له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی كه له ماڵی خودی هونه‌رمه‌ند له شارۆچكه‌ی
دوكان سازمانداوه باس له‌و كێشه‌و گرفتانه ده‌كه‌ین كه هونه‌ری كوردی تێی كه‌وتووه، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی هونه‌ری كوردی له ڕابردووه له ئێستا و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی چه‌ند پرسیارێكی تایبه‌ت به ژیانی ڕه‌زازی بێجگه له هونه‌ر شاره‌زایی هه‌یه له بواری زمان و نوسینی كوردیدا.
دوای ته‌مه‌نێك كاركردن له خزمه‌تی هونه‌ری كوردیدا ئێستا هونه‌ری كوردی چۆن ده‌بینیت؟
له ڕاستیدا، پێموانییه ئه‌م بارودۆخه‌ی هونه‌ری كوردی تێدایه دۆخێكی باش بێت، دیاره حه‌ز ده‌كه‌م له‌سه‌ر هونه‌ری گۆرانی قسه بكه‌م، خۆی هونه‌ر به‌گشتی گه‌یشتۆته بنبه‌ست، نه‌ك ته‌نها له كوردستاندا بگره له هه‌موو جیهاندا، ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌كه‌م ئه‌م خێرا بڵاوبونه‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا له‌لایه‌ك، دووه‌م هه‌ڵه به‌كارهێنانی له‌لایه‌كی تره‌وه، چونكه به‌ڕاستی له‌لای ئێمه دوو كێشه هه‌یه، یه‌كه‌م ئه‌و دیموكراسیه‌ته‌ی كه ئه‌مڕۆ له كوردستاندا هه‌یه خه‌ڵك ناتوانێت هه‌زمی بكات، پێموایه به‌هه‌ڵه كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌مه وایكردووه كه‌هونه‌ر تووشی كێشه بێ، به‌تایبه‌ت گۆرانی و مۆسیقا كوردی، من ناشڵێم ئیش نه‌كراوه شتی زۆر باشكراوه، له تاكه كه‌سێكه‌وه بگره تا گروپێك، به‌ڵام به‌گشتی له كوردستانی باشور كه ئێستا كورد بۆ خۆی ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌یه من چاوه‌ڕوان بووم ئیشی له‌مه باشتر بكرێت به‌تایبه‌ت بۆ هونه‌ری كوردی.
به‌ڕای تۆ كێ له‌م بارودۆخه‌ی هونه‌ر خه‌تاباره؟
لێره‌دا ده‌مه‌وێت شتێك بگێڕمه‌وه، ڕۆژی (25/12/2008) من لێره نه‌بووم، به‌ڕێز سه‌رۆكی كوردستان دیدارێكی هه‌بوو له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی كوردستان زۆربه‌یان گۆرانی بێژ‌و ژه‌نیار بوون، له‌و دیداره‌دا سه‌رۆكی كوردستان ئاماژه به چه‌ند شێتێك ده‌كات، ده‌ڵێت: "ده‌بێ هه‌موو میلله‌ت ئه‌و حه‌قیقه‌ته بزانن كه قیمه‌تی هونه‌رمه‌ند ئه‌بێ زۆربێ و زۆریشه، به‌ڵام خه‌له‌ل زۆره ده‌بێت حه‌قی هونه‌رمه‌ند بدرێت و له شوێنی شیاوی خۆی دابنرێت". له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌ڵێت: "ده‌كرێت ئه‌م شتانه چاره‌سه‌ر بكرێت".
به‌ڵام من ده‌مویست گوێ له هونه‌رمه‌ندان بگرم، ئه‌وه‌ی كه من خۆم هه‌ستم پێ كردووه، ڕه‌نگه نایه‌كسانییه‌ك هه‌بێ، ده‌بێت بارودۆخه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، موشكیله‌ی هونه‌رمه‌ند به پارچه زه‌وی و ئۆتۆمبیلێك مه‌یسه‌ر نابێت، باشه من له‌گه‌ڵ قسه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمدام، به‌ڵام ئایا به‌ڕێزیان وه‌كو سه‌رۆكی كوردستان هاتنه سه‌ر ته‌له‌فزیۆن قسه‌یانكرد، پشتیوانیان له هونه‌ری كوردی و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی كوردستان كرد، كوا بۆ وای لێ هات بۆ له‌دوای قسه‌كانی سه‌رۆكی كوردستان هیچ بایه‌خێكیان به هونه‌ری كوردی نه‌داوه له‌ئێستادا، بۆچی هونه‌رمه‌ندی بیانی ده‌هێنرێته كوردستان له كاتێكدا ئێمه خۆمان كێشه‌مان هه‌یه، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌و به‌توانامان زۆره، باری ماڵیان خراپن، هه‌یه نه‌خۆشه هه‌مانه له مردندایه به‌ڵام هیچی بۆ نه‌كراوه، من حه‌ز ده‌كه‌م جارێكی تر ئه‌م قسه‌یه‌م بگاته‌وه به سه‌رۆكی كوردستان كه ئه‌مه بارودۆخ نییه هونه‌ری كوردی تێدا ده‌ژی، بۆیه ده‌سه‌ڵات و هونه‌رمه‌ندیش خه‌تاباره.
