شه‌فه‌ق/ يه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه رۆڵێكی زۆری هه‌بووه له پيرۆزكردنی زۆربه‌ی بۆنه‌و ئاهه‌نگه نه‌ته‌وه‌ييه‌كانی
كورد له‌به‌غدادو له‌ناو كوردانی به‌غداد دا ناسراوه هونه‌رمه‌ند فه‌رهاد حه‌سه‌نه بۆ زياتر ئاشنا بوون به‌كاری هونه‌ری هونه‌رمه‌ند له‌چاوپێكه‌وتنێكدا وه‌ڵامی چه‌ند پرسيارێكمان ده‌داته‌وه.
شه‌فه‌ق/ سه‌ره‌تای كاری هونه‌ريت بۆ كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه؟
سه‌ره‌تاكانی كاری هونه‌ريم ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وكاته‌ی له‌مه‌نده‌لی بووم له‌ساڵی 1973 له‌قوتابخانه‌ی فه‌جری نوێ، كه بۆ يه‌كه‌مجار له‌چالاكی قوتابخانه‌كاندا به‌شداريم كرد‌و پاشان هاتينه به‌غدا و په‌ره‌م به‌و به‌هره‌يه‌دا كه له‌خۆمدا ده‌بينی.
شه‌فه‌ق/ چی ده‌كه‌يته پێوه‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و هۆنراوه‌يه‌ی كه ده‌يكه‌يته گۆرانی؟
ئه‌و هۆنراوه‌يه‌ی كه هه‌ليده‌بژێرم ده‌بێت له‌هه‌موو روويه‌كه به‌واتاو باش بێت و پاشماوه‌يه‌ك به‌جێ بهێڵێت، ياخود خزمه‌ت به‌دۆسيه‌يه‌ك، يان كێشه‌يه‌ك چاره‌سه‌ر بكات.
شه‌فه‌ق/ چه‌ند له‌گۆرانيه‌كانت وێنه‌گيراون؟
له‌په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌رناكه‌ن،ئه‌ويش به‌هۆی چه‌ند هۆكارێك سه‌ره‌كيترينيشيان لايه‌نه ئابووريه‌كه‌يه، به‌داخيشه‌وه له‌به‌غداد ده‌زگايه‌كی هونه‌ری نيه كه پاڵپشتی له‌هونه‌رمه‌ندانی كورد بكات.
شه‌فه‌ق/ بۆچی ناگه‌رێنه‌وه بۆ كوردستان و له‌وێ درێژه به پيشه‌كه‌تان بده‌ن؟
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه لێره په‌يوه‌ستين به‌ده‌وامی حكومهيه‌وه كه وه‌كو مامۆستای ززمانی كوردی دامه‌زراوم ناتوانم بچمه‌وه كوردستان وه هۆكارێكی تريش ئه‌وه‌يه كه حكومه‌تی هه‌رێم قبوڵی گواستنه‌وه‌م ناكات بۆ كوردستان.
شه‌فه‌ق/ جگه له‌گۆرانی ووتن له چ بوارێكی ديكه‌ی هونه‌ردا كار ده‌كه‌يت؟
به‌هره‌ی ئه‌وه‌م تێدا هه‌يه كه وه‌كو ئه‌كته‌ر كار بكه‌م به‌ڵام بارودۆخ نه‌گونجاوه بۆ ئه‌وكاره، بۆ ته‌نها له‌بواری گۆرانی ووتندا خزمه‌ت به‌هونه‌ری كوردی ده‌كه‌م.
شه‌فه‌ق/ سنووری كاری هونه‌ريت و گۆرانيه‌كانت تا كوێ ده‌گات؟
به‌حوكمی ئه‌وه‌ی من له‌به‌غدادم كه‌م تازۆر كاری هونه‌ريم گه‌شتۆته ته‌واوی پارچه‌كانی كوردستان ته‌نانه‌ت ئه‌ورووپاش.
