له‌تیف حسێن
كۆمه‌ڵگه بوو، ڕێكخراوه ناحكومیی و سه‌ربه‌خۆكانی تایبه‌ت به ژنان خۆیان بوون، چونكه ئاشكرایه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه سیستمی پیاوسالاری پیاده‌ده‌كرێ و پیاو هه‌موو شته‌كانه و سه‌روه‌ری كۆمه‌ڵگه و خێزانه، ئاله‌م كۆمه‌ڵگایانه‌دا هه‌میشه ژن ده‌بێت خۆی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی خۆیدا ئاماده‌بكات كه كۆمه‌ڵگه بۆی فه‌راهه‌م ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆی به‌ره‌وپێشچوونی كۆمه‌ڵگه و بیر و هزری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی سه‌باره‌ت به ژن و مه‌سه‌له‌كانی تاڕاده‌یه‌كی باش مه‌سه‌له‌كانی ژنان و دۆزی ژنان هه‌نگاوی باشی به‌ره‌و چاره‌سه‌ر و كه‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌و ئازار و مه‌ینه‌تییانه ناوه، ئاله‌م سه‌روبه‌نده‌شدا به‌هۆی ڕووداوه كاره‌سات ئامێزه‌كان كه تووشی ژنان و كچانی ئێمه بوویه‌وه و له‌ژێر فشاری ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و سه‌نته‌ر و ڕێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به ژنان و كچان و پێویستی و به دیفاكتۆبوونی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ژنان و كچان و مه‌سه‌له‌كه‌یانی خسته ناو ئه‌جێندای كاره‌كانیانه‌وه له‌به‌رئه‌وه حكومه‌ت باوه‌ڕی به‌وه هه‌یه كه ژنان نیوه‌ی كۆمه‌ڵن و شان به‌شانی پیاو ده‌توانن ئه‌مانیش شت بن بۆیه ناكرێت به‌رنامه‌ی تایبه‌تی بۆ دانه‌نێت.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه ساڵانی ڕابردوو له كوردستان و له شارێكی وه‌ك سلێمانی له‌گه‌ڵ زۆری ڕێكخراو و سه‌نته‌ره‌كانی تایبه‌ت به ژنان، بایه‌خدان به‌كێشه‌كانیان و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان، به‌ڵام هێشتا چاره‌سه‌ر و به‌هاناوه‌چوونی ژنانی توندوتیژی به‌رامبه‌ركراو به‌س نه‌بوو بۆئه‌وه‌ی ژنان و كچان پارێزگاری لێبكه‌ن، به‌ڵكو پێویستیشیان به مه‌ئوایه‌ك هه‌یه بۆ پاراستنیان، چونكه زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئه‌م توێژه ده‌بێته‌وه هۆكاره بۆ ڕاكردن له‌ده‌ست مه‌رگ و له‌ده‌ستی چه‌پۆكی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز و توندوتیژدا، بۆیه له‌م سۆنگه‌یه‌وه یه‌ك دوو ڕێكخراو توانیان به‌هاوكاری خه‌مخۆرانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه یه‌ك دوو شێڵته‌ر بكه‌نه‌وه و بتوانن ژنان و كچان له هه‌ڕه‌شه و كوشتن بپارێزن، كه به‌ڕاستی ئه‌مه‌ش بناغه‌یه‌كی باش بوو بۆئه‌وه‌ی چیدی ژنان و كچان له بێده‌نگبوونیان له‌ئاست ئازاره‌كانیان حه‌یران نه‌بن و دۆش دانه‌مێنن و بتوانن به‌خواستی خۆیان سكاڵا بكه‌ن و په‌نا بۆ ئه‌و شێڵته‌رانه‌ش ببه‌ن تا ئه‌وكاته‌ی كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر ده‌بێت، جگه له‌مه بوون و دامه‌زراندنی ئه‌و شێڵته‌رانه ڕێگه‌ی بۆ ئه‌وه خۆشكرد كه ژنان و كچان له‌بری ئه‌وه‌ی كه په‌نا بۆ خۆكوشتن و خۆسووتاندن ببه‌ن به‌هۆی په‌نگخواردنه‌وه‌ی ئه‌و ئازارانه‌ی كه نه‌یده‌توانی باسیان لێوه بكات، په‌نا بۆ ئه‌و شوێنانه ببه‌ن و سكاڵای خۆیان بكه‌ن كه جاران ئه‌مه نه‌بوو.
