له "كۆبوونه‌وه‌ی قوتابیانی مه‌ولاناناسی" له شاری مه‌شهه‌د رێز له نووسه‌ر و توێژه‌ری ناوداری كرماشانی
دكتۆر "میرجه‌لاله‌دین كه‌زازی" ده‌گیرێت.
له‌و رێوڕه‌سمه‌دا كه به هه‌وڵی ناوه‌ندی فیرده‌وسی و ئه‌نجومه‌نه‌كانی زانستی، مێژوو و ئه‌ده‌بیانی زانكۆی په‌یامی نوور له شاری مه‌شهه‌د به بۆنه‌ی به‌رزراگرتنی پله و پایه و هه‌روه‌ها باس و لێدوان سه‌باره‌ت به شیعره‌كان و نووسراوه‌كانی شاعیری به‌توانا مه‌ولانا ساز ده‌كرێت، له دكتۆر "میرجه‌لاله‌دین كه‌زازی" كه ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئه‌میندارێتی "ناوه‌ندی فیرده‌وسی"یه له‌به‌ر ته‌مه‌نێك خزمه‌ت كردنی به زمان و ئه‌ده‌بیانی فارسی رێزی تایبه‌ت ده‌گیرێت.
له "كۆبوونه‌وه‌ی قوتابیانی مه‌ولاناناسی" چه‌ندین نووسه‌ر و توێژه‌ر و شاعیری ناودار له‌وانه دكتۆر میرجه‌لاله‌دین كه‌زازی، عه‌باس خه‌یرئابادی، محه‌مه‌د ته‌قی ئیمان پوور، مورته‌زا ئاقایی، محه‌مه‌د عه‌لی داوه‌رنیا، محه‌مه‌د حوسێن تووسی وه‌ند و یاسر موحیدفه‌رد سه‌باره‌ت به لایه‌نه جۆراوجۆره‌كانی مه‌ولانا و به‌رهه‌مه‌كانی دێنه ئاخاوتن.
هه‌روه‌ها له درێژه‌ی رێوڕه‌سمی "كۆبوونه‌وه‌ی قوتابیانی مه‌ولاناناسی" په‌رده له‌سه‌ر پوڵی بیره‌وه‌ری دكتۆر میرجه‌لاله‌دین كه‌زازی و محه‌مه‌د حوسێن تووسی وه‌ند لاده‌درێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌رنامه‌كه‌دا نووسه‌ران و توێژه‌ران و شاعیران و میوانانی ئه‌و رێوڕه‌سمه به مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له قۆناغه‌كانی دروست كردنی "باغی شاهنامه" سه‌ردانی ئه‌و باغه ده‌كه‌ن كه یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌رهه‌نگی و گه‌شتیارییه كه به پێی
شاهنامه‌ی فیرده‌وسی ساز ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها له به‌شی لاوه‌كی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا پێشانگای كتێب و شتومه‌كی فه‌رهه‌نگی له زانكۆی په‌یامی نوور له شاری مه‌شهه‌د ده‌كرێته‌وه.
دكتۆر "میرجه‌لاله‌دین كه‌زازی" له یه‌كه‌مین مانگی زستانی ساڵی 1948 له بنه‌ماڵه‌یه‌كی فه‌رهه‌نگیی له شاری كرماشان هاته دونیا. به هۆی باوكییه‌وه كه پیاوێكی تێگه‌یشتوو بوو، تامه‌زرۆی كتێب خوێندنه‌وه بوو. قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی ئالیانس له شاری كرماشان ته‌واو كرد.
دواتر بۆ قۆناغی دواناوه‌ندی چووه قوتابخانه‌ی رازی له كرماشان. ئینجا بۆ درێژه پێدان به خوێندنی باڵا چووه كۆلێژی ئه‌ده‌بیاتی فارسی و زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان له زانكۆی تاران و له‌وێ چه‌ندین خولی جۆراوجۆری فێركاری ته‌واو كرد. ساڵی 1991 له زانكۆی تاران بڕوانامه‌ی دكتۆرای زمان و ئه‌ده‌بیاتی فارسی وه‌رگرت.
