له رۆژانی 11 تا 17ی کانونی یه‌که‌می 2010 وبه ئاماده‌بوونی سه‌رکرده‌و رابه‌رانی عێراق و ژماره‌یه‌کی
به‌رچاو له نوێنه‌رو باڵیۆز‌و کونسۆلخانه‌کان و حزب و لایه‌نه دۆسته‌کانی وڵاتانی جیاجیا‌و نوێنه‌رانی حزب و لایه‌نه کوردستانیه‌کان، له‌ژێر دروشمی (نوێبوونه‌وه ، دادپه‌روه‌ریى ، پێکه‌وه ژیان)، پارتی دیموکراتی کوردستان سێزده‌هه‌مین کۆنگره‌ی خۆی له شاری هه‌ولێرو به به‌شداری (1523) ئه‌ندام گرێدا.
کۆنگره دوای چه‌ند ئایه‌تێک له قورئانی پیرۆز، به سروودی نیشتمانیی عێراق و سروودی ئه‌ی ره‌قیب ده‌ستپێکراو سه‌ره‌تا، سه‌رۆکی پارتیمان، هه‌ڤاڵ مه‌سعود بارزانی، به وتارێك کۆنگره‌که‌ی کرده‌وه‌و ئاماده‌بووانی به‌خێرهێناو گرنگی و بایه‌خی به‌ستنی کۆنگره‌که‌ی روون کرده‌وه.
سه‌رۆك بارزانی باسی له رۆڵی پێشه‌نگانه ومێژوویی پارتی کرد له بزاڤی رزگاریخوازی گه‌له‌که‌ماندا و ته‌ئکیدی له‌سه‌ر سه‌وابیته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌کانی کرده‌وه که له بیر‌و رێبازی بارزانی نه‌مره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن ، داوای له هه‌ڤاڵانی پارتی کرد کۆنگره و ئاکامه‌کانی بکه‌نه ده‌سپێکی قۆناغێکی دیکه‌ی درێژه‌پێدانی خه‌بات و نوێکردنه‌وه‌ی توانا و جۆشدانه‌وه‌ی پرنسیپه ره‌سه‌نه‌کانی تێکۆشان له پێناو پاراستنی ده‌ستکه‌وت و ئامانجه به‌دیهاتووه‌کان و هێنانه‌دیی ئه‌و خواست و ئامانجانه‌ی هێشتا له رێدان.
سه‌رۆک بارزانی جارێکی ترته‌ئکیدی کرده‌وه که هه‌رێمی کوردستان ئاره‌زوومه‌ندانه‌و له‌سه‌ر ئه‌ساسی رێزگرتنی ده‌ستوور و بنه‌مای شه‌راکه‌تی نیشتمانی به‌شێکه له عێراقی فیدراڵ، هه‌ر کاتێکیش ده‌ستوورو پرنسیپه‌کانی عێراقی نوێ پێشێل بکرێن، ئه‌وا مافی گه‌لی کوردستانه بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات.
دواتر، میوانانی کۆنگره هه‌ریه‌ک له سه‌رۆک کۆماری عێراق به‌ڕێز مام جه‌لال و سه‌رۆک وه‌زیرانی حکومه‌تی فیدرال به‌ڕێز نوری مالکى و سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ڕێز ئوسامه نجیفى و به‌ڕێزان دکتور ئه‌یاد عه‌للاوی و سه‌یید عه‌ممار ئه‌لحه‌کیم و ئیبراهیم جه‌عفه‌ری و نوێنه‌ری مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی هاوپه‌یمان و نوێنه‌ری پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی تورکیا‌و نوێنه‌رانی پارله‌مانی ئیتالیا‌و پارتی سوسیال دیموکراتی ئه‌لمانیاو باڵیۆزى ولاتانی ئیتالیا باڵیۆز جیلاردو کارینتى، فه‌رانسا باڵیۆز بوریس بویلر، چیک باڵیۆز بورونس لاوا توما سوڤا، روسیا باڵیۆز والێرین، دانیمارک باڵیۆز هنریک وسترباى، پوله‌ندا نوێنه‌ری باڵیۆز، به‌رازیل باڵیۆز برناردو بریتو، چین نوێنه‌ری باڵیۆز چاویى، سوید باڵیۆز کارما گنوس نه‌سر، کوریا باڵیۆز پارک سوگ بوم، ئیمارات باڵیۆز عبدالله ابراهیم الشهى، ئیسپانیا باڵیۆز ئه‌نتونیو گونزایس زاڤالا، ئه‌مریکا باڵیۆز جیمس جفرى، ئوسترالیا نوێنه‌ری باڵیۆز خاتوو اریکا خرگسون، تورکیا باڵیۆز مراد ئوزچه‌لیک، مێر باڵیۆز شریف شاهین ، ئوردن باڵیۆز معد تیسیر، کویت باڵیۆز على الموئمن، به‌حرین باڵیۆز سه‌ڵاح عبدالرحمن محمد، جامعه‌ى عه‌ره‌بى ناجى احمد شلغم، ئیران باڵیۆز حسن دانافر، بریتانیا باڵیۆز جوان جان کنید، و نوێنه‌ری به‌ڕێز برلسکۆنی وتاریان پێشکه‌ش کرد.
