دوای تەواوبوونی كارەكانی كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی
پارتی رای گەیاند، با هەموو لایەك باش بزانن كە بەهیچ شێوەیەك تەكەتول لەناو پارتیدا نییە و دوای كۆنگرەش بەرنامەمان بۆ پارێزگەی سلێمانی و گەرمیان هەیە.
لە میانەی رۆژی كۆتای كارەكانی كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی بۆ چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندن دووا، بارزانی لەسەر چەند تەوەرێكی پێوەست بەكۆنگرە و چەند بابەتێكی تر لێدوانی دا.
نێچیرڤان بارزانی رای گەیاند "ئەوەی لەناو كۆنگرەی 13دا بڕیاری لەسەر دراوە، بێگۆمان پارتی كاری جدیی لەسەر دەكات و جێبەجێشیان دەكات، پارتی داكۆكی لە مافی ئافرەت دەكات و ئێستەش 5 ئافرەت بوونە ئەندامی سەركردایەتی لەگەڵ ژمارەیەك گەنج، بێگۆمان ئەمەش هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە".
بارزانی ئەوەشی گوت "با هەموو لایەنێك باوەڕیان هەبێ لەناو پارتیدا هیچ تەكەتولات نییە و لەم كۆنگرەیەشدا ئەوە بەڕوونی ئاشكرا بوو كە لەناو پارتیدا تەكەتولات نییە".
زیاتر گوتی راستە بیر و بۆچوونی جیاواز هەیە و ئەم بیر و بۆچوونە جیاوازانەش كارەكانی ئەم پارتە دەوڵەمەنتر دەكەن.
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "دوای كۆنگرە بێگۆمان بەرنامەمان بۆ پارێزگەی سلێمانی و گەرمیان هەیە و ئەم بەرنامەیە بۆ هەموو هەرێمی كوردستانە وەكو یەك سیستەم و پارتی بەشێوازێكی نۆی كارەكانی خۆی دەكات".
هەروەها رای گەیاند پارتی هەوڵ دەدات میكانیزمێك ببینێتەوە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لەناو داوودەزگەكانی پارتیدا.
لەبارەی ئەو پرسەی گوایە دوای تەواوبوونی دوو ساڵ بەرهەم ساڵح چیتر وەك سەرۆك وەزیران نامێنێت و دەبێ یەكێك لە پارتی ئەو پۆستە وەربگرێ، ئەویش بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی، نێچیرڤان بارزانی گوتی "تا ئێستە لە ناو پارتیدا بەهیچ شێوەیەك باسی ئەم بابەتە نەكراوە".
هەروەها گوتی "ئێستە لە هەرێمی كوردستان حكوومەتێك هەیە بەسەرۆكایەتیی بەرهەم ساڵح و ئێمەش وەك پارتی پشتیوانیی تەواو لەو حكوومەتە دەكەین".
پارتی دیموكراتی كوردستان لە 11ی ئەم مانگە (كانوونی یەكەم/دیسێمبەر) كۆنگرەی 13ی خۆی بەست و تێیدا 1501 ئەندام بەشدار بوون، لەوانەش 150یان ئافرەت بوون.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16ی (ئاب/ئۆگستسی)ی ساڵی 1946 لەسەر دەستی مەلا مستەفا بارزانی هاتووەتە دامەزراندن.
ئاكانيوز-هیڤیدار ئەحمەد، ن: وشیار ئەحمەد
| < پێشتر | دواتر > |
|---|