پێتوایه هونه‌رمه‌ند هونه‌ره‌كه‌ی بووه به پیشه‌ی سه‌ره‌كی بۆی و بووه‌ته هۆی دابین كردنی بژێوی ژیانی؟
ده‌توانم ئه‌وه بڵێم به‌ڕاستی هونه‌رمه‌ندی كورد هیچ كات به هونه‌ره‌كه‌ی خۆی نان ناخوات، یان ناتوانێت خۆی به‌ڕێووه به‌رێت، هه‌ندێك هونه‌رمه‌ندمان هه‌یه وه‌كو قامكی ده‌ستی حزبه‌كانن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوكارییان ده‌كه‌ن خۆیان به‌ستۆته‌وه به‌و حزبانه‌وه، هونه‌ره‌كه‌شیان خستۆته خزمه‌ت ئه‌وان، خۆشیان به گۆرانی بێژی گه‌وره ده‌زانن ئه‌مه نه‌گبه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه، بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه كه هونه‌ر موڵكی میلله‌ته، هی ته‌نها حزبێك و شه‌خسێك نییه، بۆیه هیچ هونه‌رمه‌ندێك ناتوانێت به هونه‌ره‌كه‌ی، خۆی به‌ڕێووه به‌رێت.
ده‌وترێ ناسری ڕه‌زازی حه‌ز به نوێخوازی ناكات ئایا ئه‌مه تاچه‌ند ڕاسته؟
من هه‌رده‌م لایه‌نگری نوێخوازی بووم، به‌ڵام كام نوێخوازی، ئه‌رێ ئه‌و براده‌رانه‌ی كه‌وا ده‌ڵێن، بۆچی ئاماده نابن بێن له ته‌له‌فزیۆنه‌كاندا باسی نوێخوازیم له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، ئه‌وه نوێخوازی نییه كه تۆ دژی كلتوری نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆت بی و فه‌رهه‌نگی توركی بهێنیت بڵاوی بكه‌یته‌وه، نوێخوازی سمت بادان خۆ ڕووتكردنه‌وه و دانس و سه‌ما كردن نییه، ئه‌وه نوێخوازییه كه تۆ وه‌ڵامی داخوازییه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌ت بده‌یته‌وه، یان ئه‌وه‌یه هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی به ده‌ربه‌ست ده‌بێ ئاگای له‌وه بێت كه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگاكه‌ی هه‌نگاو هه‌ڵگرێ، ته‌نانه‌ت هه‌نگاوێكیش له پێش كۆمه‌ڵگاكه‌ی بێت هه‌میشه هه‌ر وابووه، ئه‌وه هونه‌رمه‌ندی شاره‌زاو پێشكه‌وتووخوازه، نوێخوازی داهێنانه ئه‌فراندنه، دژایه‌تكردن نییه، ئه‌وانه‌ی كه ناتوانن وه‌ڵامی ئێمه بده‌نه‌وه، دێن ئه‌و شتانه‌مان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن.