هه‌روه‌ها، نوێنه‌ری حزب و لایه‌نه کوردستانیه‌کان و نوێنه‌ری حزبه تورکمانه‌کان و لایه‌نه کلدانی ئاشوری سریانیه‌کان وتاریان خوێنده‌وه، جگه له چه‌ندین بروسکه‌ی پیرۆزبایی که له حزب و لایه‌نه دۆسته‌کانه‌وه له نێوخۆ‌و وڵاتانی جیاجیای جیهانه‌وه گه‌یشتبوون.
پاشان، دوای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌یه‌کی سه‌رۆکایه‌تی بۆ سه‌رپه‌رشتی کۆنگره هه‌ڵبژێردرا. له که‌شێکی هه‌ڤاڵانه‌و ئازاد‌و دیموکرات‌دا، کۆنگره ده‌ستی به کاروباره‌کانی کرد.
سه‌ره‌تا، راپۆرتی سیا سیی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پێشکه‌شکرا که خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه بوو بۆ گرنگترین رووداوه‌کان و کار‌و خه‌بات و ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتنه‌کانی پارتیمان له نێوان دوو کۆنگره‌دا وێڕای دیدو تێڕوانین بۆ خه‌باتی ئاینده.
ته‌وه‌ریکی راپۆرته‌که له‌سه‌ر ئاستی عێراق هه‌ڵوه‌سته بوو له ئاست رووداوی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی رووخانی دیکتاتۆریه‌ت و ده‌سپێکردنی پرۆسه‌ی سیاسیی دامه‌زراندنه‌وه‌ی عێراقی نوێ له سه‌ر بنه‌مای دیموکراسی و شه‌راکه‌تی نیشتمانی و رۆلی هه‌رێمی کوردستان و پارتیمان و سه‌رۆک بارزانی له قۆناغه‌کانی ئه‌و پێشهاته گرنگه‌دا هه‌ر له سه‌رده‌می موعاره‌زه‌وه تا ئازادکردنی عێراق و به‌شداری له دووباره دامه‌زراندنه‌وه‌ی پایه‌کانی عێراقی نوێ و خه‌باتی بێ وچان بۆ چه‌سپاندنی مافه‌کانی کورد و پێکهاته‌کانی دیکه له ده‌ستوردا و تا ده‌گاته ده‌سپێشخه‌رییه سه‌رکه‌وتوانه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رۆک بارزانی که پرۆسه‌ی سیاسی عێراقی له ته‌نگژه‌یه‌کی ئاڵۆز قورتارکرد.
له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمیش راپۆرته‌که سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ئاشتی له کوردستان و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پیکهێنانه‌وه‌ی حکومه‌تی هاوبه‌ش و ته‌ئکید له رێکه‌وتنی ستراتیژی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به ده‌سکه‌وتی گرنگ و سه‌رکه‌وتن بۆ تێکڕای گه‌لی کوردستان ئه‌ژمارکرد، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به په‌ره‌سه‌ندنه دیموکراتیه‌کانی ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان و هه‌ڵبژاردنه سه‌رکه‌وتووه‌کانی سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کان کرد و له سه‌روى هه‌مووشیانه‌وه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی پارتیمان هه‌ڤاڵ مه‌سعود بارزانی به زۆرینه‌ی ده‌نگی سه‌دا حه‌فتای خه‌ڵکی کوردستان به سه‌رۆکی هه‌رێم که سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی بۆ پارتیمان و رێبازه‌که‌ی له‌قه‌ڵه‌مدا.