شه‌فه‌ق/گۆرانيت چڕيوه بۆ مه‌نده‌لی؟
به‌ڵی گۆرانيه‌كم تۆمار كردووه بۆ مه‌نده‌لی له تێكستی سالم خه‌مانيه و هه‌روه‌ها چه‌ند گۆرانيه‌كيشم ووتوه بۆ هه‌ريه‌كه له شاره‌كانی كه‌ركوكو خانه‌قين و به‌دره‌ی له‌بيركراو له تێكستی جومعه مه‌ولوود كارێزیو ميلۆديه‌كانيش هی خۆم بوون.
شه‌فه‌ق/ ئايا زياتر پشت به‌ئاوازی فۆلكلۆر ده‌به‌ستيت ياخو كه‌سانێك هه‌ن هاوكاريت ده‌كه‌ن؟
من شتی ره‌سه‌نم زۆر به‌لاوه په‌سه‌ندو جوانه‌و وه زۆريش گوێ له‌گۆرانی فۆلكلۆر ده‌گرم، به‌گوێره‌ی پێويست هاوكاری ده‌كرێم و وه‌هه‌ندێك جاريش پشت ده‌به‌ستمه ئاوازه فۆلكلۆره ره‌سه‌نه‌كان.
شه‌فه‌ق/ چه‌ند گۆرانيه‌كت له ستۆديۆی شه‌فه‌ق تۆمار كردووه به‌كورتی ئه‌گه‌ر ئاماژه‌يه‌كيان پێبده‌يت؟
دوو گۆرانيم له‌ستۆديۆكانی شه‌فه‌ق تۆمار كردووه كه يه‌كێك له‌گۆرانيه‌كان به‌ناوی ئه‌م بووكه به‌رهه‌می خۆم بووه له‌تێكستی شاعيری كۆچكردوو عه‌لی مه‌هديه‌و ميلۆدی ياسين شێخه‌لييه،وه يه‌كێكی ديكه‌شيان سروودێكی نيشتمانيه ئاواز‌و هۆنراوه‌ی خۆمم و بۆ كورده فه‌يليه‌كان تۆمارم كردووه به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه شێوازی دابه‌شكردنه مۆشيقيه‌كه‌ی كه‌مو كوری زۆری تێدايه و به‌پێی پێويست نيه.
شه‌فه‌ق/ ده‌زگا رۆشنبيريه‌كانی به‌غداد تا چه‌ند خزمه‌تيان به هونه‌رو هونه‌رمه‌ندانی كورد كردووه؟
له‌رووی راگه‌ياندنه‌وه تائاستێكی باش خزمه‌تيان كردووه‌و جێپه‌نجه‌يان دياره وه‌ك ده‌زگای شه‌فه‌ق و ده‌زگای رۆشنبيری وبڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی ، به‌ڵام له‌رووی ئينتاجه‌وه شتێك نييه شايه‌نی باس كردن بێت.
شه‌فه‌ق/ په‌يوه‌نديت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ديكه‌دا له‌چ ئاستێكدايه؟
په‌يوه‌نديه‌كی باشم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی كوردا هه‌يه و هه‌ميشه‌ش له‌په‌يوه‌نديدان چ له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق ياخود له‌ناوه‌وه.
شه‌فه‌ق/ چۆن ده‌روانيته كاره هونه‌ريه‌كانت؟ ئايا هونه‌ر به‌هره‌يه‌ك سه‌يری ده‌كه‌يت ياخود ته‌نها بۆ گوزه‌راندنی ژيانت بوويته‌ته هونه‌رمه‌ند؟
بۆ هه‌ردووكيان به‌ڵام زياتر وه‌كو به‌هره‌يه‌ك و حه‌زێك سه‌يری ده‌كه‌م كه‌سايه‌تی خۆمم له‌سه‌ر بنيات ناوه، له‌رووی ماديشه‌وه تائاستێك سوودم وه‌رگرتووه.