دكتۆر كه‌زازی هه‌ر له ته‌مه‌نی مێرمنداڵییه‌وه ده‌ستی به نووسین و شیعر و هه‌ڵبه‌ست كرد و له‌و ساڵانه‌دا به‌رهه‌مه‌كانی خۆی له هه‌فته‌نامه‌كانی كرماشان‌دا چاپ ده‌كرد.
دكتۆر "میرجه‌لاله‌دین كه‌زازی" ئێستاكه ئه‌ندامی لێژنه‌ی زانستییه له كۆلێژی ئه‌ده‌بیانی فارسی و زمانه بیانییه‌كانی سه‌ر به زانكۆی عه‌لامه ته‌باته‌بایی له شاری تاران. ئه‌و نێشته‌جێی شاری كه‌ره‌جه و شاره‌زایی له گه‌ڵ زمانه‌كانی فه‌ره‌نسی، ئیسپانیا، ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی هه‌یه.
تا ئێستا زیاتر له ده‌یان كتێب و نزیكه‌ی 200 وتاری زانستی ئه‌ده‌بی نووسیوه و له زۆربه‌ی كۆر و كۆبوونه‌وه‌كانی زانستی و فه‌رهه‌نگی له ناوخۆی ئێران و له وڵاتانی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به بواره‌كانی ئه‌ده‌بیات و زمان و نووسین و شاعیرانی گه‌وره باس و لێدوانی پێشكه‌ش كردووه.
هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌ك له وڵاتی ئیسپانیا وانه‌كانی ئێرانناسی و زمانی فارسی ده‌گوته‌وه. ئه‌و ناو به ناو شیعریش ده‌هۆنێته‌وه و نازناوه هونه‌رییه‌كه‌ی له شاعیریدا "زۆروان"ـه.
دكتۆر "میرجه‌لاله‌دین كه‌زازی" به وه‌رگێڕانی كتێبی "ئانه ئید" به‌رهه‌می "ویرژیل" بۆ سه‌ر زمانی فارسی ساڵی 1990 خه‌ڵاتی باشترین كتێبی ساڵی وڵاتی ئێرانی به‌ده‌ستهێنا.
هه‌روه‌ها به نووسینی كتێبی "نامه‌ی باستان" كه له 9 به‌رگدا چاپ كراوه، پله‌ی یه‌كه‌مین توێژینه‌وه‌كانی بنه‌ڕه‌تی له فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی خاره‌زمی به‌ده‌ستهێنا.
ساڵی 2005 وه‌كوو سیمای هه‌رمان له بواری فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب له ئاستی وڵاتی ئێران ده‌ستنیشان كرا. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا وه‌كوو سیمای هه‌ڵبژارده‌ی پارێزگای كرماشان دیاریی كرا. له هه‌مان ساڵدا له‌وحه‌ی سوپاسی ئه‌نجومه‌نی پڕبایه‌خی ئه‌ده‌بی پارناسۆس له وڵاتی یۆنان پێی به‌خشرا.
ساڵی 2006 وه‌كوو توێژه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی كۆلێژی ئه‌ده‌بیاتی زانكۆی عه‌لامه ته‌باته‌بایی هه‌ڵبژێردرا. ساڵی 2008 بووه سیمای هه‌رمانی ناوچه‌ی كه‌ره‌ج. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا وه‌كوو مامۆستای نموونه‌یی زانكۆی ئازادی ئێران ده‌ستنیشان كرا.
هه‌روه‌ها ساڵی 2009 له‌به‌ر نووسینی كتێبی 9 به‌رگی "نامه‌ی باستان" خه‌ڵاتی باشترین كتێبی ساڵی له لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی زانكۆی تاران پێبه‌خشرا. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا وه‌كوو توێژه‌ری نموونه‌یی پارێزگای مه‌ركه‌زی له ئێران دیاریی كرا.
PNA/ مه‌نووچێهر جیهانی
| < پێشتر | دواتر > |
|---|