ئه‌وه‌ی من لێره‌دا مه‌به‌ستمه قسه‌كردنه له‌سه‌ر كارنامه‌ی حكومه‌ت و بایه‌خدان به‌مه‌سه‌له‌كانی ژنان و ئه‌و پێشكه‌وتنه به‌رچاوه‌ی بارودۆخی ژنانه كه له‌كوردستاندا له‌بواره‌كانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌خۆیه‌وه بینیویه‌تی و حكومه‌تیش به‌جددی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی كرده كاری خۆی كه ئه‌مه‌ش جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه، هه‌روه‌ك پێشتر باسم لێوه‌كرد بوونی یه‌ك دوو شێڵته‌ری تایبه‌ت به پاراستنی ژنان و كچان، مه‌سه‌له‌ی شێڵته‌ر له كوردستان بووه جێگه‌ی قسه‌وباس و هه‌ندێك ڕێكخراوی تر له كوردستان چه‌ند شێڵته‌رێكی دیكه‌یان كرده‌وه و توانیان ببنه په‌ناگا بۆ ژنان و كچانی هه‌ڕه‌شه‌لێكراو، ئه‌گه‌رچی نه‌شتوانرا ڕێگه له كوشتن و سووتاندن و توندوتیژی ژنان و كچان بگیرێت، به‌ڵام گومانی تیانییه بووه هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ساتانه و هه‌نگاوێكی زۆرباشیش بوو به‌ئاڕاسته‌ی بردنی كۆمه‌ڵگه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ناتوندوتیژی.
حكومه‌تی هه‌رێم ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه بایه‌خی زیاتر به مه‌سه‌له‌ی ژنان ده‌دات، ئه‌ویش وه‌ك باسمكرد كۆمه‌ڵێك هۆكاری خۆی هه‌بوو، كه دیارترینیان كاره‌ساته‌كانه كه به‌سه‌ر ژناندا هات و بوونه فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی كه حكومه‌ت مه‌سه‌له‌ی ژنان بخاته كارنامه‌ی خۆیه‌وه و گرنگی پێبدات، چونكه زۆرێك له‌و كاره‌ساتانه زۆر به‌خێرایی به‌دونیای ده‌ره‌وه‌دا بڵاوبوویه‌وه و هه‌ندێكجار خه‌ریكبوو سیمای جوانی هه‌رێم تێكبدات، بۆیه بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و كاره‌ساتانه جێی خۆیه‌تی حكومه‌ت كه بایه‌خ به‌م مه‌سه‌له‌یه بدات، هه‌ربۆیه كابینه‌ی پێشوو كابینه‌ی ئێستاش به‌جددی كار بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌كات و به‌جددی وه‌ریگرتووه هه‌رچه‌نده كه‌موكوڕیشی تێدایه، به‌ڵام ده‌كرێت كاری باشتری بۆ بكرێت ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌ر به‌و كاره‌ساتانه بگرین كه به‌سه‌ر ژنان و كچاندا دێن.
كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌بری ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی كه له كابینه‌ی پێنج‌دا هه‌بوو كه تایبه‌ت بوو به ژنان و پاش نه‌مانی، ئێستا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تایبه‌ت به ژنان و به‌دواداچوونی كێشه‌كانیان هه‌یه و له‌گه‌ڵیشیدا كار بۆ دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان كراوه، به‌ڵام پشتگوێ خراوه و ناكه‌وێته سه‌رپێ به‌و ئومێده‌ی زوو سه‌رپێ بكه‌وێت، هه‌وڵیداوه له‌م ڕێگه‌یه‌وه كار بۆ ژنان و مه‌سه‌له‌كانیان بكات.
من لێره‌دا ده‌مه‌وێت چه‌ند تێبینییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ی كه له شاره‌كاندا هه‌ن و كار ده‌كه‌ن بۆ ژنان و مه‌سه‌له‌كانیان و پاراستنیان بخه‌مه‌ڕوو، چونكه كه‌مێك سه‌روكارم له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌یه و له‌نزیكه‌وه ئاگاداری ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه و شێڵته‌ره‌كانی هه‌م، بۆیه مادام حكومه‌ت كاری بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه كردووه نابێت كه‌موكوڕییه‌كانی به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا كه هه‌یه بمێنێته‌وه، ناشڵێم نابێت كه‌موكوڕی هه‌بێت، به‌ڵام با كه‌موكوڕییه‌كان كه‌م بێت و ئیشه‌كان زۆر بن، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌دواداچوونی توندوتیژی ژنان له سلێمانی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه دامه‌زراوه و شان به‌شانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌كانی دیكه كار ده‌كه‌ن و شێڵه‌ته‌ری تایبه‌ت به پاراستنی ژنانی تیایه، به‌ڵام پێمخۆشه ئه‌م سه‌رنجانه له‌سه‌ر ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه و ئه‌وانی دیكه‌ش كه بێگومانم ئه‌وانی تریش ئه‌و كێشانه‌یان هه‌یه بخه‌مه‌ڕوو ئه‌گه‌ر به‌كورتیش بێت.
