بە كڕینی خانوو، زێر بۆ ژنی یەكەمیان، بەشێك لەپیاوان هەوڵی رازیكردنی ژنەكانیان دەدەن بۆ ئەوەی رازیبن
ژنی دووەمیان بەسەر بێنن. وتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری دەڵێ "ئەگەر بۆ دادگا بسەلمێ رەزامەندی ژنەكە لەرێگەی ئیغراكردن و گوشارەوەیە، دادگا ئەو هاوسەرگیرییە رەتدەكاتەوە".
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەری بەتەنیا لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 135 پیاو لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان، رێپێدانی ژنی دووەمیان بەدەستهێناوە، لە بەرامبەریشدا هەر لەم ماوەیەدا 2274 تەڵاق و 1259 جیابوونەوەو 21433 گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمار كراوە.
ئاری، ناوی خوازراوی گەنجێكە، مانگی رابردوو دوای هەوڵ و گوشارێكی زۆر، بەتاپۆكردنی خانووێك لەسەر ژنی یەكەمی، ژنەكەی بردە دادگا و لەبەردەم دادوەری دادگای هەولێر رازیبوونی خۆی نیشاندا، ژنی بەسەر بێ. ئەو، سێ هەفتەیە ژنی دووەمی گواستووەتەوە، هەرچەند هێشتا لەمانگی هەنگوینی دایە، بەڵام لەئێستاوە درك بەهەڵەی خۆی دەكات و دەڵێ "هەست دەكەم كارێكی باشم نەكردووە".
ئاری تەمەنی 36 ساڵە و مامۆستایە، سێ منداڵی لە ژنی یەكەم هەیە، هۆكاری ژنهێنانی دووەمی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە لەگەڵ ژنی یەكەمی لە یەكتر تێناگەن "ناتێگەیشتنێكی تەواو لەنێوان بیركردنەوەی من و هاوسەری یەكەمم هەبوو، بۆیە هەستم بەچێژی ژیانی هاوسەرگیری نەدەكرد، لەبەر منداڵەكانیشم نەمدەتوانی تەڵاقی بدەم، بۆیە هێنانی ژنی دووەمم بەباشترین چارەسەر زانی".
بۆ رێگە گرتن لەفرە ژنی پەرلەمانی كوردستان لە 13/11/2008 یاسای باری كەسی هەموار كردو فرەژنی مەرجدار كرد، مەرجەكانیش بریتین لە وەرگرتنی رەزامەندی ژنی یەكەم لەبەردەم دادوەر، توانایی دارایی پیاوەكەو دابینكردنی دادپەروەری (مادی و مەعنەوی) لەنێوان هاوسەرەكان، ژنی یەكەم نەخۆشی درێژخایەنی هەبێ، كە رێگە لەكاری سەرجێی ژن ومێردایەتی بگرێت و ئومێدی چاكبوونەوەی نەبێت، یاخود نەزۆك بێ، هەردوو حاڵەتەكەش دەبێ بەراپۆرتی لێژنەی تایبەتی پزیشكی سەلمێنراو بێ.
پارێزەر ژیان گەردی، یەكێكە لەو پارێزەرانەی لەدادگاكانی هەرێمی كوردستان زیاتر كار لەسەر دۆسیەكانی باری كەسی دەكات، دەڵێ "دەقی یاساكە روونە، ئەگەر دادوەرەكان جێبەجێی بكەن پیاو زۆر بەزەحمەت دەتوانێ رەزامەندی دادگا بەدەست بێنێ، بەڵام بەشێك لەدادوەرەكان بڕوایان بە یاساكە نییە، بۆیە وەك پیاوێك مامەڵە لەگەڵ بڕگەو مادەكانی یاساكە دەكەن و ئاسانكاری بۆ ئەو پیاوانە دەكەن كە دەیانەوێت ژنی دووەم بێنن".
ئاری، كەژنەكەی نەزۆك نییە هیچ نەخۆشیەكی نییە،توانیویەتی رەزامەندی دادگا بەدەست بهێنی بۆ هێنانەوەی ژنی دووەم و دەڵێ "كاتێك هاوسەری یەكەمم زانی سوورم لەسەر ژنهێنان، بەو مەرجە رازی بوو، كە هەندێك زێڕی بۆ بكڕم و خانووێكیشی لەسەر تاپۆ بكەم"، سەبارەت بە رازەمەندیی دادگاش، ئاری گوتی "لەرێگەی هەندێك برادەر توانیم دادوەر رازی بكەم".
ژیان گەردی پێیوایە زۆربەی ئەو ژنانەی لەبەردەم دادگا رازی دەبن مێردەكانیان ژنی دووەم بهێننەوە یان پاڵەپەستۆی دەرەكیان لەسەرە یان بێهیوابوونە لەوەی مێردەكانیان ژنی دووەم دەهێننەوە تەنانەت ئەگەر بەتەڵاقدانی ئەوانیش بێت "بۆیە بەكرینی زێر یان تاپۆكردنی خانوو یان شتی دیكە لەبەردەم دادگا رەزامەندی دەدەن".
دادوەر عەبدولباست فەرهادی، وتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری كوردستان و جێگری سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر رەتیكردەوە دادوەرەكان ئاسانكاری بۆ هێنانی ژنی دووەم بكەن و گوتی "ئەو پیاوانەی لەدادگاكانی هەرێمی كوردستان رێگەیان پێدراوە ژنی دووەم بێنن، دادگا هەموو مەرجە یاساییەكانی لەسەر جێبەجێكردوون"، فەرهادی گوتیشی "ئەگەر لەكاتی رێكاری ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیریەكە بۆ دادگا روونببێتەوە، پیاوەكە بەهۆی پاڵەپەستۆ یان بە هەڕەشەكردنی تەڵاق یان بەپێدانی خانوو و زێر ژنی یەكەمی ئیغراكردبێت و رەزامەندی بەدەستهێنابێ، ئەوا بۆ دادگا هەیە گرێبەندی هاوسەرگیریەكە هەڵبوەشێنێتەوە".
دادوەر عەبدولباست فەرهادی، ئاماژەی بەوەدا ئەو مەرجانەی كەبۆ هینانەوەی ژنی دووەم لەیاسای باری كەسی هەرێمی كوردستان دانراوە، سەرەڕای توندییان %100 نەیتوانیوە ببنە بەربەست لەبەردەم هێنانەوەی ژنی دووەم "زۆربەی ئەو پیاوانەی ئێمە رەزامەندی لەسەر هاوسەرگیرییەكەیان نادەین پەنا دەبەنە بەر دادگاكانی مەخمور و كەركووك و مووسڵ".
ژیان گەردی، جەخت لەسەر هەمان بۆچوون دەكاتەوە، دەڵێت "رێژەی ئەو پیاوانەی هەرێمی كوردستان كە پەنا دەبەنە بەر دادگاكانی عێراق بۆ هێنانی ژنی دووەم، ژمارەیان زۆر لەو پیاوانە زیاترە كە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان ژنی دووەمیان هێناوە".
| < پێشتر | دواتر > |
|---|