هه‌ندێك له گۆرانیبێژان پشت به ئاوازی بیانی ده‌به‌ستن؟
پێم باش نییه هونه‌رمه‌ند ئاوازی نه‌ته‌وه‌كانی تر بێنێ ده‌قاوده‌ق بیكات به كوردی ئه‌وه هه‌ڵه‌یه نابێت ئه‌و كاره بكرێت، من له‌كوێ ڕازی ده‌بم گۆرانی بێژانی بیانی هه‌ڵسن گۆرانی سه‌رده‌مێك بوو بێ نه‌غمه بوو، چاره‌ی خه‌می من یان ئه‌و گۆرانییانه‌ی كه من خۆم دروستمكردووه، بیكه‌نه توركی و فارسی و عه‌ره‌بی له دوایی بنووسن ئاوازی خۆمانه ئه‌گه‌ر ئه‌وه ببێنم نه‌ك خه‌فه‌تی پێ ده‌خۆم، به‌ڵكو شكایه‌تیش ده‌كه‌م، چونكه ڕه‌نجی منه، ئه‌مانه هه‌مووی چه‌ند كه‌سێكن به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن كه ئه‌م كارانه ده‌كه‌ن، هونه‌ری بیانی ده‌رخواردی خه‌ڵك ده‌ده‌ن، دژی ئه‌وه‌ش نیم كه‌ڵك له موزیكی نه‌ته‌وه‌كانی تر وه‌ربگرین بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی مۆسیقای كوردی، هه‌موو میلله‌تێك ئه‌وه ده‌كات، به‌ڵام دژی ئه‌وه‌م كه شتی خه‌ڵكی تر بدزین و بیكه‌ین به هی خۆمان، ئه‌مه ناچێته مۆسیقای كوردی هیچ میلله‌تێكه‌وه.
كه‌واته چۆن هونه‌ری كوردی بگه‌ڕێنینه‌وه سه‌ر ڕێچكه ڕاست و ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی؟
له ڕاستیدا ده‌مێكه پێشنیارم كردووه‌و هه‌ر لێره‌شه‌وه پێشنیار ده‌كه‌م من به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر بۆم بكرێ كۆمه‌ڵێ هونه‌رمه‌ند له هه‌موو شاره‌كانی كوردستانه‌وه له هه‌موو ڕوانگه‌و دیده‌كان و بیروباوه‌ڕه‌كانه‌وه بانگ بكه‌م بۆ دوكان، ئه‌گه‌ر بكرێ به حسابی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، ئه‌گه‌ر نه‌كرا به حسابی تاكه‌كه‌سی خۆمان، كۆنفرانسێك ببه‌ستین بۆ ئه‌وه‌ی كه فكرێك چاره‌یه‌ك بۆ هونه‌ر و مۆسیقای كوردی بدۆزینه‌وه، چونكی ئه‌مه بارودۆخ نییه كه هونه‌ری كوردی تێكه‌وتووه.
كاری تازه‌تان چی ده‌بێت له داهاتوودا ؟
داوای لێبوردن له هه‌موو خه‌ڵكی كورد ده‌كه‌م، تكایه ده‌مه‌وێت ئه‌مه بنوسیت، كه ئه‌و پرسیاره‌م لێده‌كه‌ن پێموایه تێم هه‌ڵده‌ده‌ن یان جنێوم ده‌ده‌نێ، بۆیه ده‌ڵێم داوای لێ بوردن ده‌كه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له پێشتردا ڕادیۆ نه‌وا بڕیار بوو سیدییه‌كه‌م بۆ بڵاو بكاته‌وه، ته‌نانه‌ت ده‌فته‌رێك دۆلاریشیان به قه‌رزدا به‌من، كاتێك كه كاره‌كه‌مان كرد، وتیان چونكه له سیدی كاك عه‌دنان و میكائیل دا زه‌ره‌رمان كردووه، ناتوانین بڵاوی بكه‌ینه‌وه، ئه‌وه بوو به‌هۆی ئه‌وه كه من كاره‌كه‌م به‌دوا كه‌وت پاشان دام به كۆمپانیای چوار چرا ئه‌ویش به سه‌قه‌تی بڵاوی كرده‌وه، له‌و به‌ینه‌دا په‌نجا هه‌زار دۆلارم زه‌ره‌ر كردووه هه‌تاوه‌كو ئێستا، جا هه‌ركه‌سێك پرسیار ده‌كات ئه‌ڵێ به‌رهه‌می تازه‌ت هه‌یه، به‌رهه‌می تازه‌م بۆ چی بێت، كه سیدی كۆپی كردن بووه به كلتور له‌م وڵاته‌دا، ده‌بێ كۆپی ڕایت نه‌مێنێ سیدی