژه‌رانى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌باره‌ى ئه‌م دیارده‌یه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن بۆ سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ خێزانییه‌كان له‌وانه‌ جیاوازی بیروبۆچوون و جیاوازی ته‌مه‌ن و ئاستى رۆشنبیرى و ئازادیی و ته‌كنۆلۆژیاى نوێ وایكردووه‌ رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبێته‌وه‌، هه‌ندێكیشیان هۆكاری ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ له‌یه‌كترتێنه‌گه‌یشتن و سووكایه‌تیكردن به‌بیروبۆچوونى یه‌كترو نه‌بوونى متمانه‌و زمانى دیالۆگ له‌نێوان هاوسه‌راندا.ده‌بینین له‌دواى ئه‌و هه‌موو گۆرانكارییه‌ كۆمه‌لایه‌تیانه‌ى روویانداوه‌ كه‌چى رێژه‌ى جیابوونه‌وه‌ هه‌ر روو له‌زیادبوونه‌، وه‌كو ده‌زانین جیابوونه‌وه‌ به‌ترسناكترین دیارده‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى داده‌ندرێت و ده‌بێته‌ هۆى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خێزان، ئه‌ویش له‌ئه‌نجامى تێنه‌گه‌یشتن و ناكۆكبوون له‌ژیانى خێزانیدا، هه‌روه‌ها توێژه‌رانى بوارى ده‌روونناسى ئه‌وه‌شیان ئاشكراكردووه‌و ده‌ڵێن هاوسه‌ران ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانى كێشه‌یه‌كى بچووكى نێوان خۆیان چاره‌سه‌ربكه‌ن ئه‌ى چۆن ده‌توانن به‌م هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌وه‌ درێژه‌ به‌ژیانى هاوسه‌رێتى و ژیانى خێزانى بده‌ن.ماوه‌یه‌كى زۆره‌ قسه‌ له‌سه‌ر رێژه‌ى ته‌لاق و جیابوونه‌وه‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن توێژه‌ران و شاره‌زایانى ئه‌و بواره‌ من له‌و بڕوایه‌دام هه‌موو كات و له‌هه‌موو شوێنێك شاره‌زایانى ئه‌و بواره‌و توێژه‌رانى نێو دادگا یارمه‌تیده‌رێكى ته‌واون بۆ رێگه‌گرتن له‌ڕێژه‌ى جیابوونه‌وه‌، به‌لام تێنه‌گه‌یشتن له‌بیروبۆچوونى یه‌كتر له‌نێوان هاوسه‌راندا هۆكارێكه‌ بۆ جیابوونه‌وه‌.با ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت نه‌زۆكى و تواناى نه‌بوونى منداڵ یه‌كێكه‌ له‌و كێشه‌ گه‌ورانه‌ى په‌یوه‌ستكراوه‌ به‌ژیانى خێزانى و سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ خێزانى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌روه‌ها سه‌رباری بوونی هۆكارى تری وه‌كو نه‌بوونى متمانه‌و ناڕاستگۆیی و هه‌ستنه‌كردن به‌به‌رپرسیارییه‌تى خێزان و ئازادییه‌كى له‌ڕاده‌به‌ده‌رو نه‌بوونى سۆزو عاتیفه‌ له‌نێوان هاوسه‌رانداو گوێنه‌گرتن و نه‌بوونى زمانى دیالۆگ و ره‌فتارى ناشیرین، ئه‌مانه‌ ئه‌و هۆكارانه‌ن كه‌ پێوه‌رن بۆ رووخاندنى ژیانى خێزانى و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خێزان له‌كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا، توێژه‌رانى بوارى ده‌روونناسى ده‌ڵێن: جگه‌ له‌و هۆكارانه‌ بارى ئابووریش یه‌كێكی تره‌ له‌هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ خێزانییه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى جیابوونه‌وه‌، چونكه‌ زۆربه‌ى زۆرى هاوسه‌ران له‌و بڕوایه‌دان كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بوون له‌ژیانى خێزانیدا گرنگترین هۆكاره‌ بۆ ژیان دروستكردن له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زى به‌رامبه‌ردا، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌، بۆیه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ پێویسته‌ هاوسه‌ران به‌ر له‌چوونه‌ نێو ژیانى خێزانى بیر له‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ژیانی خێزانى بكه‌نه‌وه‌و ده‌بێت بزانن چی بكه‌ن و چۆن بنه‌ما خێزانییه‌كان ده‌پارێزن و خێزانێكى نموونه‌یی به‌رهه‌مبهێنن، له‌پێناو درێژه‌دان به‌ژیانى هاوسه‌رى و خێزانى نه‌ك بیركردنه‌وه‌ له‌ماڵ و سامان كه‌ به‌ره‌و چاره‌نووسێكى نادیاریان ده‌بات.زانایانى بوارى ده‌روونناسى ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ نه‌زۆكى حاڵه‌تێكه‌ زۆرجار چاره‌سه‌ركردنى زۆر ئه‌سته‌مه‌ ئه‌مه‌ش به‌ته‌نیا له‌نێوان چینه‌ هه‌ژاره‌كاندا نییه‌، به‌ڵكو له‌نێو چینه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیشدا هه‌یه‌، هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ توێژه‌رانى بوارى كۆمه‌ڵایه‌تیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن زۆرجار كێشه‌ى ماددى بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌یه‌ بۆته‌ هۆكارێك بۆ جیابوونه‌وه‌ى نێوان هاوسه‌ران، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت له‌هه‌موو رووێكه‌وه‌ زۆر هاوكارى گه‌نجان بێت و هاوكارى ژیانى ئه‌و خێزانانه‌ بێت كه‌ تواناى داراییان لاوازه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى نه‌زۆكى و گه‌نجانیش رۆشنبیر بن و زیاتر تێگه‌یشتوو بن له‌باره‌ى ئه‌و جۆره‌ مه‌سه‌لانه‌وه‌.