شه‌فه‌ق/ چۆن ده‌روانيته هونه‌رمه‌نده نوێيه‌كانی ئێستا، وه‌تا چ ئاستێك خزمه‌ت به‌هونه‌ری كوردی ده‌كه‌ن؟
كۆمه‌ڵێكيان هه‌ن كه رۆحی ره‌سه‌نيه‌تی گۆرانی كورديان پاراستووه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ندێكيان، هيچ تامووبۆيه‌كی كورده‌واری له‌گۆرانيه‌كانيادا به‌دی ناكرێت.
شه‌فه‌ق/ به‌چ هونه‌رمه‌ندێك زياتر سه‌رساميت؟
زياتر سه‌رسامم به هونه‌رمه‌ند جه‌لال نه‌سيری له‌كوردستانی ئێران و هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ئازاد وه‌هاب، زۆرجاريش گوێ رائه‌دێرمه هونه‌رمه‌ندگه‌وره‌و باوكی مه‌قامی كوردی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان.
واهه‌ستا ناكه‌ن كه ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه به‌شێوه‌زاری كه‌ڵهوری گۆرانی ده‌ڵێن پشتگوێ خراون ياخود وه‌كو ته‌واوی شه‌فه‌ق/ هونه‌رمه‌ندانی ديكه ئه‌وه‌نده گرنگييان نادرێتێ؟
نه‌خێر واهه‌ست ناكه‌م كه پشتگوێ خرابين به‌پێچه‌وانه هۆكاره‌كه‌ی به‌ده‌گمه‌ن بوونی گۆرانيبێژی كه‌ڵهورييه، به‌شێوه‌يه‌كی گشتيش گۆرانی كه‌ڵهوری و له‌كی و هه‌ورامی هيچ كات ئه‌و تايبه‌تمه‌ندی و تام و چێژه‌ی خۆيان له‌ده‌ست ناده‌ن و وه‌هيچ كاتێكيش نه‌كه‌وتوونه‌ته ژێركاريگه‌ری هونه‌ری بيانييه و تێكه‌ڵاو نه‌بووه له‌گه‌ڵياندا،واش پێشبينی ده‌كه‌م كه له‌ساڵانی داهاتوودا گۆرانی كه‌ڵهوری به‌ره‌و پێشوونێكی باش به‌خۆيه‌وه ببينێت.
شه‌فه‌ق/ به‌چه‌ند شێوه‌زار گۆرانی ده‌ڵێيت، ياخوو ووتوه؟
زياتر به كه‌ڵهوری و سۆرانی گۆرانيم ووتوه، به‌نيازم له‌ئاينده‌شدا به كرمانجيش چه‌ند گۆرانيه‌ك تۆمار بكه‌م.
شه‌فه‌ق/ زياتر شيعری چ شاعيرێك هه‌ڵده‌بژێريت بۆ گۆرانيه‌كانت؟
به‌هۆی نزيكبوونمان له‌رووی ئه‌فكاره‌وه زۆرجار هۆنراوه‌كانی شاعير مه‌ولوود جمعه كارێزی ده‌كه‌مه گۆرانی.
هونه‌رمه‌ند فه‌رهاد حه‌سه‌ن له‌ساڵی 1961 له‌شارۆچكه‌ی مه‌نده‌لی چاوی به‌دونيا هه‌ڵێناوه.
پاشان هاتووه‌ته به‌غداو ئێستا وه‌كو مامۆستای زمانی كوردی له‌يه‌كێك له‌قوتابخانه‌كانی پايته‌ختدا وانه‌ده‌ڵێته‌وه‌و خاوه‌نی سێ منداڵه به‌ناوه‌كانی ( مه‌هابادو موكه‌ره‌م و موسه‌ده‌ق).
| < پێشتر | دواتر > |
|---|