ئۆرجیناڵه‌كه‌ی ببێت به كه‌ڵچه‌رو فه‌رهه‌نگ، ئه‌مه یارمه‌تی هونه‌رمه‌ند ئه‌دات، به‌ڵام وه‌ختێ كه تۆ به‌رهه‌مه‌كه‌ت وه‌ها بڵاو ده‌بێته‌وه كه‌س پشتیوانی لێ ناكات ئیتر من چی بكه‌م پاشان ئێمه هه‌ر ناچارین سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ش دیسان هه‌ر كار بكه‌ین، ئێستا سیدییه‌كی ترم به‌ده‌سته‌وه‌یه، كاك گۆران كامیل ئیشی بۆ ده‌كات، به‌ڵام جارێ نازانم كه‌ی بڵاو ده‌بێته‌وه، من سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه سیدییه‌كه‌م به سه‌قه‌تی بڵاوببۆوه كه ڕادیۆ نه‌وا دوازده هه‌زار دۆلاری پێ داوم هه‌شت هه‌زارم داوه‌ته‌وه، هه‌تاوكو ئێستاش نه‌م توانیوه چوار هه‌زار دۆلاره‌كه‌ی دیكه‌ی بده‌مه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیدییه‌كه‌م هیچ داهاتێكی بۆم نه‌گه‌ڕایه‌وه، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تیشه‌وه هیچ یارمه‌تییه‌ك نه‌دراوم، هه‌تاوه‌كو ئێستاش ڕون نه‌بۆته‌وه هونه‌ر سه‌ر به كام وه‌زاره‌ته ئایا وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه یان په‌روه‌رده، هه‌روه‌ها ئێمه به په‌رله‌مانمان ڕاگه‌یاند كه یاسایه‌ك ده‌ركه‌ن بۆ كۆپی ڕایت، به‌ڵام به‌داخه‌وه وه‌كو بلێیت كێشه‌ی ئه‌وان نییه، هه‌ر وه‌ڵامیشیان نه‌داینه‌وه.
به‌ڕێزت له سوید ژیاویت ئایا هونه‌ر له‌وێ چۆنه؟ به شێوه‌یه‌كی باش پشتگیری لێ ده‌كرێت؟
له‌وێ یه‌كێتی هونه‌رمه‌ندانی سوید هه‌یه من بۆخۆم تێیدا ئه‌ندامم، هه‌موو میلله‌تێكی تێدایه تۆ مانگانه پاره ده‌ده‌یت ئه‌و كاته ئه‌وان پشتیوانیت لێ ده‌كه‌ن، هونه‌رمه‌ند ئه‌توانێت پاره وه‌ربگریت بۆ ده‌ركردنی سیدی یان چاپ كردنی كتێب، له وڵاتی سوید ساڵانه به ملیۆن دۆلار ته‌رخان ده‌كرێت بۆ هونه‌ر ئه‌مه یارمه‌تییه بۆ پێشخستنی فه‌رهه‌نگ و زمانی ئه‌و وڵاته، له په‌رله‌مان هونه‌رمه‌ند مافی هه‌یه، لێره هه‌تاوه‌كو ئێستا هونه‌رمه‌ندان نوێنه‌ریان نییه له‌په‌رله‌ماندا، زۆر جیاوازی هه‌یه له نێوان سوید و ئێره ناشتوانین له‌به‌رامبه‌ر یه‌كیان دابنێین.
له كوردستاندا قوتابخانه‌ی فێربوونی مقاممان نییه ئه‌گه‌ر بشبێت زۆر ده‌گمه‌نه ده‌رباره‌ی ئه‌مه چی ده‌ڵێیت؟
ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانناسم ده‌توانن مقام بڵێن كاك به‌هجه‌ت یه‌حیایه، كاك عه‌دنان كه‌ریمه یان ئه‌یوب عه‌لییه، له‌ناو ژنانیشدا زۆرێك هه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌مانه زیاتر بایه‌خ به مقام بده‌ن، پێم وابی ئه‌توانن مقام بڵێن هه‌روه‌ها مه‌قام بنه‌مای گۆرانییه جارێ گۆرانی بێژ ده‌بێ بیزانێ یان بیناسێ بزانی بۆ نموونه به‌یاد چییه حیجاز و عه‌جه‌م چییه، به‌ڵام نه‌شیڵێت كێشه نییه ده‌بێت بیناسێت، به‌لاَم له ڕۆژی ئه‌مڕۆدا ئه‌و كه‌سانه كه‌من بایه‌خ به مه‌قام ئه‌ده‌ن بۆیه پێویسته قوتابخانه‌ی مه‌قام زیاتر بكرێته‌وه.
