ماڵه‌وه‌ هونه‌ر كوڕی خوار 18 ساڵ و ئافرەتی خوار 30 ساڵ مافی نیشتەجێبوونی بەتەنیای نییە

شـه‌فــه‌ق نــیوز

كوڕی خوار 18 ساڵ و ئافرەتی خوار 30 ساڵ مافی نیشتەجێبوونی بەتەنیای نییە

ئیمه‌یل چاپی بکه PDF
نرخاندنی به‌کارهێنه‌ر: / 0
خراپباش 
بەهەر دەردێك بوو، نەوزاد لەگەڕەكی قڕگەی شاری سلێمانی خانووێكی بۆ نیشتەجێبوونی خۆی دروستكرد،

بەڵام ئێستا كێشەی ئەو گەنجە ئەوەیە ناتوانێ لەناو خانووەكەیدا نیشتەجێ بێت "ئاسایشی سلێمانی رێگە نادەن بەتەنها لەو خانووەدا بم". بەڕێوەبەری باجی خانووبەرەش دەڵێ "كوڕی خوار تەمەنی 18ساڵ و ئافرەتیش كە لە 30 ساڵ كەمتر بێت، رێگەی نیشتەجێبوونی بەتەنیای پێنادرێت".

نەوزاد فایەق، 29 ساڵ، باس لەوە دەكات كە نیشتەجێیی (سوكنا) بۆ خانووەكەی ناكەن و دەڵێت "ساڵێك زیاترە لەگەڕەكی قڕگەی كۆن خانووەكەم تەواو كردووە كە بە زەویەكەیەوە زیاتر لە 50 هەزار دۆلاری تێچووە، كەچی باجی خانووبەرەی سلێمانی (سوكنا) بۆ خانووەكەم ناكەن و بەمەش ئاسایشی سلێمانی رێگە نادەن بەتەنها تێیدا بژیم، لەبەرامبەریشدا باجی ساڵانەی خانووبەرەم لێوەردەگرن و حیسابی چۆڵی بۆ دەكەن"، نەوزاد گوتیشی "بەهۆی ئەوەی نیشتەجێی بۆ خانووەكەم نەكراوە تەنانەت ئاویشم پێنادەن، ئەگەر بمەوێت بەقاچاخیش لەناویدا بژیم دەبێ هەفتەی 2 جار 40 هەزار دینار بە ئاو بدەم".

نەوزاد یەكێكە لەو گەنجانەی حەزدەكات لە خانووەكەی خۆیدا بە تەنیا بژی "بە ڕاستی ئەمە نەبوونی ئازادی تاكە و پێچەوانەی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤە".

بەڕێوەبەرایەتی باجی خانووبەرەی سلێمانی نیشتەجێی بۆ ئەو خانووانە ناكات كە كەسێك بەتەنها تێیدا دەژێت، بەبیانووی ئەوەی كە ئەو تاكە كەسانە بۆ ئەوەی لەباجی ساڵانەی خانووبەرە رزگاریان بێت، داوای نیشتەجێی بۆ خانووەكانیان دەكەن جیا لە خانووی ماڵی باوانیان.

رێزان سلێمان حەمەجان، بەڕێوەبەری باجی خانووبەرەی دووی سلێمانی لەوبارەوە گوتی "لەڕووی یاساییەوە خانوو بۆ گەنجێك كە بەتەنها تێیدا بژێت نیشتەجێی بۆ دەكرێت، بەمەرجێك تەمەنی لەسەرووی 18 ساڵیەوە بێت، بەڵام ئەگەر لیژنەكانی خەمڵاندن بۆیان دەربكەوێت كە ئەو گەنجە خۆی لەباجی خانووبەرە دەدزێتەوە، نیشتەجێی (سوكنا)ی بۆ ناكەین". ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی "نیشتەجێی بۆ ئافرەتی خوار تەمەن 30 ساڵیش ناكەین، لەبەرئەوەی قەناعەتمان وایە ئەم كۆمەڵگەیە رێگە نادات ئافرەتێكی گەنج بەتەنها لەخانوویەكدا بژیت"، هەروەها پێیوایە ئەگەر ئەو ژنە ماڵە باوكیشی نەبێت خۆ خزم و كەسوكاری هەیەو رێگە نادەن ئەو ئافرەتە بەتەنها لەخانوویەكدا بژیت. سەبارەت بەباجی ساڵانەی خانووبەرە، رێزان حەمەجان گوتی "ئەگەر خاوەن خانوویەك، خانووێك دروست بكات و نەیداتە كرێ، داوا بكات لەبەڕێوەبەرایەتیەكەمان كە بەچۆڵ بۆی بنووسین، ئەوكات بەچۆڵ بۆی تۆمار دەكەین و ساڵانەی لێوەرناگرین، بەڵام لیژنەی هەفتانەمان هەیەو سەردانی ئەو خانووانە دەكەن و پرسیار لەدراوسێكانیان دەكەن، ئەگەر بۆیان دەركەوت كرێچی تێدایە، ئەوكات بەپێی شوێنی خانووەكەو نرخی زەوی و خانووی ئەو ناوچەیە بڕی %4ی خەمڵاندنی نرخی خانووەكەی لێوەردەگرین، بەڵام ئەگەر خاوەن خانوویەك داوا لەئێمە نەكات بەچۆڵ خانووەكەی بۆ تۆمار بكەین، تەنانەت ئەگەر چۆڵیش بێت هەر ساڵانەی لێوەردەگرین".

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئاسایشی سلێمانی گوتیان "هەر كەسێك تەمەنی یاسایی تەواو كردبێت، بەپێی یاسا ئازادە لەخانووی خۆیدا بژیت و ئێمە هیچ رێگرییەكی لێناكەین، بەڵام دەبێت مامەڵەی موختار و خۆناساندن بە ئاسایش بكات".

 

 

فەرمان خێڵانی/ ڕووداو

 

 

Share/Save/Bookmark
 

radio shafaq live

رادیۆ شه‌فه‌ق 102FM

گۆڤاری گوڵ سوو 89

كتێبخانه‌ی ئه‌ليكترؤنی

مــێـژوو

شيعر وئه‌ده‌ب

SEARCH