راپۆرتی سیاسی، رۆلی به‌رچاو و سه‌رکه‌وتووانه‌ی پارتیمان و هه‌ڤاڵی تێکۆشه‌ر نێچیرڤان بارزانی له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و به‌ره‌وپێشبردنی کوردستانی له تێکڕای بواره‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان و وه‌به‌رهێناندا به‌رزنرخاندو به‌سه‌رکه‌وتنی رێباز‌و به‌رنامه‌ی کاری پارتیمانی دانا و ئاماژه‌ی به ده‌سکه‌وته ستراتیجیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم کرد، به تایبه‌تی دوای رووخانی دیکتاتۆری و یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئیدارات و به تایبه‌ت له کابینه‌ی پێنجه‌مدا. هه‌روه‌ها، رۆڵی پێشمه‌رگه‌و ئاژانس و ده‌زگاکانی پاراستنی ئاسایشی له به‌رقه‌رارکردنی ئه‌من و ئاسایش له کوردستاندا به‌رزنرخاند.
له‌سه‌ر ئاستی ئیقلیمیش، راپۆرته‌که دووپاتیکرده‌وه که پارتیمان له‌گه‌ڵ دیالۆگی دیموکراتی دایه بۆ چاره‌سه‌ریی ئاشتیانه‌ی دۆزی کورد له ناوچه‌که‌دا و خۆی به به‌شێک له چاره‌سه‌ری کێشه‌که ده‌زانێت نه‌ک به به‌شێک له کێشه‌که ، هه‌روه‌ک چۆن کاریش بۆ پته‌وکردنی په‌یوه‌ندیی هاوسیًَیه‌تی ده‌کات له سه‌ر بنه‌مای دۆستایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و رێزگرتن له یاسای نێو ده‌وڵه‌تی و هاندانی وه‌به‌رهێنان و سوودی هاوبه‌ش.
له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش، راپۆرته‌که ئاماژه‌ی به فراوانبوون و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه جیهانیه‌کانی پارتیمان و هه‌رێمی کوردستان کرد و له‌م باره‌یه‌وه ئاماژه‌ی دا به بوونی هه‌ژده کونسولخانه و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان له هه‌رێمی کوردستان جگه له نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و یه‌کێتیى ئه‌وروپا. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، رۆڵی حکومه‌تی هه‌رێم و نوێنه‌رایه‌تیه‌کانی پارتی له ده‌ره‌وه‌ی ولات به ئیجابی نرخاند.
کۆنگره رۆلى ولاته یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا وهاوپه‌یمانانى له رزگارکردنى عیراق له رژیمى فاشى به‌عس و رووخاندنى دیکتاتورییه‌تى سه‌ددام به‌رز نرخاند و، رێزى تایبه‌تى نواند به‌رامبه‌ر خۆبه‌خت کردنى روله‌کانیان له‌گه‌ل روله‌کانى عیراق ، له‌م بواره‌دا وله بوارى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرورو تیروریستان.
هه‌روه‌ها، کۆنگره‌ى (13) جه‌ختى کرده سه‌ر گرنگیى دوستایه‌تى وهاوپه‌یمانیى نیوان عیراق و ولاته یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا و رۆلى تایبه‌تى له سه‌رخستنى پروسه‌ى سیاسى له عیراقدا و پێویستى پابه‌ند بوونى به‌رێکه‌وتننامه‌ى ستراتیجى نیوان ئه‌مریکاو عیراق خسته روو.
دواتر، کۆنگره ده‌رگای پێکهێنانی لیژنه‌کانی بۆ ئه‌ندامانی کۆنگره کرده‌وه و له ئاکامدا سێزده لیژنه به‌م شێوه‌یه پێک هێنران ( لیژنه‌ی په‌یڕه‌و – پرۆگرام – – رێکخستنی گشتی – راپۆرتی سیاسی – راگه‌یاندن - پێشمه‌رگه – ناوچه دابڕاوه‌کان – دارایی – په‌یوه‌ندییه‌کان – بریار و راسپارده – جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌کان – سکاڵا – هه‌ڵبژاردن).
