هێرش مەلا جەوهەر
لە دوای پرۆسەی ئازادی ئێراقەوە لە ساڵی2003 كوردو سەركردایەتیە سیاسیەكەی لە هەوڵی ئەوەدا بوونە كەسەركردەكانی قۆناغی نوێی وڵاتەكە لەو تێبگەیەنن كە هەرێمی كوردستان مەبەستیەتی لە چوارچێوەی ئێراق درێژە بە ژیانی سیاسی خۆی بدات و، تەنانەت دەستبەرداری ئەو نیمچە سەربەخۆییەش بێت كە پێش ئازادی وڵاتەكە دەستەبەری كردبوو، وەلێ ئەوانەی كە هیچ ڕۆژێ نەیانویستووە كورد خاوەنی بڕیارو پێگەی سیاسی خۆی بێت لە ئێراق نەیانتوانی بارودۆخی تازەی هەرێمی كوردستان قەبوڵ بكەن و، بە هەمان عەقڵیەتی سەردەمی پێش پرۆسەی ئازادی ئێراق بیریانكردەوە پێش ناچێ لەكاتێكی نزیكدا بتوانن دەستبەرداری ئەو بیرە شۆفێنزمی و دیكتاتۆریانەی خۆیان بن.حوسێن شەهرستانی وەزیری نەوتی ئێراق كە تا چەند ڕۆژێك بەر لەوەرگرتنی پۆستەكەشی خەونی بە پێشوازیكردنی لەلایەن بەرپرسەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەبینی، یەكێك بووە لەوانەی هەر لەیەكەم ڕۆژی وەرگرتنی پۆستەكەیدا هەموو هێزێكی خۆی لە دژی كوردو هەرێمی كوردستاندا تاقیكردەوەو، ئەوەی بۆی كرا لە دژایەتی هەرێمی كوردستاندا بێ ترس و دوودڵی ئەنجامیدا، تەنانەت تەنها دوو ڕۆژ دوای دانیشتنی لەسەر كورسیە هەنگوینیەكەی هێرشی توندی كردە سەر هەرێمی كوردستان و دەیان ناوو ناتۆرەی بۆ سەركردە سیاسیەكانی هەڵبەستی.كاتێك حكومەتی هەرێم بەپێی دەستووری وڵاتەكە و ئەو مافانەی لە چوارچێوەی ئێراق هەیەتی چەند گرێبەستێكی یاسایی سەبارەت بە هەناردە كردنی نەوتەوە لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی جیهانی مۆركرد، شەهرستانی پێش هەموو شۆفێنزمەكانی دیكە هاواری لێ هەڵساو لە چەند هەڵوێستێكی بێشەرمانەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمی بە جوداخوازی و كاری نایاسایی و دژە دەستوور پێناسەكرد، بەو لێدوانانەشی لەگەڵ ئەوەی ڕاستی كەسایەتی خۆی بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكراكرد، سەركردایەتی كوردیش هیچ كاتێك كەمترین بایەخی بۆ قسەكانی ئەو وەزیرە بێ ئەزموونە دانەناوەو بەپێی دەستووری وڵاتەكە بەردەوام بووە لەسەر كارو بەرنامەكانی خۆی و، ئەویش كەبەپێی یاساو ئەو مافانەی هەرێمی كوردستان هەیبوو هیچی بۆ نەچووە سەر زۆر بێ شەرمانە دەیگوت بەهۆی گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێم ناچارین كاربە یاساكانی سەردەمی ڕژێمی ڕووخاو بكەین،بێگومان شەهرستانی و هاوشێوەكانی كاتێك كە ناتوانن شەڕی سیاسەت و دیموكراسی لە گەڵ كورد بكەن ئیدی ناچارن بۆ دەربازبوون لەشكستەكانیان هانا بۆ ڕەچەڵەك و ڕێنمایی ئاغا گەورەكانیان ببەن.وەزیری نەوتی ئێراق لەوەتای دەست بەكاربوونیەوە لە هەر كەسێكی تر زیاتر پێچەوانەی دەستوورو یاساكانی ئێراق كاریكردووەو، تەنانەت چەندین بەڵگە ئەوە دەسەلمێنن كە ئەو وەزیرە بەبێ ئاگاداری پەرلەمان و سەرۆكایەتی وڵاتەكە دانیشتن و ڕێكەوتنی لەگەڵ دەوڵەتانی دیكە مۆركردووە، لە كاتێكدا ئەو جۆرە ڕێكەوتنانە بە هیچ شێوەیەك نە كارو نە لە دەسەڵاتی ئەودابووە، جگە لەوەش لێدوانە نامەسئولانەكانی شەهرستانی سەبارەت بە سیاسەتی نەوتی هەرێم و ناتۆرەی بەقاچاخ فرۆشتنی نەوتی كوردستان زۆرترین پشێوی و تۆوی ڕكابەری لە نێوان هەولێرو بەغدا هێناوەتە ئاراوەو، گەورەترین زیانیشی بە ناوبانگی وڵاتەكەو پێشكەوتنی ئابووریەكەی گەیاندووە.بڕیارە بێشەرمانەكەی شەهرستانی دەربارەی كەمكردنەوەی بەشە نەوتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بەكورد نە بڕیارێكی چاوەڕواننەكراوو، نە هیچ كاریگەریەكیشی بەسەر هەڵوێستی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت، وەزیرێك كە بە درێژایی وەرگرتنی پۆستەكەی درێخی لە دژایەتی هەرێمی كوردستان نەكردووە ئێمە نازانین لە ڕێی بڕیارێكی ترسنۆكانەی لەم شێوەیە مەبەستیەتی چ پەیام و نامەیەك ئاراستەی خەڵك و حكومەتی كوردستان بكات، شەهرستانی و هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە گوشاری ئابڵۆقەی نەوت و كەمكردنەوەی داهاتەكان هەڕەشە ئاراستەی كوردستان بكەن و، لەو ڕێیەوە سیاسەتی هەرێم بە بەرژەوەندی ئامانجەكانیان بگۆڕن، دەبێ لەو ڕاستیە تێبگەن هەرێمی كوردستان بۆ مسۆگەركردنی ژیانی هاووڵاتیەكانی هیچ كاتێك پشتی بە سۆزو ڕەحمەتی ئەوان نەبەستاوە، نەتەوەیەك كە سەختترین و دژوارترین ڕۆژەكانی خۆی بەڕێكردو بە دەست و بازووی نەوەكانی نیشتمانەكەی خۆی گەیاندە ئەمڕۆی ئازادی و سەربەخۆیی و، دەیان ساڵ خەباتی كرد لە پێناو كۆتایی هێنانی زوڵم و ستەم مومكین نیە ئەمڕۆ گەمەكانی شەهرستانی و هاوشێوەكانی بیترسێنێت
| < پێشتر | دواتر > |
|---|