ڕابردوودا له‌ژێر كاریگه‌ری چ هونه‌رمه‌ندێكدا بوویت؟
منیش وه‌كو هه‌موو هونه‌رمه‌ندێكی دیكه له مامۆستا تایه‌ر تۆفیق و حه‌سه‌ن زیره‌ك و عه‌لی مه‌ردان و محه‌مه‌دی ماملێ و ته‌نانه‌ت له‌ناو گۆرانی بێژانی كرمانجی، وه‌ك مامۆستا عارف جزیری و حه‌سه‌ن جزیری له‌م كه‌ڵه هونه‌رمه‌ندانه كه‌ڵكم وه‌رگرتووه.
سه‌باره‌ت به دڵنیاخانی كچت كه ئێستا له بواره‌كه‌ی به‌ڕێزتاندا كارده‌كات، بۆ ئه‌و چی ده‌ڵێیت، ئایا ئه‌مه ئاواتی تۆبووه؟
دیاره پێشتر حه‌زم نه‌ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا زۆر حه‌ز ده‌كه‌م هه‌م وه‌كو باوكێك هه‌م وه‌كو هونه‌رمه‌ندێك له ئێستاشدا خه‌ریكی دانانی چه‌ند ئاوازێكی تازه‌ین بۆی ئه‌وه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه به خۆیه‌وه، ئه‌گه‌ر خۆی بیه‌وێت ئێمه ئاماده‌ین زیاتر هاوكاریی بكه‌ین.
له كاره‌كانی به‌ڕێزتدا تاچه‌ند مۆركی كوردایه‌تی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه؟
ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم سیاسییه‌كانیش ئه‌وه ده‌زانن كه هونه‌ر ده‌ورێكی باش ده‌بینێت له بردنه پێشه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا له ناساندنی، له هۆشیار كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا، ئه‌گه‌ر كورته‌یه‌ك بگه‌ڕێیه‌نه‌وه بۆ دواوه، ئێمه به‌و سرودانه‌ی كه ده‌مان وت كارێكمان ده‌كرد، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی خه‌ڵك ده‌وروژا، ده‌هاتن ده‌بوونه پێشمه‌رگه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له هونه‌ری كوردیدا من هیچ ئینتمایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی نابینم .
به‌ڕێزت بێجگه له كاری هونه‌ریی به چی تره‌وه سه‌رقاڵی؟
من به‌ڕاستی به نووسین و باخداری و به خێوكردنی باڵنده‌وه سه‌رقاڵم، هیچ كارێكی ده‌وڵه‌تیم نییه.
ئه‌و خواردنانه‌ی ناسری ڕه‌زازی زیاتر حه‌زی لێیه چییه؟ ئایا ده‌ستی خواردن دروستكردنت هه‌یه؟
ده‌ستی خواردنم هه‌یه خراپ نییه نان باش ده‌كه‌م، كه‌لانه دروست ده‌كه‌م، به‌ڵام قه‌ت نابم به شاگردی (ئێران)ی خێزانم، چونكه ئه‌و زۆر شاره‌زایه، هه‌روه‌ها
من ئه‌وه‌نده نه‌وسنیش نیم حه‌زیشم له خواردنه، به‌ڵام نازانم له‌م دواییانه‌دا تۆزێك خواردن كه‌م ده‌خۆم حه‌زیشم له چێشتی ته‌ڕه.
له ئێستادا تاچه‌ند له ژیانی خێزانیتدا ئاسوده‌یت، ئایا ئاسوده‌بونت بوه‌ته پاڵنه‌رێكی گه‌وره بۆ ده‌نگ و ڕه‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ت؟
به‌ڕاستی له ژیانی خێزانیم له‌گه‌ڵ ئێران‌دا زۆر به‌خته‌وه‌رم و هیچ كێشه‌یه‌كی خێزانیم نییه، دیاره هیچ خێزانێكیش له كێشه به‌ده‌ر نییه.
هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی له كۆتای گفتووگۆكه‌دا وتی: "له كۆتایدا داوا له ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان ده‌كه‌م بایه‌خ به كاری زمانه‌وانی و ڕسته به‌ندی و خاڵ دانان بده‌ن، هیواداریشم له داهاتوودا زمانی كوردی لانی كه‌م به‌شه سۆرانییه‌كه‌ی كه به‌هه‌ڵه سۆرانیان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه، ده‌بوو موكری بوایه به‌شه موكرییه‌كه‌ی ڕێنووسێكی باش و ڕێك و پێكی هه‌بێت".
خه‌ندان
| < پێشتر | دواتر > |
|---|