شایانی باسه، له تێکڕای لیژنه‌کاندا، له ماوه‌ی دوو رۆژدا، گفتوگۆیه‌کی کراوه‌و ئاست به‌رز به به‌شداری ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له ئه‌ندامانی کۆنگره به‌ڕێوه‌چوو. دواتر راپۆرتی سه‌رجه‌م لیژنه‌کان خوێندرانه‌وه و ئه‌ندامانی کۆنگره بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ و له که‌شێکی ئازاد‌دا گفتوگۆی جددی و تێروته‌سه‌لیان له‌سه‌ر لایه‌ن و ورده‌کارییه‌کانی ڕاپۆرته‌کان کرد و دوای ئه‌و تێبینی و سه‌رنج و ره‌خنانه‌ی که له لایه‌ن ئه‌ندامانی کۆنگره‌وه پێشکه‌ش کران راپۆرته‌کان په‌سه‌ند کران.
یه‌ك له راپۆرته‌کان، که زۆرترین گفتوگۆی له‌سه‌ر کرا، ره‌شنووسی په‌یڕه‌وی ناوخۆ بوو، که دوای په‌سه‌ند کردنی له لایه‌ن ئه‌ندامانی کۆنگره‌وه، پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک به‌ڕێوه چوو که له نێو جۆش و خرۆشێکی زۆر و به چه‌پڵه‌ڕێزان و به وتنه‌وه‌ی دروشمی (پێشڕه‌وی کورد پارتییه سه‌رۆکمان بارزانی یه)، هه‌ڤاڵ مه‌سعوود بارزانی به تێکڕای ده‌نگی ئه‌ندامانی کۆنگره به سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌ڵبژێردرایه‌وه.
پاشان، هه‌ر به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له په‌یڕه‌ودا هاتووه، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، هه‌ڤاڵ نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵاوت و ئه‌ندامانی کۆنگره‌ش به چه‌پڵه‌ڕێزان و له نێو پێشوازییه‌کی گه‌رمدا به‌تێکڕاى ده‌نگ په‌سه‌ندیان کرد.
کۆنگره بۆ ماوه‌ی 24 کاتژمێر ده‌رگای خۆپاڵاوتنی بۆ ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تی له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی کۆنگره واڵا کرد و له کۆی تێکڕای ئه‌ندامانی کۆنگره 140 ئه‌ندام که له نێویاندا 17 یان ئافره‌ت بوون، خۆیان پاڵاوت بۆ ئه‌ندامێتی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تی.
دوای ته‌واوبوونی ئاماده‌سازییه‌کان و له ئێواره‌ی رۆژی 16/12/2010 پڕۆسه‌ی ده‌نگدان له که‌شێکی ئازاد‌و به سه‌رپه‌رشتی (12) دادوه‌ر به‌رێوه‌چوو.
جێی ئاماژه‌یه که پڕۆسه‌ی هه‌ژمارکردنی ده‌نگه‌کان له رێگه‌ی کۆمپیوته‌رو به میکانیزم و سیسته‌مێکی مۆدێرن ئه‌نجام درا که له ماوه‌ی ته‌نیا یه‌ک کاتژمێردا ئاکامه‌که‌ی ڕاگه‌یه‌ندرا.
ئه‌نجوومه‌نی نوێی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان له 51 ئه‌ندام و 9 ئه‌ندامی یه‌ده‌ک پێکهات که شه‌شیان ئافره‌تن و له نێو ئافره‌ته‌کانیشدا دووانیان به ده‌نگی پێویست و سیانی دیکه‌ش به پێی سیسته‌می کۆتا که کۆنگره به رێژه‌ی سه‌دی ده په‌سه‌ندی کردبوو گه‌یشتنه ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی و له نێو یه‌ده‌که‌کانیشدا یه‌کێکیان ئافره‌ته، ئه‌مه‌ش په‌ره‌سه‌ندنێکی گرنگ بوو به ئاراسته‌ی پتر به‌شداریکردنی ئافره‌ت له ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تی و گرنگیدان به ڕۆڵ و ده‌وریان له‌م قۆناغه نوێیه‌دا.