* به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی توندوتیژی سلێمانی له‌شوێنێكدایه، خه‌ڵكی ئاسایی و بێ كێشه‌ش سه‌ردانی ده‌كات، هه‌ست به‌ناڕه‌حه‌تییه‌كه‌ی ده‌كات، كه له‌شوێنێكی زۆر نه‌گونجاودایه و شێلته‌ره‌كه‌شیان له‌شوێنێكی دیكه‌دایه و دوورن له‌یه‌ك و كۆنترۆڵكردنی كه‌مێك زه‌حمه‌ته و ئاگایان له‌یه‌كتری نییه، ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی كه شوێنی شێڵته‌ره‌كه و كه‌موكوڕییه‌كانی نامه‌وێ باسبكه‌م، جگه له‌وه‌ی ئه‌مه بۆخۆی بۆ سه‌لامه‌تی ئه‌و حاڵه‌ت و كه‌یسانه‌ی كه سه‌ردانی ئه‌و شوێنه ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی كێشه‌كانیان كارێكی باش نییه و پێویستی به هه‌رچی زووتری چاره‌سه‌ری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هه‌یه ئه‌گه‌رچی خراوه‌ته به‌رنامه‌ی كاره‌وه چاره‌سه‌ربكرێت، ده‌بێت بینایه‌كی هاوچه‌رخ و نوێ و به‌پێی ستاندارد دروستبكرێت و شێڵته‌ره‌كه‌ی وه‌ها دروستبكات كه سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كان له‌خۆبگرێت و گونجاو و شیاوبێت، نه‌به‌هه‌شت بێت و نه‌جه‌هه‌نه‌م.
* نه‌بوونی سه‌ڵاحیاتی ماددی و هه‌ندێك كاری تر له‌ناو شێڵته‌ردا و بوونی ڕۆتیناتێكی ئیداری زۆر له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا زیان به كه‌یس و خاوه‌ن كێشه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، ده‌بێت بیر له دانانی به‌رنامه‌یكی گونجاو بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆتینات له‌ناو ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌دا كه‌مبكرێته‌وه و بۆ هه‌مووشتێك پێویست به كتابوناو كتابوكم نه‌بێت، چونكه ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی ئینسانیانه‌یه نه‌ك پرۆژه و بینا و باخچه دروستكردن.
* ئه‌گه‌رچی ئه‌م شوێنه كارمه‌ندی دڵسۆزی تێدایه، به‌ڵام هێشتا له‌ئاست پێداویستییه‌كانی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌دا نین، ئه‌م شوێنه پێویستی به خه‌ڵكی پسپۆڕ له‌بواره‌كانی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه نه‌ك خه‌ڵك و شاره‌زای تر، كه بوونی ئه‌مجۆره كه‌سانه كه‌مه و ده‌بێت كار بۆ ئه‌وه بكرێت كه خه‌ڵكی پرۆفیشناڵی زیاتر دابمه‌زرێت و ئیمان و باوه‌ڕیان به مه‌سه‌له و دۆزی ژن هه‌بێت و دڵسۆزبن بۆ كاره‌كانیان.
* دانانی مه‌رج بۆ وه‌رگرتنی كه‌یس و حاڵه‌ته‌كان ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه كێشه‌یه، ده‌بێت ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه، شوێنێكی گه‌روه و فراوانی هه‌بێت و مه‌رج بۆ وه‌رگرتنی كه‌یس دانه‌نێت و هه‌موو ئه‌و ژن و كچانه وه‌ربگرن كه ده‌بنه خاوه‌نی كێشه و ته‌نانه‌ت ئه‌و ژن و كچانه‌شی به‌هۆی نه‌بوونی كه‌سوكاره‌وه دووچاری كێشه و گرفت ده‌بنه‌وه، ده‌بێت ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیانه پۆڵێنبه‌ندی بۆ حاڵه‌ته‌كان بكات و هه‌موویان به‌پێی جۆری كێشه‌كان دابنرێن و كاریان بۆ بكرێت.
من ئه‌مه‌م به‌كورتی له‌م چه‌ند خاڵه‌دا وه‌ك تێبینی و كه‌موكورتی خسته‌ڕوو، به‌و ئومێده‌ی پاش ئه‌م نووسینه وتاری تر و مه‌سه‌له‌ی تری تایبه‌ت به‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه بوروژێنرێت، چونكه ناتوانرێت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به نووسینێك و چه‌ند وتارێك بخرێته‌ڕوو، هه‌رچه‌ند پێویستی به‌توێژینه‌وه هه‌یه، به‌ڵام خۆ ناشكرێت هیچ نه‌وترێت تا توێژینه‌وه ده‌كرێت، هیواموایه حكومه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌دواداچوونی توندوتیژی ژنان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی دیكه كاری زیاتر و هه‌وڵی زیاتر بده‌ن بۆ باشتركردنی كار و خزمه‌ته‌كانیان، چونكه من پێموایه ئه‌م مه‌له‌فه له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ته‌سلیم به‌م شوێنانه ده‌كرێته‌وه و ده‌بێته ئه‌ركی سه‌ره‌كی حكومه‌ت كه پارێزگاری له كه‌یس و هه‌ڕه‌شه‌لێكراوان بكات، بۆیه پێویستی به پێداچوونه‌وه‌ی جددی هه‌یه له‌سه‌ر كار و چالاكییه‌كانیان و پێویستیشه حكومه‌ت هاوكاری زیاتریان بكات.| < پێشتر | دواتر > |
|---|