شایه‌نی باسه، تێکڕای پرۆسه‌ی ده‌نگدان و دواتریش ژماردنی ده‌نگه‌کان و هه‌مدیس په‌خشکردنی به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ بۆ ئه‌ندامانی کۆنگره یه‌که‌مین جاره له کوردستان ئه‌نجام ده‌درێت که ئه‌مه‌شیان بۆ خۆی سه‌رکه‌وتنی لایه‌نی ته‌کنیکی کۆنگره ده‌سه‌لمێنێت.
له که‌شێکی پڕ له وه‌فاو بۆ رێزگرتن له وێستگه گرنگه‌کانی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان، رۆَژانه‌و له رێوڕه‌سمێکی شکۆداردا له لایه‌ن سه‌رۆك بارزانی یه‌وه ژماره‌یه‌کی شایسته له تێکۆشه‌رانی گه‌له‌که‌مان به به‌خشینی میدالیای بارزانی نه‌مرخه‌ڵات کران.
هه‌ر له کۆنگره‌که‌دا و بۆ رێزنان له خه‌باتی دێرین و بێ پسانه‌وه‌ی هه‌ڤاڵی تێکۆشه‌ر مامۆستا عه‌لی عه‌بدوڵڵا که له‌به‌ر ناله‌باری ته‌ندروستی به نامه به‌شداری کۆنگره‌ی کردبوو، له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆک بارزانی و به تێکڕای ده‌نگی ئه‌ندامانى کۆنگره، به‌رێزیان به مامۆستای پارتایه‌تی ناوزه‌د کرا.
له دوا ڕۆژی کۆنگره‌دا (17 کانوونی یه‌که‌می 2010)، ئاهه‌نگی کۆتایی سه‌رکه‌وتنی کۆنگره به وتارێکی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌ستی پێ کرد، که تیایدا پیرۆزبایی سه‌رکه‌وتنی کۆنگره‌ی له ئه‌ندامانی کۆنگره کرد و له‌گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگاندنی به نرخی ڕۆڵی سه‌رکردایه‌تیی پێشوو، پیرۆزبایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کرد که سه‌رکردایه‌تیبوون بریتییه له خزمه‌تکردنی خه‌ڵکیی، نه‌ک پله‌و پایه‌و پۆست ، هه‌ر بۆیه ده‌بێ هه‌موو تواناکانتان له خزمه‌تکردنی جه‌ماوه‌ر و پتر پێشکه‌وتنی پارتی دیموکراتی کوردستان بخه‌نه کار.
دواتر، ئاهه‌نگێک که به، سوپاسه‌وه بۆ هونه‌رمه‌ندو سترانبێژانی سه‌رجه‌م پارچه‌کانی کوردستانی له‌خۆ گرتبوو ده‌ستی پێ کرد‌و ئه‌ندامانی کۆنگره‌ش له نێو ئاهه‌نگ و سروود و ستران و هه‌ڵپه‌رکێدا پیرۆزبایی سه‌رکه‌وتنی کۆنگره‌یان ده‌گۆڕییه‌وه. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بگوترێت که ره‌وتى کاروباره‌کانى کۆنگره له نێو که‌شێکی که‌رنه‌ڤاڵی و ئاهه‌نگ ئامێزدا به‌سه‌ربرا که گوزارشتی له خۆشحاڵی و هه‌ستی سه‌رکه‌وتن ده‌کرد له نێو ئه‌ندامه‌کانیدا .
کۆنگره ژماره‌یه‌ك راسپارده‌ی خسته به‌رچاوی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تی نوێ که کار بۆ په‌یڕه‌وکردن و جێبه‌جێکردنیان بکات ، له‌وانه‌ش:
+ پشتیوانی له ره‌وتی په‌ره‌سه‌ندووی دیموکراسی و لیبرالیزم و پرنسیپه‌کانی مافی مرۆڤ و مافی گه‌لان و ئاشتی جیهانی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌کسانیی ره‌گه‌زى و هێنانه‌ئارای جیهانێکی له چه‌ک داماڵراوی ژینگه پارێزراوی ئه‌وتۆ که نه‌وه‌کانی داهاتوو تێیدا به ئاسوده‌یی و که‌رامه‌ت پارێزراو بژین.
+ پشتیوانیی له به‌رقه‌رارکردنی ئاشتیه‌کی سه‌قامگرتوو له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا ، که تیایدا کێشه دێرینه‌کانی وه‌ک کێشه‌ی گه‌لی کورد و کێشه‌ی فه‌له‌ستین و نه‌ته‌وه ئازادیخوازه‌کانی دیکه به ئاشتیانه‌و عادیلانه چاره‌سه‌ر ببن.
+ پشتیوانیی له بیری میانڕه‌ویی و پێکه‌وه‌ژیان و دیالۆگی نێوان ئایین و ئاینزاکان و کولتوره جیاوازه‌کانی گه‌لان و به‌شداریی ئه‌کتیڤانه له نابووتکردنی بیری ره‌شی تیرۆر و توندرۆیی و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه له‌سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایه‌تی.
+ پشتگیریی له سازدانی کۆنگره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی فراوان که تیایدا نه‌ته‌وه‌ی کورد خیتاب و سه‌وابیته‌کانی ریکبخات و خه‌باتی دیموکراتی و ئاشتیانه بکاته ستراتیژی تێکۆشان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف و داخوازییه ره‌واکانی.
+ خه‌باتی بێ وچان بۆ دیموکراتیزه‌کردنی بواره‌کانى ژیان له عێراق و هه‌رچی زیاتر چه‌سپاندنی بنه‌مای فیدرالیزم و شه‌راکه‌تی نیشتمانی و سه‌روه‌ریی ده‌ستوور و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه هه‌ڵواسراوه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140 و گێڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ناوچه دابڕێنراوه‌کان بۆسه‌ر هه‌رێمى کوردستان.
+ خه‌باتی بێ وچان بۆ هه‌رچی زیاتر قووڵکردنه‌وه‌ی گیان و پرنسیپ و موماره‌ساتی دیموکراتیانه و فره‌یی سیاسی له کوردستاندا و، کۆکبوونی هه‌موان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک نه‌گۆڕی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی که گوزارشت له به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانی گه‌لی کوردستان بکات.
هاوڵاتیانی به‌رێز
هه‌ڤاڵانی تێکۆشه‌ر
پارتی دیموکراتی کوردستان سه‌رکه‌وتنی که‌م وێنه‌ی کۆنگره‌که‌ی به سه‌رکه‌وتنی خواست و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی کوردستان ده‌زانێ ، به‌وپێیه‌ی پارتی هه‌میشه‌و له‌مه‌ودواش ئامرازێکی خه‌بات و تێکۆشانی جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مانه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ره‌واکانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و گه‌لی کوردستان و، پێشکه‌وتنی کوردستان و سه‌رفرازیی میلله‌ت.
بۆیه‌ش پارتیمان به‌ر له هه‌ڤاڵانی خۆی ، پیرۆزیایی ئه‌م سه‌رکه‌وتنه له تێکڕای خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات و به‌ڵێن دووپاتده‌کاته‌وه وه‌ک هه‌میشه پارێزه‌ری ده‌سکه‌وته‌کانی گه‌ل و به‌دیهێنه‌ری ماف و ده‌سکه‌وت و سه‌رکه‌وتنی زیاتر بێت بۆ گه‌له‌که‌مان.
له دووماهیدا جێی خۆیه‌تی له‌گه‌ڵ سوپاسکردنی لێژنه‌ی ئاماده‌کار و ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی کۆنگره، سوپاسی خه‌ڵکی خۆشه‌ویست و وه‌فاداری هه‌ولێری پایته‌خت بکه‌ین که ئه‌م کۆنگره‌یه‌یان له ئامێز گرت. هه‌ر لێره‌دا ڕۆڵی گرنگی ده‌زگا و دامه‌زراوه‌کانی نێوخۆ و هێزه‌کانى پێشمه‌رگه له به‌رقه‌رارکردنی ته‌واوی هێمنی و ئاسایش به‌رز ده‌نرخێنین.
• سه‌رکه‌وتنی کۆنگره‌ی سێزده‌هه‌مینی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆز بێت.
• دروود بۆ گیانی به‌رزو هه‌ڵکشاوی رابه‌ری نه‌ته‌وه مسته‌فا بارزانی نه‌مرو کاکه ئیدریسی هه‌میشه له‌یادو سه‌رجه‌م شه‌هیدانی کورد‌و کوردستان.
بژی کورد بژی کوردستان
18/12/2010
| < پێشتر | دواتر > |
|---|







